خەبات: عەلی بانیشاری:- وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی كوردستان لە سایلۆكانی پارێزگای هەولێر دەستیپێكردووە و لەم هەفتەیەشدا لە پارێزگاكانی دهۆك و سلێمانی سایلۆكان بەرووی گەنمی جووتیاراندا دەكرێنەوە. وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو باشترە. وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ ئەمساڵ تەنیا نرخی گەنمی نمرە یەك دیاریكردووە، كە ئەوەیش 850 هەزار دینارە بۆ هەر تۆنێك. بێ لە سایلۆكانی سەر بە وەزارەتی بارزگانی، دوو كۆمپانیای ناوخۆیش گەنم لە جووتیارانی كوردستان دەكڕنەوە.

حوسین حەمە كەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان بە (خەبات)ـی راگەیاند: بۆ ئەمساڵ پێشبینیمان كردووە ئەو سایلۆیانەی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق مامەڵەیان هەیە 300 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی كوردستان بكڕنەوە. گوتیشی: بۆ هەر تۆنێك گەنمی نمرە یەك بڕی 850 هەزار دینار دیاریكراوە. ئاشكراشیكرد، ساڵی رابردوو سایلۆكان 126 هەزار تۆن گەنمیان لە جووتیاران كڕیوەتەوە و هەردوو كۆمپانیای ناوخۆیی قەیوان و خۆشناویش نزیكەی 25 هەزار تۆن. هەروەها دەشڵێت: بێ لەو گەنمەی رادەستی سایلۆ و كۆمپانیا ناوخۆییەكان دەكرێت، لە بازاڕی ئازادیش جووتیاران گەنمێكی زۆر دەفرۆشن.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئاماژەی بەوەشدا، كۆمپانیاكانی خۆشناو و قەیوان هەمان ئەو بڕە پارەیە دەدەنە گەنمی جووتیاران كە وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ گەنمی نمرە یەكی ئەمساڵی دیاریكردووە. دووپاتیشیكردەوە، بەرهەمی ئەمساڵ گەنمی جووتیارانی كوردستان بەراورد بە ساڵی رابردوو باشترە.

ساڵی رابردوو حكوومەتی عێراق بۆ یەك تەن گەنمی نمرە یەكی بە 640 هەزار دینار و گەنمی نمرە دووی بە 530 هەزار دینار و گەنمی نمرە سێی بە 470 هەزار دینار لە جووتیارانی عێراق و هەرێمی كوردستان كڕییەوە. حوسین حەمە كەریم زیاتر گوتی: بەهۆی وشكەساڵی و جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكرانیاوە نرخی گەنمی بەرزبووەتەوە، ئەوەش وایكردووە وەزارەتی بارزگانی عێراق بۆ ئەمساڵ پارەی زیاتر بدات بە گەنمی جووتیاران و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستانیش كارئاسانی زیاتر بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بكات.

وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو باسیلەوەشكرد، ماوەی هەفتەیەكە سایلۆكان بۆ وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران كراوەنەوە و تا ئەوكاتەی بەرهەم هەبێت سایلۆكان كراوە دەبن. سەبارەت بە بەرهەمی ئەمساڵ؟ گوتی: بەرهەمی ئەمساڵ لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، لەچاو ساڵی رابردوو بەرهەم باشترە، بەڵام بەراورد بە ساڵانی رابردوو بەشێوەیەكی گشتی خراپە. ئەوەشی گوت: گەنمی ناوچەی گەرمیان، بێ لە باوەنور و ئەو شوێنانەی بە ئاودێری كراون، هەروەها بەشێكی پارێزگای هەولێر بەتایبەت باشوور و دەوروبەری پارێزگاكە فەوتاوە، بەڵام سلێمانی بە پلەی یەكەم و دواتر ناوچە كوێستانییەكانی هەولێر و دهۆك بە پلەی دووەم و سێهەم بەرهەم باشتر بووە.

ساڵانە جووتیارانی هەرێمی كوردستان نزیكەی یەك ملیۆن گەنم بەرهەمدێنن. بەڵام بەهۆی وشكەساڵییەوە بۆ دوو ساڵ دەچێت بەرهەمی گەنم زیاتر لە 50% كەمیكردووە، هەر ئەوەش وایكردووە نرخی یەك تۆن گەنمی نمرە یەك لە 640 هەزار دینارە بۆ 850 هەزار دینار بەرزبێتەوە و چاوەڕێش دەكرێت لە هاوینی ئەمساڵدا نرخەكە زیاتر بەرزببێتەوە. ساڵانە حكوومەتی عێراق 370-390 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی كوردستان دەكڕێتەوە، بەڵام بۆ ئەمساڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان پێشبینی وەرگرتنی 300 هەزار تۆنی كردووە، بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر (خەبات) پەیوەندیكرد بە فەتحی محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان كرد، بەڵام ناوبراو وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نەدایەوە.