ئەمڕۆ 27ـی حوزەیرانی 2022، کۆمپانیای دانا گاز لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هێرشە مووشەکیەکانی چەند رۆژی رابردوو هیچ زیانێکیان نەبووە، بەبێ پچڕان بەردەوام دەبین لە پرۆسەکانی بەرهەمهێنان.

لە بەیاننامەکەی کۆمپانیای دانا گاز هاتووە، “هێرشە مووشەکیەکانی چەند رۆژی رابردوو هیچ زیانێکیان نەبووە، بەبێ پچڕان بەردەوام دەبین لە پرۆسەکانی بەرهەمهێنان، لە کاتێکدا رێکارە ئەمنیە پێویستەکان توندتر دەکرێن تەنیا بەشێوەیەکی کاتی کارکردن لە پرۆژەی فراوانکردنی کۆرمۆر KM250 راگیراوە.

ئاماژە بەوەش دراوە، کۆمپانیاکە راستەوخۆ هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە لەگەڵ حکومەتی عێراقی پشتیوانیەکی تەواویان بۆ دەربڕیووە.

دانا گاز راشیگەیاند، بۆ وەڵامدانەوەی ئەم دەستدرێژیانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو رێکاری ئەمنی پێویستی لە کۆرمۆر گرتووەتە بەر، لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەیەکی زیاتری هێزی ئەمنی هێناوەتە ناوچەکە بەمەبستی پاراستنی کێڵگەکە.

پرۆژەی فراوانکردنی KM250 وەبەرهێنانی کۆی گشتی 630 ملیۆن دۆلار لەخۆدەگرێت کە رێژەی بەرهەمهێنای  گاز زیاد دەکات. بەپێی رێككەوتنێكی فرۆشتنی گاز كە لە مانگی ئازاری 2019 لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم واژوو كراوە، کۆمپانیای پیرڵ پترۆلیۆم ئەو بڕە زیادەیەی گاز دەفرۆشێت بۆ دابینکردنی سووتەمەنی گونجاو و پاکتر بۆ وێستگەکانی کارەبای ناوخۆیی، هەروەها زیاتر بەرزکردنەوەی پێدانی کارەبا لە هەرێمدا.

پرۆژەی فراوانکردنی KM250 لە سەرەتای 2020ـەوە بەهۆی کۆرۆناوە ماوەی ساڵ و نیوێك راگیرا و و لە مانگی نیسانی رابردوو کارکردن تێیدا دەستی پێکردەوە.