نووسەر و ئامادەکار: زێنەب یووسفی

یەکێک لە دیاردە مەترسی هێنەرەکانی کۆمەڵگا ئینسانییەکان کە لە درێژەی مێژوودا مرۆڤی خستووەتە گێژاوی نەمانەوە ،ئالوودەبوونە بە مادە هۆشبەرەکان. لەوانەیە مرۆڤ لە سەرەتای دۆزینەوەی مادە هۆشبەرەکان ،بۆ چارەسەرکردنی هەندێ نەخۆشی وەکوو دەرمان بەکاری هێناوە بەڵام هێدی،  هێدی پێی فێر بووە و چێژی لێ وەرگرتووە وڕەنگە هەر بە خۆی نەیزانیوە کەی وچۆن ئالوودە بووە و بەم بۆنەوە  ڕادەی تەمەنی دابەزیوە و زووتر لە خەڵکانیتر مردووە.

 پاش دۆزینەوەی مادە هۆشبەرەکان وەکوو تلیاک  مرۆڤ فێری دەبێت و  لە گەڵ خۆیدا دەیگوازێنێتە  چاخەکانی داهاتوودا. واتە سوود وەرگرتن لە مادەی هۆشبەر، چووەتە کلتووری گەلاندا و جێێ خۆی دەستنیشان کردووە وەکوو هۆکاری خۆشی  و چێژ وەرگرتن وجار وباریش بۆ دەرمان بەکار هێنراوە . بەس کێشەکە لێرەدایە کە لە ئێستادا ئیدی باسی دەرمان ساز کردن نییە بەڵکوو مادەی هۆش بەر  وەکوو ژانێکی گشتی  کۆمەڵگا ئینسانەیەکانی گرتووەتە خۆ.  بە دەیان جۆریان لێ درووست کراوە و خەڵکیان پێیەوە پلکاندووە و بە تایبەت بەکار هێنانی هەندێ لەو مادە هۆشبەرانە چووەتە کلتووری گەنجان و وەکوو زۆر ئاسایانە  کوڕان وکچان لە کۆبوونەوەکانیاندا وەکوو ئامرازی خۆشی و سەرمەستی  بەکاری دەبەن. ئەم دیاردەیە لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە وەکوو خەسارێکی کۆمەڵایەتی پێناسە دەکرێت بە جۆرێک کە  گشت گەل و سیستەم دەخاتە بەر پەلامار خەسارەکانیتریشەوە.

لە نیگای هەندێ لە کۆمەڵناسانەوە وەکوو: ئیمێل دوورکایم (Emile Durkheim) بە تیۆریە بە ناو بانگەکەی واتە ” خۆ کوشتن و ئانۆمی” ، ڕۆبێرت مێرتۆن (Robert merton) و تیۆری ” گوشار”  ، جۆرج سیمێڵ(Georg Simmel) و  بیر وبڕوای ” گەورەشار و ژیانی دەروونی”، ئالوودە بوون به مادەی هۆشبەر  کاریگەری قەیران و گوشاری کۆمەڵایەتی  بەسەردایە و هەروەها ئەم ئالوودە بوونە دەسکەوتی ژیانی گەورە شاره که زۆربەی هەرە زۆری خەڵکانێک کە دەکەونە بازنەی پێوەندییە ڕەش و تاریکەکانی ژیانی گەورە شارەوە توشی دەبن و ئەم دیاردە سامناکە  ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرە دەسێنێت وخەڵکان ،بە تایبەت گەنجانی کوڕ  و کچ زۆرتر تووشی دەبن.

سەلمێنراوە  لە هەر کۆمەڵگایەکدا کە دیاردەی ”ئالوودە بوون بە مادەی هۆشبەر” بێتە دی لە مەودایەکی کورتدا دەیان نەخۆشی دەروونی و کۆمەڵایەتی  لەو کۆمەڵگایە دەردەکەوێت و لەم ڕووەوە جەستەی ئەو کۆمەڵگایە لە هەموو بارێکەوە وەکوو ئابووری، دەروونناسی، فەرهەنگی و کۆمەلایەتی دەکەواێتە  بەر پەلاماری مەترسی و برینی تێدەکەوێت. واتە  هەموو لایەنە ئەخلاقییه دیار و نادیارەکان و هەروەها هەموو بایخەکان دەکەونە گۆڕەپانی گۆڕان و بەرەو خراپی دەچن و ئەوە بێ گومان کارکردی هەیە لە سەر  ژیانی خەڵک بە گشتی .

دەرەنجامی پەرەساندنی دیاردەی ئالوودە بوون بە مادەی هۆشبەر بە شێوەیەکە کە  خێرا کیشەکانی ژیانی کۆمەڵگا ناخاتە ڕوو بەڵکوو لە درێژەی چەند ساڵدا خەسارە کۆمەڵایەتییەکان یەک لە دوای یەک سەرهەڵدەدەن و دیاردەی دابەزەین و کێشەکانی کلتوور وەکوو :نهێلیزم و خۆکوشتن ، لەش فرۆشی لە هەر دوو ڕەگەز ،لاسایی کردن لە داب و نەریتەکانی کۆمەڵگا بیانییەکان لە باری نەگونجاودا، درووست بوونی حەزی لە ڕادەبەدری دزی و تاوانگەلی فرە خراپتر لە نێوان چینی گەنجاندا و هتد ، دەردەکەوێت.

