زێنەب یووسفی
نیکۆلۆ ماکیاوڵی خەڵکی ئیتالیا (١٤٦٩-١٥٢٧) لە بنیاتنەرەکانی بنەمای کۆمەڵگای مەدەنی بوو، بەڵام لە درێژەی مێژوودا بە کردەوە بنەماکانی ئەو له بۆ حاکمان و فەرمانڕەوایانی لاسار و دژە خەڵک بەکار هێنراوە تاکوو کۆمەڵگا مەدەنییەکان.

خاڵی سەرەتایی تیۆری داڕشتنەکانی ماکیاوڵی فرەتر له ڕوانگەی ئاگوستینییەوە سەر هەڵدەدات و لە بارەی سروشتی مرۆییدایە. لە نیگای ئاگۆستیینەوە دو کارەساتی مەزن واتە:” دابەزینی مرۆڤ و ڕزگار بوونی ” لە ”گەڵ شەهید بوونی عیسای مەسێح ”، ببووە هۆی دەرکەوتنی دوو جوۆرە مرۆڤ: مرۆڤی هەڵبژاردە و مرۆڤی نەحلەت کراو، کە هەر کام لەم جۆرە مرۆڤە کۆمەڵگای تایبەتی خۆی لەگەڵ بایخە شازەکانیدا بنیان ناوە. لە نیگای ئاگۆستیینەوە بایخەکانی کۆمەڵگای مرۆڤی نەحلەت کراو بایخگەلێکی فرە کەرەستەییە و خودی مرۆڤیش بە پێوەری بایخەکان دابین دەکرێت بەڵام بایخەکانی کۆمەڵگای مرۆڤی هەڵبژاردە وەک مەعنەوییەت و ڕۆحە و خودا پێوەری بایەخی ئەم جۆرە کۆمەڵگایانەیە.

لە سەر ئەم تەسدیقەیە کە ماکیاوڵی لە ”شاریار”دا دەڵێت: خەڵکی کۆمەڵگای نەحلەت لێکراو وەکوو خەڵکێکی ناسپاس و فێڵباز و ساختەچی دەزانێت کە تەماحکارانە لە ”مەترسی” ڕوو هەڵدەگەڕێنن و روو لە قازانچ دەکەن.” لە نیگای ماکیاوڵییەوە ”خەڵک” بێ ئاکار و شەرورن و سروشتیانە نەیارن و لە کاتێکی گونجاودا ئەو ناحەزییە پیشان دەدەن.”

ماکیاوڵی دەڵێت:” خەڵک بە پێچەوانەی ئاخافتنی پاک داوێنانە ،ئەوەی کە لە کردەوەدا لە دووییدان خێرگەلی دنیایی وەکوو شکۆ وخۆشگوزەرانی مادەییە.”واتە ئەم خەڵکە لە ڕواڵەتدا پاک داوێنن بەڵام لە ناخدا درۆزن و بەرژەوەندی خوازن. هەر چەن قسەی ماکیاوڵی رووی لە خەڵکانی بە نەحلەت کراوی شار یان کۆمەڵگەی زەوینە و ئەوان تۆمەتبار بە دوو ڕوویی دەکات بەڵام ئەم تیۆریەی ئەو، فرە لە ڕوانگەی شاعیری خۆش قسە واته حافیزی شیرازی دەکات .حافیز بە پێچەوانەی ئەو(ماکیاوڵی) ڕووی قسەی لە کۆمەڵەی کەمینەی مڵهۆڕدایە و لێرەدا به قازانچی گەل دەدوێت و دەفەرمێت:
پەندێران کە وا دەنوێنن لە میحراب و مینبەردا
هەرکە دەڕۆنە خەڵوەت دەکەونە کارێکیتردا
گرفتێکم هەیە لە بیرمەندی کۆڕ بپرسە
تەوبە فەرموودەکان بۆ خۆیان کەمتر دەدەن لە تەوبەدا
لە راستییدا ماکیاوڵی بە شاریار (حکوومەت) ئەم ئیزنە دەدات کە خەڵکان بە هیچ ژماردە بکات و لە دووی گەیشتن بە داخوازەکانی خۆی ئەوان بە ساکاری قوربانی بکات.

