خەبات: رۆشنا عەلی:- بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی مێرگەسۆر سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێرە و ژمارەیەكی زۆر قوتابخانەی گوندی سەربەقەزاكەو ناو قەزاكە لە خۆدەگرێت كە ژمارەیان 176 قوتابخانەیە ، بۆ بەدوادا چوون و كێشەو كەم و كوڕییەكانی پەروەردەكەو دۆخی خوێندن لە ساڵی رابردوو وسیستەمی نوێی هەڵسەنگاندنی قوتابخانەكان و لایەنی باشی و خراپی و كاریگەری لەسەر ئەم پەروەردەیە دیمانەیەكی تایبەتمان لەگەڵ مامۆستا ئەحمەد محەمەد نوح بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆرئه‌نجامدا.

*سەرەتا دەربارەی ئەوەی كە ئایا هەڵسەنگاندنی دەرەكی ئەم ساڵ چی لە نێو قوتابخانەكاندا گۆڕی مامۆستا ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا كە لایەنی باش و خراپی هەبوولەمبارەیەوە گوتی : هەڵسەنگاندنی دەرەكی لایەنی باش و خراپیشی هەبوو، بەڵام بە ڕای ئێمە لایەنی باشی زۆرتر بوو بە تایبەتی بۆ بەڕێوبەری قوتابخانەكان كە وای كرد زیاتر چاودێری قوتابخانەكان بكەن و نۆژەنی بكەنەوە یان خاوێن بكرێتەوە بۆیە پێم باش بوو ئەم هەڵسەنگاندنە بەردەوام بێت، بەڵام ئەو لیژنانەی كە دێن هەڵسەنگاندن دەكەن بە شێوازی خۆیان دەیكەن بۆیە بەناعەدالەت دەبینرێت.

*دەربارەی ئەوەشی كە باس لە ناعەدالەتی دەكرێت لەو هەڵسەنگاندنەدا ئایا لای ئێوەش هەبوو ئەگەر هەیە لە چ روویەكەوە ناعەدالەتیە مامۆستا ئەحمەد گوتی: بۆ نمونە بەڕێوبەری قوتابخانەیەك بینایەكەی هیچ نۆژەننەكراوەتەوە لەكاتێكدا هیچ هەڵەی ئەوی تیا نییە، بەڕێوبەری پەروەردە یان سەرپەرشتیار میلاكی بۆ دابین نەكردووە و هەڵسەنگاندن بۆ هەموو بڕگە و بابەتەكانە و بۆیە پێمان باشە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بەڕێوبەری قوتابخانەكان گەشبین بن و زیاتر وردبین تر بن و باشتر ئیش بكەن، خاڵێكی نەرێنی تر ئەوەیە پسپۆری لەو سیستەمەدا نییە و كە پسپۆریش نەبێت زۆربەی ئەو وانە بێژانە پێویستیان بە سەرپەرشتیاری پسپۆر هەیە و وەك و سیستەمی جاران نەماوە هەمووی بووە بە سەرپەرشتیاری هاوڕێی ڕەخنەگر و هەموو بابەتەكان و هەموو مامۆستاكان بەڕێوەبەرو هاورێی رەخنەگر دەیبینێت.

*بەڕێوبەری گشتی سەرپەرشتیاری باسی كۆنفڕانسێكی كرد كە ئەم هاوینە دەبەسترێت بە تایبەت لەسەر هەڵسەنگاندنی تواناكان و كۆمەڵێك گۆڕانكاری ئەكەن و باشترین گۆڕانكاری پێت وا بێت بكرێت چییە ؟ من پێم باشە پسپۆری بگەڕێتەوە، چونكە بەڕێوبەری قوتابخانەكان یان مامۆستاكان گلەییان لەو سیستەمە هەیە، دەڵێن پسپۆری رۆڵی نەماوە بۆ نمونە مامۆستایەكی بیركاری سەرپەرشتیارێكی عەرەبی ناتوانێت هەڵسەنگاندنی بۆ بكات ، خاڵی دووەم كە زۆر گرنگە پێداچونەوە بە سیستەمی پرۆگرامی خوێندن بكرێت بۆ نمونە بابەتی زانستی پۆلی یەك بابەتی تیایە پێویستی بە دانیشتن و گفتوگۆی درێژ هەیە و ئەو بەرنامەیە بۆ پۆلی یەك نابێت بۆیە پێمان باشە گۆڕانكاری بكرێت بۆ ئەوەی پڕۆسەی پەروەردە بەرەو پێش بچێت.