لە کۆمەڵگای ئالوودە بە نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان خۆکوشتن و یەک کوشتن ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادکرداندا دەبێت. هەندێ لە مادەهۆشبەرەکان وا لە مرۆڤ دەکەن کە لە ڕەهەندی واقیعدا تووڕ دەدرێتە ڕەهەندێکی خەیاڵی و هەموو شتێک و هەموو دەنگێک بە پیچەوانەوە دەبینێت و دەبیسێت و ناکاو دونیایەکی وەهمی لە پیش چاویدا  پێک دێت و  دەستدەکاتە  خۆکوشتن یان کەس کوشتن.

زۆر جار لە ڕاگەیاندنەکاندا بیستوومانە یان خوێندوومانە کە فڵانە کەسی ئالوودە دوای کوشتنی منداڵەکەی یان باوکی یان هاوسەرەکەی گوتوویە پاش بەکار هێنانی مادە هۆشبەرەکە ئەوانم بە دێو و دورونج و مار وئەژدیها هاتووەتە پێش چاو و لە حێبەتدا ناچار بوومە بیانکوژم.

 لە کامێرایەکیترەوە ئەگەر بۆ پێوەندیەکانی نێوان ئالوودە بوون  بە مادەهۆشبەرەکان و  دیاردەی خۆکوشتن یان کەس کوشتن بڕوانینە پانتایی کۆمەڵگا ،دەبینین کە ئالوودە بوون بە گشتی  نەک هەر مرۆڤ تووشی هەژاری دەکات بەڵکوو   وای لێ دەکات  کە بۆ وەدەستخستنی پارە بۆ کڕینی مادەی هۆشبەر  جار و بار ناچار دەبێت  دزی بکات  و لەو بارودۆخیشە لەوانەیە کسێک بە بۆنەی وەدەستخستنی پارەوە بکوژێت. لە لایەکیترەوە کەسی ئالوودە بەردەوام لە باردووخێکی تژی لە پووچەڵی و نێهلیزمدا دەژیت و هەرگیز دڵ پەرێشانی دەسهەڵگیری نییە  و مرۆڤ  لەو بارودۆخەشدا لەوانەیە یان تووشی خۆکوشتن ببێت یان کەس بکوژێت.

لە نیگای کۆمەڵناسییەوە باشترین تیۆری لە بارەی خۆکوشتنەوە تایبەتە بە ئیمێل دورکایمی فەڕانسەوی کە بیروڕای ”سەرلێشێواوی کۆمەلایەتی” لە بیرو ڕا بەهێزەکانی ئەوە.دوور کایم دەڵێت  کیشە کۆمەلایەتییەکان بەردەوام دەلکێنە  بارودۆخی ئانۆمیکی کۆمەڵگاوە کە زۆربەی جار دەتوانن ڕادەی خۆکوشتن ببەنە سەر .

سەرەتا با ئەوەش بڵێم کە لە نیگای دوور کایمەوە خۆکوشتن بە شێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ  لە سەر  ئەنجامێکی ئەرێنی یان نەرێنی کەسکەیە کە لە دەرەنجامدا دەبێتە هۆکاری خۆکوشتنی هەمان کەس.

دیاردەی خۆکوشتن لە نیگای دوورکایمەوە دابەش کراوەتە  سەر چوار بەش کە لە سەر قۆناخەکانی نا هەمتەرازی لە نێوان دوو هێزی کۆمەڵایەتییدا ڕوو دەدات،واتە: یەکگرتنی کۆمەڵایەتی و ڕێسا ئاکارییەکان.

دوورکایم ئاماژە دەکاتە کارکردی قەیرانە جۆرواجۆرەکان لە سەر کلێکسیۆنی کۆمەڵایەتی وەکوو: شەڕ کە ڕادەی خۆکوشتن زۆر دەکاتەوە  یان قەیرانی ئابووری کە کۆمەڵگا تووشی بشێوە و سەرلێشێواوی دەکات و کەسەکان دەکەونە بەر پەلاماری قەیرانەکە و  ژیانیان شکستی پێدا دێت و بەم بۆنەوە خۆیان لە ناو دەبەن.

١- خۆ کوشتنی خۆ ویستانە : پیشاندەری درووست بوونی هەستی دژ بە پێوەندیەکانی  ئەو کەسەیە کە دەیهەوێت خۆی بکوژێت. گوایە ئەو هەستە لە دەروونی کەسەکەدا  درووست دەبێت لە نێوان خۆی  و ئەندامانی گرووپەکە یان هاوماڵەکانی.