جیاوازی مرۆڤی ماکیاوڵی لە گەڵ مرۆڤی ئاگووستینی لەمە دایە کە ئینسانی ماکیاوڵی ناچار و مەحکووم بە ژیانی شاری زەوینی نییە لە لایەکیترەوە حەزی لە ئاخیرەتیش نییە بەڵام لە بەرانبەر پێداویستییەکانی سەردەمدا خۆ بەدەستەوە نادات و دنیاییە و بایەخەکانی ئەو شکۆ و بەرینی و هێزە و بایەخە ئاسمانیەکان نزمتر لەم بایخه زەوینییەکان دەبینێت. لەم ڕووەوە ڕوانگەی ئەو دژ بە ڕوانگەی ”ئاکویناس” ە که ئەویش لە بنیادنەرەکانی تیۆری کۆمەڵگەی مەدەنی هەژمار دەکرێت. ئاکویناس بەختەوەری مرۆڤ لە به جێهێنانی پێداویستییە دونیاییەکان و پەسڵانییەکاندا دەبینێت.

ماکیاوڵی لە باسی کۆمەڵگەی مەدەنیدا لە نێوان توانای حکوومەت و شارۆمەندەکان هاوسەنگییەک دادەمەزرێنێت کە ئەگەر ئەم پاڕادایمە لە هەر جۆرە سیستەمێکدا بە کار بهێنرێت ،دەرخەری ڕوانگەی ماکیاوڵییە لە بارەی پێوەندی گەل و حکوومەتدا.

لە مۆدیلی ماکیاوڵیدا دوو گرووپ هەبوونی هەیە: کەمینە یان چینی مەزەنان کە ئەوان بە ”پاتریسیه ن”گەل دەناسێنێت و گرووپی دووهەم زۆرینەن یان خەڵکی ئاسایی کە ئەوانە بە ”پۆلیب”گەل نێو لێ دەنێت.

نیکۆڵو ماکیاوڵی لە مۆدێڵی خۆیدا کەمینەکان یان هەڵکەوتەکان دادەسەپینێتە سەر زۆرینەکان یان خەڵکی ئاسایی لە ڕوانگەی ئەودا ئەم خەڵکە ئاساییە لە درێژەی ژیانی خۆیدا لە لایێکەوە بەردەوام بیر لە وەدەست خستنی سامان دەکاتەوە و لە لایێکیتریشەوە لە بیری ڕزگار بوون لە چوارچێوەی دەسەڵاتی هەڵبژاردەکاندایە. چوونکە حەزە نووستووە دەسەڵات خوازییەکەی ”زۆرینەکان” ئاساییە و لەوانیشەیە کە ئەو هەستە نادیارە هەردەم بەخەبەر بێتەوە و ببێتە هۆی مەترسی بۆ چینی هەڵکەوتە یان کەمینەی سەپێنەر. حەز لە دەسەڵاتخوازی دەتوانێت پلیکان بە دوای پلیکاندا بەرەو ترۆپک بڕوات تا ئەو ڕادەیە که بتوانێت دەسەڵات لە دەستی کەمینە و دەسەڵاتدار وەربگرێت.

لە مۆدێلی ماکیاوڵیدا پۆلیبەکان یان خود هەر ئەو جەماوەرە ئاساییە لە دووی زڵم و ئازار لە لایەن پاتریسیەنەکانەوە ،سەرەتا خوازیاری بەشێک لە دەسەڵات دەبن و پاشان کە تامی دەسەڵاتیان چەشت ،زۆرتریان دەوێ، کاتێکیش زۆرتر و زۆرتر خوازیاری ڕزگاری و دەسەڵات ببن ،کۆمەڵگەی کەمینە یان خود خاونگەل دەسەڵات دەبێ خێرا داخوازی ئەوان و بزوتنەوەی سەربەخۆیی و داخوازی بۆ ئازادییەکانیان لە ناو ببەن و بیخێنکێنن تاکوو لەم ڕێگەوە بتوانن بەردەوام هەموو دەسەڵات لە نێوان گرووپی خۆیاندا بهێڵێتەوە.

لەم نێوانەشدا زۆرینەی گەل هەندێ جار ڕەنگە بۆ وەرگرتنی هێمنایەتی ئابووری خۆیان ، لە داخوازەکان و لە ئازادییان چاوپۆشی و پاشەکەش دەکەن.

لە ڕوانگەی ماکیاوڵیدا هەر دوو گرووپەکەی کۆمەڵگا واتە کەمینە و زۆرینە لە دوو دۆخدان : یان لە دۆخی ئەخلاقمەندیدان یان لە گەندەڵی ، که بە گشتی ئەم دوو بارودۆخە دەتوانێت ڕەوتی دیسیپلینی ڕامیاری کۆمەڵگا دەربخات. بەو واتایە کە” ئەگەر بناغەی وڵاتێک لە سەر ”ئەخلاقمەندیدا” دابەسترا بێت ، بێ شک ‘ شێوازی [کۆماری] گونجاوترین حکوومەتە بۆ وەدەسخستنی ڕەزامەندی گەل . ئەگەریش بناغە و توخمی تووشی گەندەڵی بوو بێت هەلی دامەزراندنی حکوومەتی لاسار دەڕەخسێت.”

