وەرگێڕانی: چنوور فەتحی
سەرەتاکانی پاندێمیی جیهانیی کۆڕۆنا، چەند دەزگایەکی چاپ و پەخشی نێونەتەوەیی، (بە دڵنیاییەوە بە نییەتی خێر) کۆمەڵێک تویتیان پۆست کرد برییتی لەوەی کە قەرەنتینەکان لەوانەیە کاریگەرییەکی لە سەر حاڵی چیرۆک‌نووسەکان، کە بە زۆری خۆیان کەسانێکی دوورەپەرێز و ڕاهاتوو بە کارکردن لە ماڵەوەن، نەبێت. گریمان کرابوو ڕۆماننوسەکان کە بە کارکردن لە دائیرەکان و ئەنجامدانی پڕۆژەی بەکۆمەڵ بیانین، کەمتر بکەونە بەر کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی ئەنجامی کۆڤیدەوە. بەڵام ئەزموونی من خۆم ڕێک پێچەوانەی ئەمە بوو. پەتای جیهانیی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ئەو ژیانەی دەمناسی، سەر و ژێری کرد. هونەرمەندان و نووسەرانیش سەبارەت بەو کێشە و گرفتانەی سەرجەم کۆمەڵگا ئەزموونی دەکرد، بەدەر نەبوون. ئەو بابەتە کە ئێمە بە ڕادەیەکی زۆر دەروونگەرا و ناوەنشینین بەو مانا نەبوو کە هاوڕێ لەگەڵ دیتران بۆ جیهانێکی سەییال فڕێ نەدرابێتین.

هەنووکە هەموومان لە حاڵی تێپەڕێن لە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگداین کە نەک تەنها بە هۆی پەتای جیهانیی ڤایرۆسی کۆڕۆناووە، بەڵکوو بە هۆی دۆخی زۆر نالەباری گۆڕانکارییە ئیقلیمییەکان، نایەکسانیی هەردەم زیادکەر و جەنگی ئەورووپا و شوێنەکانی دیکەی جیهانەوە بیچمی گرتووە. ئەو بڕیارانەی ئەمڕۆ دەیدەین، کاریگەریی لە سەر چۆنێتی و کوالێتیی ژیانی نەوەکانی دوایی دادەنێت. هیچکاممان دەرفەت و ئیمکانی دوورەپەرێزیی لە دیتران، خەمساردیی بەرامبەر بە کێشەکان یان بێکردی و پاسیڤ‌بوونمان نییە.

لە تازەترین ڕۆمانمدا بە ناوی “دوورگەی درەختە ونبووەکان”، یەک لە کەسایەتییەکان قسەیەک دەکات کە بەردەوام لە زەینمدا دووبارەی دەکەمەوە: “هەندێ چرکە لە ژیاندا هەیە کە هەموو مرۆڤەکان دەبێ بە جۆرێک ببنە پاڵەوان. گەر شاعیری لەگەڵ وشەکانت دەکەویتە جەنگەوە، گەر نیگارکێشی لەگەڵ نیگارەکانت… بەڵام ناتوانی بڵێی من شاعیرم، واز لە من بنێن. لە حاڵێکدا کە تا ئەم ڕادە لە ڕەنج، نایەکسانی و نادادپەروەری لە جیهاندا هەیە، بۆت نییە ئەم شتە بێنیتە زمان.” سەردەمی ئێمە سەردەمی تەشویش و دڵەڕاوکێیە و زۆربەمان لەگەڵ گەلێک هەستی نەرێنی لە تووڕەییەوە بگرە تاوەکوو ترس، لە داماوی و بێدەرەتانییەوە بگرە تاکوو سەرلێشێواوی بەرەو ڕووین. ئێمە قورسایی هەستێکی گرانمان لە سەر شانە، بەڵام گەر ئەم سەردەمە بگۆڕێت بۆ سەردەمی خەمساردی، جیهان دەبێتە شوێنێکی زۆر تاریکتر و ئەستەمتر بۆ ژیان.