*بۆ خوێندنی ساڵی داهاتوو لە وەزارەتەوە كۆمەڵێك پلان دانراوە ئەم پلانانە قورسیەكەی لەسەر بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی قەزاكان و قوتابخانەكان چۆنە؟ تاچەند جێبەجێكردنی ئاسانە؟ دوایین كۆبونەوە كە كرا بە سەرپەرشتی جەنابی وەزیری پەروەردە لەگەڵ بەڕێوبەری گشتیەكانی سەرجەم پارێزگاكان ویەكەی سەرپەرشتیاری گشتی پارێزگاكان و بەڕێوبەری پەروەردەی قەزاكان و ئەو كارنامەی كە وەزیری پەروەردە خستییە ڕوو پێشنیار و بیروبۆچونی هەموویانی وەرگرت وە هەروەها ساڵنامەكە شتێكی جوان بوو وە ئەو كارنامەیەی كە جەنابی وەزیر ئامادەی كردبوو بەڕەزامەندی هەمووان بوو ، بەڵام وتی ئەمە ڕەشنوسە قابیلی گۆڕان و كەمكردن یان زیادكردنە هەمووان كۆك بوون لەسەر ئەوەی ئەم بەرنامەیە بەم شێوەیە جێبەجێبكرێت وە هەندێك تێبینی هەبوون كە بە هەند وەرگیران و لە فەرمانی وزاری جێبەجێبكرێت.

*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا هۆكار چی بوو پلانی پێش وەختە دانرا بەڕێوەبەری پەروەردەی مێرگەسۆر گوتی : بۆ ئەوەی لە كاتی خوێندندا فرۆشگاكان بە كرێ نەدرێت و لە مانگی نۆدا خولی دووەم بكرێتەوە و پێداویستیەكانی خوێندن بۆ قوتابیان دابین بكرێت و پلان ئەوەیە كە پەرتووك پێش یەكی هەشت ئامادە بیت و میلاك ڕێكبخرێت هەتا دانانی خشتەی وانەكانە كە لە سیستەمی ئی پەروەردە دابنرێت و بەڕێوبەری قوتابخانە پێش وەختە دەبێت بزانێت چەند قوتابی هەیە ودەبێت قوتابی لە مانگی حەوت وەربگیرێت بۆ پۆلی یەكی بنەڕەتی وە پۆلەكانی حەوت و هەشت و نۆ ئەوە كارنامەیەكە بۆ هاوین كاری لەسەر بكرێت، ئێمەش پێمان باشە، بەڵام هەم لەسەر پەروەردەی قەزاكان و بەڕێوبەری قوتابخانەكان كارێكی قورسە، بەڵام دەبێت جێبەجێبكرێت.

*قورسییەكەی لە كەمی كاتەكەیە؟ ئایا جێبەجێدەبێت وەك ئەوەی وەزارەت پلانی بۆداناوه‌؟ قورسیەكەی ئەوەیە كاتمان كەمە و هەموو شتێكیش كاتی پێویستە ، بەڵام ئەوەی ئێمە دەتوانین بیكەین ئەوەیە فەرمانی كارگێڕی كە دەرچوو لە وەزارەت ئێمە دەست بەو كارانە بكەین بۆ نمونە ئێمە لیژنەی فرۆشگاكانمان داناوە كە دوو لیژنەیە و ناچارین بەڕێوبەری قوتابخانە یەك شەممان و پێنج شەممان دەوام بكەن، لیژنە دابنرێت و مزایەدە بكرێت بۆ فرۆشگاكان ئەمە لە هاوین نەكراوە هیچ جارێك ،بەڵام ئەمە تێستە تا بزانین سەركەوتوو ئەبێت یان نا ئەركێكی قورسە، بەڵام پێی دڵخۆشین.

*ئەوەی ئەیبیستین ئەركی قورس لەسەر بەڕێوەبەری قوتابخانەكانە پێی ڕازی نین ،چونكە ئەبێ دەوام بكەن بە هاویندا بۆ پەروەردەكەی ئێوەش هەمان كێشەیە؟ ئەوانەی كە سنوری ئێمەن بۆ نمونە بەڕێوبەری قوتابخانەكانمان %50 خەڵكی ئێرە نین و ماڵیان لە هەولێرە و ناتوانن هەموو یەك شەممان و چوار شەممان بگەنە ئێرە، بەڵام كە بڕیارە دەبێت جێبەجێی بكەن بۆیە ئەگەر بەڕێوبەرێك بڵێت ناتوانم یان دەبێت بەڕێوبەرایەتی بكات یان یان دەبێت یەكێكی تر لە شوێنی خۆی دابنێت.