پوختەی بابەت دەتوانین بڵین کە لە کۆمەڵگای مەدەنی ماکیاوڵیدا ، حکوومەت دەبی توانای دامەزراندنی بارەتەقایی نێوان قازانچەکانی زۆرینە و کەمینەی لە سەر مۆدێلی باس کراوی پێ بیت.واتە دەوڵەت دەبێ هەوڵ بدات تاکوو بەردەوام هاوسەنگیەک لە نێوان دەسەڵاتی هەڵکەوتە بە سەر خەڵکی ئاساییدا هەبوونی ببێت کە بڕواتەوە سەر جێگر کردنی دیسپلین. دیسپلینی دلخوازی نیکۆلۆ ماکیاوڵی هەروەها دەسەڵاتی پاتیریسیەنەکانە بە سەر پۆلیپەکاندا لە گەردوونەیەکی هەتاهەتایی.

لە مۆدێلی کۆمەڵگای سیڤیلی ماکیاوڵیدا مانەوەی حکوومەت لە ملکە چی بوونی جەماور بۆ یاساکانی داسەپێندراودایە. ئەو جەماوەرەش کە کۆڵ نەدەنە یاساکان ،گەندەڵن و تەنیا لە یەک ڕێگەوە دەکرێت حکوومەت شەفا وەربگرێت و ئەوەش شتێک نییە جگە لە ”’ دەسەڵاتی تەنیا و تەنیا تاقە کەسێک بە سەر جەماوەردا کە لە گەڵ نواندنی یاساکان دەتوانێت ئەو شیفایە پێشکەش بکاتە دەوڵەت و جەماوەر.”

لە نیگای ئەودا کۆمەڵگای گەندەڵ تەنیا دەبێ لە رێگەی یەک حکوومەت یان یەک فەرمانڕەوا واتە ” شاریار ”ێکی ملهۆڕدا بەڕێەوە بڕوات.شاریار (فەرمانڕەوا) بۆ بەڕێەوە بردنی وڵات دەبێ بنەمای ئاکاری و ئایینیەکان بپارێزێت و لە بیری پەرەپێدانی دەسەڵاتدا ببێت.

لەم ڕووەوە ماکیاوڵی بڕوای بەوەدایە خەڵکانێک کە دێنە گۆڕەپانی ڕامیاریەوە دەبێ سەرەتا فێر ببن کە ”چلۆن دەتوانن باش نەبن” و یان لە بنیچەدا فڕیان بە سەر تیۆریەکانی مەسێحەوە نەبێت و لە فێر بوونی” شێوازەکانی دژە داوێن پاکی ” فرە تێبکۆشن و لە کاتی پێویستدا لەو شتانە کە فێر بوونە کەڵک وەربگرن.
دەوڵەت لە نیگای ماکیاوڵییەوە دەبێ بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆی تێبکۆشێت. فەرمانڕەوا نابێ پێی ناخۆش بێت که خەڵک پێی بڵێن ”دڵڕەق” یان لە پێکهێنانی خۆف و سام لە دڵی خەڵکدا نابێ بترسێت.

ماکیاوڵی هۆی سەرەکی ڕووخاندنی حکومەت یان فەرمانڕوا بە ”گەل” دەزانێت نە هۆکارە هەندەرانییەکان یان پیلانگێڕانی ناوخۆیی. چوونکە دەکرێت بیانییەکان و پیلانگێڕییەکانیان چار بکرێت بەڵام ئەو شتە کە چار ناکرێت هەروەها ناڕازی بوونی گەلە کە دەتوانێت بێتەوە هۆکارە سەرەکییەکەی لە ناو بردنی فەرمانڕەوا.

لە کۆتاییدا پێویستە سەرەنجی ئەو خاڵەش بدرێت کە لە مۆدێلی ماکیاوڵیدا کەنیسە و دەوڵەت لە یەکتر جیاواز نین چوونکە ماکیاوڵی دەیهەوێت ”لە ئایین، دینێکی حکوومی پێک بێنێت و لە گەڵ دەوڵەتدا یەکگرتنیان بۆ بکات و لەبەر ئەوە کە دەوڵەت بەنیازە دین پاڵپشتی لێ بکات.”

سەرچاوەکان:
١-کتێبی ”تیۆریەکانی کۆمەڵگای مەدەنی” ،دوکتۆر تەقی سەبزەیی.
٢-کتێبی ”ئینسان وکۆمەڵگا”: تیۆریەکانی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی لە ماکیاوڵی تا مارکس.وەرگێڕانی کازم فیرووزمەند.
٣- کتێبی ”دانشنامەی سیاسی” داریوشی ئاشووری.

ماستر لە کۆمەڵناسی