کۆیەک چەمکی بنەڕەتیی لە ناوەندی زەروورترین باس و مشومڕەکانی ئەمڕۆدا بوونیان هەیە کە سەردەمانێکی دوور و درێژە بە حەتمی وەرمانگرتووە. هەندێ چەمکی وەک دیمۆکراسی، کۆمەڵگا، خێزان و ئازادی. بەڵام ئەم وشانە بە ڕاستی و بە وردی چ مانایەکیان هەیە؟ ئێستە ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کە زاراوە بنەڕەتییەکانمان پێناسە و دووبارە پێناسە بکەینەوە. پێچەوانەی ئەوەی کە تاچێر، ڕەیگان و هاوتەرازە نێونەتەوەییەکانی ئەوان لە ژێر ناوی “ڕاستی نوێ” بانگەشەیان بۆ دەکرد، شتێک بە ناوی “کۆمەڵگا” بوونی هەیە. پاندێمیی جیهانیی ڤایرۆسی کۆڕۆنا ئەم بابەتەی ڕوون کردەوە کە ئێمە کەسانێکی ئەتۆمیزە و جیا لە یەکدیی نین کە هەریەکمان لە سووچێکی ئەم بازاڕە ئازادەدا وازمان لێ هێنرابێت. وشەی “کۆمەڵگا” Society لە ڕیشەی لاتینی سوسیاتاس societas و لە سوسیوس socius بە مانای هاونشینی و هاوڕێیی وەرگیراوە. کاتێک کۆمەڵگا پێناسە دەکەین هاوکات ئەوە ش دیاریی دەکەین کە چ کەسانێک لە “ئێمە”ن و ئەنجام ئەوانەش کێن کە بە بەشێک لە “ئێمە” نایەنە ئەژمار.

ئێستا کاتیەتی کە یەک جار و بۆ هەمیشە ئەفسانە پۆپۆلیستییەکانی شوناس کە بوونەتە هۆی لێکدابڕان و دووبەرەکەیی و دەستەبەندیی خەڵک، وەلا بنێین.
ئەم جیهانی دوو جەمسەرییە و گرژییە بەردەوامەکانی، بەرەو بەرزنرخاندنی فرەچەشنی، پلۆڕالیزم و ڕەنگاوڕەنگی هانمان نادات. ئێمە بەردەوام کەم دەکرێینەوە و بۆ جێگیربوون لە قووتووی هاوشێوەدا دەخرێینە ژێر گوشارەوە. وشەی “شوناس” پێوەندییەکی قووڵ و سەرسەختانەی لەگەڵ چوونیەکی و هاوشێوەیی و وێکچوویی هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا شوناس زیاتر لەوەی کە نەگۆڕ بێت سەییالە، زیاتر لەوەی کە چوونیەک بێت، فرەچەشنە. نابێ تەقلیلگەرایەنە سەیری شوناس بکەین. دەتوانێ گەشە بکات و پەرە بگرێت ڕێک وەک ئەو شەپۆلە بازنەییە بچووکانەی لە سەر ئاو زیاد دەکەن. هیرۆکلس، لە یەکەم فەیلەسووفانی ڕەواقی، ئایدیای ئۆیکیسوس oikeiosis یان تیۆریی خزمایەتی (تعلق) belonging بە پێی بازنە هاوناوەندەکانی گەڵاڵە کردووە. لەم ئایدیادا، بچووکترین بازنە هێمای تاکە و ئەو بازنانەی ئەم بازنە بچووکەی ناوەندیان دەور داوە، هێمای خێزانی ناوەندی، خێزانی بەربڵاو، هاوشارییەکان، هاونیشتمانییەکان و لە کۆتاییدا سەرجەم مرۆڤایەتین.

سەردەمی پاندێمی جیهانیی ڤایرۆسی کۆرۆنا، کاتێکی باش بۆ پەسەندکردنی ئەم ئایدیا بوو. لە ڕاستیدا لە میانەی مەرگ و نەخۆشیندا، ئەو ئەگەرەش لە ئاردا بوو کە بتوانین مرۆڤایەتیی هاوبەش و پەیوەست بەیەکدیمان بە شێوەیک کە پێشتر ئیمکانی نەبوو، دەرک بکەین. هەرچەند تا ڕادەیەک لەم بوارەدا سەرکەوتوو بووین، بەڵام لە کۆتاییدا جارێکی دی ناکۆکی و دووبەرەکەییمان هەڵگیرساند؛ ناسیۆنالیزمی ڤاکسیناسیۆن. وڵاتانی دەوڵەمدندتر لە حاڵێکدا دەستیان کرد بە پاشەکەوت کردنی ڤاکسین کە لە زۆر شوێنی جیهاندا خەڵک ئەم ئەگەرەیان بۆ پارێزگاریی لە خود بۆ نەڕەخسابوو.

