حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ نۆژەنکردنەوە و چاککردنی تونێلی دەربەندیخان زیاتر لە 187 ملیۆن دینار تەرخان دەکات.

بەگوێرەی هەواڵێکی وەزاترەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن “لەسەر داوای وەزیری ئاوەدانکردنەوەو دوای ئاراستەکردنی نووسراو و دەرخستە، وەزارەتی دارایی بە نووسراوی ژمارە (8343) و بە واژۆی وەزیری دارایی، رەزامەندی بۆ تەرخانکردنی بڕی (187.828.000)ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەی چاککردن و نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان دەربڕی. بەمەبەستی چاککردنی تونێلەکە و کارئاسانیکردن بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان”.

لە مانگی نیسانی رابردوو لەمیانی بەسەرکردنەوەی تونێلەکە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو “وەک پلانی خێرا هەوڵدەدەن بەزوترین کات تونێلەکە نۆژەنبکرێتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد “رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران وەرگیراوەو بڕیاردراوە کە لیژنەیەکی ھاوبەش لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو وەزارەتی پلاندانان پێکبھێنرێت، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ باشترین کۆمپانیای ناوچەکە تایبەت بە دروستکردنی تونێلی دووەمی دەربەندیخان”.