خەبات: هەولێر

رۆژانی 8_9ـی ئەم مانگە لە هەولێر کۆتایی بە خوولێکی چڕوپڕی کاری رۆژنامەوانی هات، کە هەریەک لە رۆژنامەنووسانی خەبات (رۆشنا عەلی، ئاشتی شەهباز، هاوار مورتکەیی، سەردار حوسێن) بەشدارییان تیاکرد.

رێکخراوی کوردستان بۆ چاودێری مافی مرۆڤ، KOHRW لە پرۆژەی بەهێزکردنی میدیا و بە دیموکراسیکردن لە هەرێمی کوردستاندا، خولێکی ڕاهێنانی بۆ رۆژنامەنووسان و دادوەران و کۆمەڵگەی یاسایی و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە، لەژێر ناونیشانی ئازادی ڕادەربڕین و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری رێکخست، کە بە چڕوپڕی کاری میدیایی و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان لە نێوان بەشداربووانی خوولەکە تاوتوێکرا و رۆژنامەنووسانی خەبات ڕۆڵێکی کاریگەرییان گێڕا، لە خستنەڕووی بەربەستەکانی بەردەم کاری رۆژنامەوانی و کەموکوڕی هەندێک لە بڕگە و ماددەکانی یاسای کاری رۆژنامەوانی و یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان و هەندێك لە برگەو مادەی بنەما نێودەوڵەتییەكانی جاڕنامەی گەردوونیی مافەكانی مرۆڤ، كە پەیوەستن بە كاری میدیایی لە هەرێمی کوردستاندا، گفتوگۆی تێروتەسەلیان لەبارەوە كرا.

لە بەرانبەریشدا بەشداربووانی خوولەکە کە بریتیبوون لە دادوەر و لێکۆڵەرەوەی دادی و ئەفسەرانی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە، روونکردنەوەی زیاتر و شەنوکەوکردنی یاساکان و چۆنیەتی مامەڵەکردنی هەرسێ لایەن لەگەڵ واقیعی کارکردن و گرتنەبەری رێکارە یاساییەکانیان زیاتر خستەبەر باسکردن و هەمووان لەسەر ئەوە کۆکبوون، کە پێویستە رێز لەکاری رۆژنامەوانی بگیرێت و رۆژنامەنووسان لە دەربڕینی بیروڕادا ئازادبن، بە رەچاوکردنی یاسا و ئیتیکی کاری رۆژنامەوانی و دروستنەکردنی پشێوی لەنێو کۆمەڵگەدا.

لە کۆتایی خوولەکەیشدا رێزلێنان و بڕوانامە لەلایەن هوشیار مالۆ بەڕێوەبەری جێبەجێكاری رێکخراوی کوردستان بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ (KOHRW) و هۆگر چەتۆ وانەبێژی خوول و تاڤگە عەزیز بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری رێكخراوی Heartland alliance ـی نێودەوڵەتی بە بەشداربووان بەخشرا.