خەبات- هەولێر: بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بەردەوامەو نرخی یەك لیتر بەنزین جیاوازییەكی بەرچاوی هەیە لەگەڵ نرخی هەمان بەنزین لە پارێزگاكانی عیراق، سەرباری بەرزیی نرخەكەی، خراپیی جۆری بەنزینەكە و نزمی ئاستی كوالیتییەكەی ناڕەزاییەكی زۆری لەلای شوفێران درووست كردووەو هەر بەو هۆیەشەوە لەماوەی یەك مانگی ڕابردوو و تا ئێستایش چەندین ئۆتۆمبێل پەكیان كەوتووەو بەقسەی خاوەن ئۆتۆمبێلەكان و خەڵكی دیكەیش، هۆكارەكەی بۆ خراپیی جۆری بەنزینەكە دەگەڕێتەوە.
سەركەوت حەمەهاشم شوفێرێكی دانیشتووی هەولێرەو لەبارەی جۆر و نرخی بەنزین بۆ خەبات گوتی: خراپیی كوالیتی بەنزینەكە زۆر لە گرانیی نرخەكەی ماندووتری كردووین، ئەو بەنزینەی ئێستا لە بەنزینخانەكان دەفرۆشرێت هیچیان جێگەی متمانە نین، بەڵام ناچاریشین و خۆناكرێ ئۆتۆمبێلەكان رابگرین، هەمووكات مەترسی گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەكانمان هەیە و پەككەوتن و تێكچوونی ئۆتۆمبێلیش ئەوەندە زۆربووە، خەریكە لەگەڵی رادێین.
ئاشتی ئەحمەد فەرمانبەرە و شوفێریشە گوتی: سەرباری گرانیی نرخی بەنزینەكە، بەم گەرمایە ناتوانم ساردیی ئۆتۆمبێلەكە دابگیرسێنم بەهۆی خراپیی كوالیتی بەنزینەكە و ئۆتۆمبێلەكەم قورس دەڕوات.
فەرمان سەعید كە شوفێری تەكسییەو دەڵێت: من كێشەم نییە لەرقی ئەو بەنزین گرانییە و خراپیی جۆری بەنزینەكە ئۆتۆمبێلەكەم كرد بە سیستەمی گاز و سوپاس بۆ خوا كێشەم نییە و بەنزخێكی هەرزان زۆرترین كار بە ئۆتۆمبێلەكەم دەكەم.
بێریڤان مەحمود ئافرەتێكی تر بوو سەبارەت بەم ڕێپۆرتاژە بۆمان دواو و گوتی: هیلاكبوومە بەدەست ئەو بەنزینەوە، مانگ نییە فیتپەمپی ئۆتۆمبێلەكەم نەسووتێ و چەندینجار لەشەقامەكان ئۆتۆمبێلەكەم لەكار كەوتووە و براكەم هاتووە بۆی چاككردومەتەوە.
وەستا عوسمان لە پیشەسازی رێگای مەخمور كە پیشەی فیتەری ئۆتۆمبێلەو گوتی: بەردەوام خەڵكێكی زۆر سەردانمان دەكەن و ئۆتۆمبێلەكانیان لەكار دەكەوێت، بەشی هەرە زۆری ئەو كێشانەی كە ئۆتۆمبێل تیێدەكەوێت بەهۆی خراپی كوالێتی بەنزینەكەیە. ئەو وەستایە ئامۆژگاری شوفێرانی كرد بەوەی ئەو كاتانەی كە سەردانی بەنزیخانەكان دەكەن تانكی بەنزینەكانیان پڕ نەكەن و پێش ئەوەی ئۆتۆمبێلەكانیان بەگەڕ بخەن قەپاغی تانكی بەنزینەكانیان بكەنەوە بۆ ئەوەی ئەو هەوایەی لەناو تانكی بەنزینەكانیانە بەتاڵی بكەن، بەتایبەت لەم وەرزەی هاوین.
هیوا یاسین كە خاوەنی یەكێك لە بەنزیخانەكانە و بۆ خەبات گوتی: ئێمەش پێمانخۆش نییە كە ئاوا گران بێت، رۆژانە تووشی دەیان تانەوتەشەر دەبین لەسەر گرانی نرخی بەنزین. كاتێك پرسیاری نرخی بەنزینمان كرد كە لە بەنزیخانەیەك بۆ بەنزیخانەیەكی تر نرخی جیاوازە، ئەو گوتی: ئەمڕۆ من بەنزین بە 1250 دینار دەفرۆشم، بەڵام كوالێتی بەنزینەكەی باشە و شوفێران گلەیی ناكەن، بەڵام شوێن هەیە بەنزینی خراپ دابەش دەكات یاخود فێڵ لەگەڵ بەنزینەكە دەكات، بۆیە نرخەكەی هەرزانتر دەكات.