دواتر جەنگ لە ئەورووپا دەستی پێکرد و دوای هێرشی پووتین بۆ سەر ئۆکراینا، قەیرانێکی مرۆیی دزێو بە چاو دەبینین. دیسانەوە سیاسەتمەدارە پۆپۆلیستە دیماگۆگ و گێرەشێوێنەکان لە باتیی ئەوەی کە خەڵک پێکەوە ئاشت بکەنەوە و لە دەوری بەها هاوبەشەکان کۆیان بکەنەوە دەستیان داوەتە درووست کردنی دووبەرەکەیی لە نێوان مرۆڤایەتیدا. کاردانەوەی هاووڵاتییانی ئەورووپا بەرامبەر بە پەناخوازانی ئۆکراینی هیوابەخشە بەڵام گەر نەتوانین هەر ئەم ڕادە لە یەکگرتوویی و هەستیاریی بەرامبەر بە پەناخوازانی دیکە لە سووریا یاخود ئەنغانستان یان پەنابەرانی گۆڕانکارییە ئیقلیمییەکان لە داهاتوودا دەرببڕین، دەرسی زەمانەمان بە باشی فێر نەبووین.

دەرسی زەمانەی ئێمە ئەوەیە کە ئێمە یەک خێزانین. خیزانێک کە ئایین، نیژاد، یان نزیکی و دووریی جوغڕافیایی دووبەرەکەیی ناخاتە نێو ئەندامەکانی. ئێمە کۆمەڵگای نێونەتەوەیین. ئەمە مانا و واتای خێزانی مرۆییە کە لە ئێستادا کەوتۆتە بەر هێرش و پەلامارەوە. لە ژنان و کچانی تۆقاو لە پەناگە ژێرزەمینییەکانی ئۆکراینەوە تاوەکوو چالاکانی مافەکانی ژنان لە ئەفغانستان؛ لە چالاکانی مافەکانی مرۆڤ لە سووریاوە بۆ ئەکتیڤیستەکانی گۆڕانکارییە ئیقلیمییەکان لە برازیل و چالاکانی مافی کەمیینە ڕەگەزییەکان لە بەنگلادیش. ئێمە هەنگاومان بەرەو سەردەمێکی نوێ هەڵگرتووە کە گەلێک چەلێنجی جیهانیی گەورەی لە بەردەمماندا داناوە. ناتوانین بە گەڕانەوە بۆ وزەی تاک و تەرایی و دوورەپەرێزیی عەشیرەگەرایی و ڕووکردێک کە خۆمان لەبەرتر لە دیتران دەگرێت بەرەنگاری ئەم ئالنگارییە بینەوە. هەروەها ناتوانین تەنها دوای داڵغەیەکی تایبەت بکەوین؛ گەر نادادپەروەریی ئیقلیمیی بەلاتاوە گرنگە، هەروەها دەبێ کەڵکەڵەی نادادپەروەریی ڕەگەزیشتان هەبێت. لە نێوچوونی ژینگە کاریگەریی زۆر زیاتر لە سەر ژیانی ژنان و کچان دادەنێت و لە هەر شوێنێک ئاوارەیی لە ئاستێکی بەریندا هەبێت، هەڵاواردنی ڕەگەزی و توندوتیژیی سێکسی بە شێوەیەکی مەترسیدار زیاد دەکات. گەر کەڵکەڵەی نایەکسانیی جێندەریتان هەیە وەکیتر دەبێ گرنگیی بە نایەکسانیی نیژادی، چینایەتی، ناوچەیی و نایەکسانییەکانی دیکەی لەم چەشنەش بدەن. مادام نەتوانین پارچە جیاجیاکانی پازڵەکان لە لای یەکدیی بچنین، هیچ شتێک بەرەو باشتر بوون ناچێت.

من لە جەنگە کولتوورییەکان و ئەو شێوازەی سیاسەتمەدارە دەسەڵاتدارەکان ئاگرەکەی خۆش دەکەن، بێزار و ماندووم. کاتی جەنگی ڕاستەقینە، نابێ بە ناکۆکی و دووبەرەکەیی و چەند دەستەیی هێزی خۆمان هەدەر بدەین. گەلێک شتی زۆر لە حاڵی لەناو چووندان. هەنووکە ئیدی کاتی ئەوەیە کە جارێک و بۆ هەمیشە واز لە ئەفسانە پۆپۆلیستییەکانی شوناس کە دەبنە هۆی دووبەرەکەیی و دەستەبەندیی خەڵک بێنین.
پاندێمیی جیهانیی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرنگیی ئاوڕدانەوە لە کاروباری ناماددیی لە ژیان بە باشی نیشان داین؛ خێزان، هاوڕێیەتی و خوشکایەتی. ئێستا دەبێ ئاسۆکانمان بەرینتر بکەین؛ خێزان واتا مرۆڤایەتی، هاوڕێیەتی دەبێ باڵاتر لە سنوورە نەتەوەییەکان بێت و خوشکایەتی گەر لە سەر ئاستی جیهانیی نەبێت، بێ‌مانایە.
سەرچاوە:
Elif Shafak, Elif Shafak on the Legency of Lochkown: The Pandemic made it clear there is such a thing as society, The Guardian, 17 March 2022.

نووسین: ئەلیف شەفەق