نووسەر: زێنەب یووسفی
لەوانەیە پێتدەکرا دەستە خوێنینەکانت لە رووباری هەڵپەڕکێی مندا بشۆیی کاتێک لەو سەرەوە خەریک بووم لە سەر عیرفانی ئاسمان هەڵدەپەڕیم….بریا ئەو شۆردنە واتە شۆردنی دەستە خوێنینەکانت لە رووبارەکەدا کاتێک کە لە سەر کڕیوەی ئەفسانەکانت هەڵدەپەڕیم ڕووی نەدەدا ، بەڵام گوایە تێناگەیت تۆ …بڕوا ناکەیت کە هیچ کانیاوێک ناتوانێت تۆ پاکژ بکاتەوە. دەستەکانت تا ئەو ڕادەیە خوێنین وگوناحکارن کە ئەگەر لە ئوقیانووسە مەزەنەکانیشدا بیانشۆریت هەمدیسان پاک نابنەوە و ئاوی ئوقیانووسەکەش پیس دەکەیت له دەرەنجامدا.

ئێستاکە لەم خوارەدا خەریکم هەڵدەپەڕم لە سەر هەنگاوەکانی شەیتان ، تۆش دیسانەوە شێتانە لە تەنیشتی ئەو کانیاوە چارەرشە ،ماندوو و داماو هەوڵ دەدەیت خوێن لە سەر دەستەکانت بسڕیتەوە….دەیانشۆریت، بەرد و خاکیان پێدادەسویت بەڵام خاوێن نابنەوە….. نا خاوێن نابنەوە.

هەمدیسان هەڵدەپەڕم لە سەر هەنگاوەکانی دەشت ، با ، چیا و شار و لە سەر هەنگاوەکانی مێژوو….هەڵدەپەڕم هەندێ جار لە لای سەرەوەی رووبارەکە و جار وباریش لە لای خوارووی رووبارە بێ هاوتاکە، بەڵام هێشتا تۆ حۆلانە خۆتی لێ گێل دەکەی، هێشتاکە تێنەگەیشتوویتە کە دەنگی هەڵپەرکێیەکانی من لە هەموو ریالیزمی تۆدا دەبیسترێن. وەرە.. وەرە دەستەکانت بشۆ.دڵنیام لە رەنگی بێ هاوتای هەڵپەڕکێم و لە تامی ئەم ئاورە سوورە و لە جامانەیەکی ئاڵا ئاسا پاکژیی دەدۆزیتەوە ئەمجارە…..