سەلام عەبدوڵڵا

لە وڵاتانی دیموکراتیکدا کە میدیا رۆڵێکی زۆر گرنگ دەبینێت و ئازادانە رەخنە لە دەسەڵات و کەموکوڕییەکان دەگرێت و رۆڵی چاودێر بەسەر سیاسەت و کاروباری دەوڵەتەوە دەگێڕێت، هەر ئەو میدیایە لە کاتی قەیرانەکاندا، بەتایبەتی کە وڵاتەکەی دوچاری جەنگ و هێرش دەبێت، ئیدی رۆڵی میدیا بە جۆرێک دەبێت کە بە هەموو شێوە و کەرەستەیەک، ڕای گشتی ئامادە دەکات بۆ قبووڵکردنی زەروورەتی جەنگ و داکۆکی لە خاک و نیشتمان، ئەمەش هەموو بوارەکانی میدیایی دەگرێتەوە و بە گشتی هەموو تواناکان دەخرێتە خزمەتی داکۆکی لە وڵات.

ئەمڕۆ، کە رۆژانە بە شێوەی جۆراجۆر، بە درۆن، بە تەقینەوە، بە ساروخ، بە سوپا و میلیشیای جۆراوجۆرەوە، هێرش دەکرێتە سەر هەرێمەکەمان، با ئێمەش بزانین رۆڵی میدیای خۆمان و خەڵکەکەمان، بەتایبەتی میدیای “ئەهلی” و “سەربەخۆ” و سۆشیال میدیا، لەم کاتەدا چۆنە و چ ڕۆڵێک بەرامبەر ئەو مەترسیانەی سەر هەرێم دەگێڕێت.

ئەوەی تێبینی دەکرێ، بەداخەوە، بەو شێوەیە نییە کە پێویستە بکرێ و ئەو مەترسییە گەورەیە بە هەند وەربگیرێ و نەتەنیا ئەوەش، بەڵکو بەتایبەتی سۆشیال میدیا بە شێوەیەکە دەڵێی لەگەڵ دوژمناندا هاوئاهەنگە و هەندێکیتر بێدەنگە کە ئەوەش هەر دەچێتە خانەی دەستدرێژیکەرانەوە.

ئەم هەڵوێستە چەوتە، لە کاتی هێرشەکانی داعشیشدا، هەر بەو شێوەیە بوو کە هەندێک بێشەرمانە خۆشحاڵی خۆشیان نەدەشاردەوە و نوقڵانەی داگیرکردنی هەموو هەرێمیان، لە باتی دوژمن، ڕادەگەیاند.

ئەمەش بەپێچەوانەی هەموو وڵاتان و نەتەوەکانی ئەم سەرزەمینەیە کە لە کاتی هێرشی دوژمندا، یەکدەگرن و هەموو وەک پۆڵا بەرامبەر دوژمن خۆڕادەگرن و دەجەنگن.

ئێستا ئیدی لەوە زیاتر قبوڵ ناکرێ، پێویستە حکوومەت و داواکاری گشتی بێنە سەر خەت و بە یاسا رێگری لەو هەڵوێستە چەوتە و ناپاکییە بکرێ.