سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان زانیاریی نوێ لەبارەی نرخ و قیستی ئەو 20 هەزار شوقەیە ئاشکرا دەکات، کە بۆ كرێچی و كەمدەرامەتەكان دروست دەکرێ.

د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، رايگەیاند: “وەکوو نرخی خەمڵاندنی شوقەکان بۆ هاووڵاتییان، هەر مەترێک لەنێوانی 250 بۆ 300 دۆلار دەبێ، قیستەکانیش 12 بۆ 15ساڵ دەبێ و بڕەکەشی کەم دەبێ”.

ئاماژەی بەوەش دا، بەم نزیكانە پڕۆسەی ناونووسینی كرێچییه‌كان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دەست پێدەکات، گوتیشی: “فۆڕم لە ڕێگەی ئێنتەرنێت و ئۆنلایین پڕ دەکرێتەوە، کارەکەش لەلایەن پارێزگا و ئیداره سەربەخۆکان دەبێ، ئەوەی فۆڕم پڕ دەکاتەوە ،دەبێ کرێچی بێت و کەمدەرامەت بێ”.

ئەو 20 هەزار شوقەیە بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت و لە هەشت شوێنی سەرەکیدا دەبن، کە چوار پارێزگا و چوار یەکەی سەربەخۆن و بەشێوەی یەکسان دابەش دەکرێن.

محەمەد شوکری ڕوونی کردەوە، لە رووی کوالێتی و خەرجی و خزمەتگوزاری، لەگەڵ دامەزراوەی (کان) تاوتوێی میکانزمی دروستکردنی یەکەکانمان کرد. سەرۆکی حکوومەت رایسپاردووین، پڕۆژەکان بە کوالێتییەکی باش و نرخێکی هەرزان، لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دروست بکرێن.

ئاشکرایشی کرد: “سەرۆکی حکوومەت قبووڵی نییە کەس بە واستە سوودمەند بێت، ئەولەویەت بۆ کەسانی شایستەیە”.

رۆژی سێشەممە 31ی5ی2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوون و ڕێکارەکانی جێبەجێکردن و دروستکردنی ئەو بیست هەزار یەکەی نیشتەجێبوونەی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە وەزیرە پەیوەندیدارەکان ئامادەی بوون، سەرۆکی حکوومەت لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، لە زووترین کاتدا دەست بە ڕێکارەکانی دروستکردنی ئەو یەکانە بکرێت، کە بە نرخێکی کەم و قیستی درێژخایەن و بە کوالێتییەکی باش دروست دەكرێن.