 کەسەکە هێدی ، هێدی هەست دەکات هەموو پیوەندییەکی داپچڕاوە لە گەڵ هاوماڵ و هاوگرووپ و هاو کۆمەڵیدا. هەست بە پووچەڵی دەکات و حەزی تێدا نامێنێت  بەرانبەر بە پێوەندییەکانی و تووشی خەمۆکی و وەهم دەبێت و ئیدی ناتوانێت بڕواتە نێوان کۆمەڵ و هاوماڵدا.دوورکایم بەم جۆرە دابڕینە دەڵێت” تاکەکەسییەکی لە رادەبەدەر”. لە نیگای دوورکایمەوە خۆکوشتنی خۆ ویستانە زۆرتر لە نێوان خەڵکی سەڵتیدا ڕوو دەدات. کەسە ئالوودەکان بە مادەی هۆشبەر لەو چەشنە  کەسانەن  کە بەردەوام تووشی وەهم و خەمۆکی دەبن  و لە نێوان هاوماڵ و خاو خێزاندا هەست بە دابڕان دەکەن  و بەردەوام هەوڵ دەدەن  لە هەمووان دوور بگرن و بە وتەیەکیتر دوورەپەرێز دەبن و بەم بۆنەوە ناکاو تووشی  هەستی خۆکوشتن دەبن.

٢- خۆکوشتنی هاوچەشن دۆستانە : که لە دەرەنجامی نوقم بوون  لە زەریای بیر و باوڕ و بایخە ئاکارییەکاندا ڕوو دەدات. لە کۆمەڵگایەکدا کە بایخەکانی گشتی دادەسەپێندرێنە  سەر داخوازییەکانی  کەسەکاندا ئەم جۆرە خۆکوشتنە زۆر باوە. بۆ نموونە لەو وڵاتانە کە خەڵک فێری خۆ تەرخان کردنن بۆ  بایەخەکانی دەسەڵات و بایەخ بە داخوازییەکانی خۆیان نادەن بەو پەڕی ڕەزامەندییەوە خۆیان دەکەنە قوربانی ئامانجەکان و لە ناو دەچن. هەڵبەت با ئاماژەش بەوە بکەم کە لە هەندێ گرووپ و کۆمەڵی دژە گەلدا ،کەسەکان لە ڕێێ بەکار هێنانی مادەی هۆشبەرەوە ئامادە دەکرێن کە لە ڕێی ئامانجەکانی گرووپ یان ڕێکخراوە  خۆیان بکەنە قۆربانی و بکوژرێن.

٣- خۆ کوشتنی ئانۆمیک: لە دەرەنجامی سەرلێشێواوی و بە لاڕێ چووینی ئاکاری کۆمەڵایەتی دێتە دی. کاتێ کۆمەڵگا تووشی قەیرانی ئابووری وکۆمەڵایەتی دەبێت ئیدی کەسەکان وەکوو تاک دەکەونە پەراوێزدا و بایخەکانیان لە ناو دەچێت و هەست بە فەوتان دەکەن و ویجدان دەکەوێتە ژێر قورساییەکانی ئەو بشێوە ئابووری وکۆمەڵایەتییە و کەسەکە هەست بە شکست هێنان دەکات لە ژیاندا. لە لایەکیترەوە ئەم جۆرە  خۆکوشتنە پیشان دەدات کە تا چەند لایەنی ئابووری لەو کۆمەڵگایە تووشی شکست بووە و تا چەند سیستەم بووەتە هۆی سەرلێشێواوی گەل و دوور کەوتن لە کەسایەتی و داخوازەکانیان. لەم بارودۆخە هەندێ کەس تووشی ناهومێدی دەبن و  ڕوو دەکەنە مادەهۆشبەرەکان و پاش ماوەیەکی کورت خۆیان دەکوژن.

خۆکوشتنی قەزاو قەدەرانە : کاتێک روو دەدات کە کەسەکە لە رادەبەدەر دەکەوێتە چاودێڕییەوە و هەست دەکات داهاتووی نەماوە و گەیشتووەتە بن بەستی ژیان و هەست ونەستی کەوتووەتە بەر پەلاماری لاسارییەوە و هەست بە خنکان دەکات. بۆ نموونە کەسێک کە دەکەوێتە بەندیخانەوە هەوڵ دەدات لە زووترین کاتدا خۆی بکوژێت تاکوو زیندوو بمێنێت و درێژە بداتە ژیانێکی نەگبەتیانە لە بەندینخانەدا یان کەسێک کە لە پڕۆسەی شکستی ئابوورییەوە تووشی هەژاری و نەداری دەبێت هەوڵ دەدات خۆی بکوژێت تاکوو بە نەداری و هەژاری ژیان بباتە سەر.

لەدیاردەی  ئانۆمیکی هەر کۆمەڵگایەکدا بێ گومان مادەی هۆشبەر و ئالوودەکانی ئەو مادەگەلە زووتر لە هەمووان دەکەونە بەر پەلاماری خۆکوشتنەوە.

سەرچاوەکان:

  • کتێبی :”خۆکوشتن”. ئیمێل دوورکایم.
  • دەقی: ”تیۆری گوشار” .لە لایەن ”پژوهشگاە فرهنگ و هنر و ارتباطات”.
  • دەقی” گەورە شار و ژیانی دەروونی” لە نووسینەکانی جۆرج زیمێل .

و چەندین دەقی ئینتێرنتیتر.

ماستەر لە کۆمەڵناسی