*دەربارەی سەرەكیترین كێشەكانی خۆیان ئەو بەرێوەبەرە بۆ خەبات گوتی: كێشەی ئێمە ئەوەیە كە وانەبێژەكان نەكراون بە گرێبەست ،چونكە ئەوەحەزی ئێمەیە ئەگەر ئێمە بمانەوێت بەڕێوبەر بگۆڕین زەحمەتە، چونكە میلاكمان كەمە ئەگەر بە پێی توانا ببنە گرێبەست ئێمە دەتوانین بیانكەینە بەڕێوبەر یان یاریدەدەری قوتابخانە، كێشەی دووەم ئەوەیە كە قوتابخانەكانی سنوری ئێمە زۆر دوورن هەندێكیان كاتژمێرێك و پەنجا دەقەی دەوێت تا بگەیتە ئەو قوتابخانەیە سنورەكە فراوانە ئەو قوتابخانانەی سەرسنورن زۆربەیان كابینەن یان خۆڵن، لە سنوری ئێمە ئێستا 26قوتابخانەی كابینە هەیە وە پێویستە بینایان بۆ دروستبكرێت پێویستمان بەوەیە كە چوار قوتابخانەی ئامادەیی دروست بكرێت‌ و 52 قوتابخانەشمان پێویستە نۆژەن بكرێتەوە.

*ئایا بیرتان لەوە نەكردۆتەوە فرۆشگای قوتابخانەكان ببێتە داهات بۆ قوتابخانەكە هیچ نەبێت كاری نۆژەنكردنەوەی پێبكەن؟ دوو بابەت هەیە ئەگەر پارەی فرۆشگاكان بۆ قوتابخانەكان بێت ئەوە سوود بەخشە، بەڵام قوتابخانە هەیە فرۆشگای لێ نییە ئەوكاتە لەو مافە بێبەش دەبێت ، لە سنووری ئێمە لە كۆی 176قوتابخانە تەنها 54 قوتابخانە فرۆشگایان هەیە وە هیچ داهاتێكی تریش نییە لە حكومەت ئەو بڕە پارەی مانگانە بۆ مێرگەسور دێت لە دوو ملیۆن و نیو تێپەڕ ناكات ئەو بڕە پارەیە بۆ 176قوتابخانە بەش ناكات و بەشی خەرجی ناو دیوانی پەروەردەش ناكات ، بۆیە وەزارەتی پەروەردە بیری لەوە كردۆتەوە كە بە پێی ڕێژەی قوتابییان پارەكان كۆ بكرێتەوە و بۆ وەزارەتی پەروەردە بێت و لەوێ لیژنە داندراوە لیژنەی پەروەردەی گشتی و لیژنەی وەزارەت و لیژنەی قوتابخانەكان و لە ناو دیوانی پەروەردەش هەیە ئەو لیژنانە هەریەك كاری خۆی دەكات و پارەكە كۆ دەكرێتەوە بە پێی ڕێژەی قوتابییان بەسەر پەروەردەكان دابەش بكرێتەوە و پەروەردەش بە پێی ڕێژەی قوتابییان بەسەر قوتابخانەكان دابەشی دەكات ،قوتابخانە هەیە 12 قوتابی هەیە هەر قوتابییەك 1750 ی بەردەكەوێت كە ناكاتە 20000 دینار بۆ ساڵێك خۆشبەختانە گەیشتنە ئەوەی كە ئەو قوتابخانانەی قوتابییان كەمە بڕێكی دیاریكراو كە 250 هەزار دینارە بۆیان دابین بكرێت بۆ ئەوەی بتوانن پێداویستییەكانی خۆیان دابین بكەن.

*دەربارەی ناڕێكی لە میلاك یان بەردەست و پاسەوان مامۆستا ئەحمەد نوح گوتی: مەكتەب هەیە چوار بەردەستی لێیە وە مەكتەبیش هەیە بەردەستی لێ نییە، بەڵام شوێنی جوگرافی ئەو بەردەستە وە تێچووی هاتوچۆیەكەی زۆر دەكات بۆیە گواستنەوەكەی كەمێك ئەستەمە، بەڵام لەم سنورە هیچ قوتابخانەیەكمان نییە كە بەردەستی زۆر زیاتر بیت تەنها یەك قوتابخانەمان هەیە كە شەش بەردەستی تیایە، بەڵام هەموو قوتابخانەكانی تر لە یەك تا چوار بەردەستی تیایە وە هەشت قوتابخانەمان هەیە كە بەردەستی لێ نییە پێویستمان بە میلاكی بەردەست هەیە.

بەرێوەبەرى پەروەردەى مێرگەسۆر بۆ خەبات دەدوێ