نوێنەری ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی عێراق رایگەیاند، لەبارەی رووداوەکانی چەند رۆژی ڕابردوو لیژنەیەک بە بەشداریی نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە پێکھاتووە و لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوانە دەکات. دەشڵێ، چاوەڕێی ئەنجامەکان دەکەین و ئەوانەی ئەو کارەش دەکەن ھیچ ھێزێکی فەرمیی عێراقی نین، بەڵکو کۆمەڵێک ھێزی نایاسایین دەیانەوێت دۆخەکە تێکبدەن.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: “لەبارەی ڕووداوەکانی کۆرمۆر لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە فەرماندەیی ھێزەکانی ھاوبەش پێکھاتووە و لیژنەکەش نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگەی تێدایە، بۆ ئەوەی دیاربێت کە ھۆکاری دروستبوونی ئەو پشێوی و ئاڵۆزیانەی لەو ناوچەیە دروست بوون، چییە و لە ماوەیەکی کەمدا چەند مووشەکێک ئاراستەی ئەو ناوچانە کران بۆ تێکدانی دۆخی ئەو ناوچەیە”.

تەڵعەت گوتیشی: “لە ماوەی ڕابردوودا زۆرێک لە میدیاکان باسیان لەوە کرد، کە ھێزێک رۆیشتووە بۆ سنوورەکە، بەڵام ھیچ ھێزێک نەڕۆیشتووە و تەنھا ھێزێک کێوماڵی ناوچەکەی کردووە و گەڕاونەتەوە بۆ شوێنی خۆیان”.

لیوا عەبدولخالق ڕوونیشی کردەوە: “ھیچ ھێزێک نەھاتووە بۆ سنووری کوردستان و تەنھا ھەندێک ھێزی نایاسایی ویستوویانە دۆخەکە تێکبدەن، بەڵام وەکو هێزی فەرمی، ھیچ ھێزێکی فەرمیی عێراق نەھاتووە بۆ ناوچەکە و سنووری ھەرێمی کوردستانیان نەبەزاندووە، بۆیە ئێستا دۆخەکە ئارامە و چاوەڕێی ئەنجامی لیژنەکە دەکەین، بۆ ئەوەی دواتر بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەین ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان چی بووە”.