زێنەب یووسفی
لە ئێستای جیهاندا سێبەری تۆخ و نەناسراوی سەردەمی ”پاش بازاڕ”(پەسا بازاڕ) لە رێگاوە گەیشتووەتە بەرەوە و خەریکی گۆڕانکاری لە بواری ڕامیاری و کۆمەڵایەتی و ئابووری و تەنانەت سنوورە جۆگرافیاییەکاندایە.

بە وتەیەکیتر ”واتاکان” لەم سەردەمەدا دەگۆڕدرێن و واتا کۆنەکان لە ناو دەچن و ”کولتوور” دەکەوێتە بەر پەلاماری گۆڕانکاریەوە. لەم نێوانەدا بە قوت کردنەوەی ڕۆڵەکانی ”تەکنەولۆژیا و زانیاریەکان وەکوو سەرچاوە سەرەکییەکانی پێکهاتەی بورژوازی”، کار و کرێکار دەکەونە بەر پەلاماری گۆڕانکاریەکی ئێگجار بەرچاو. ”ئۆتۆماسیون” لە لایەکەوە تا ڕادەیەکی زۆر کرێکاری لە گۆڕەپانی ئیش وکار تووڕ داوەتە پەراوێزەوە لە لایەکیترەوە ”زانستی هەواڵەکان ” خەریکی توانەوەی سنووری پێوەندییە کانی دونیای پیشەیە لە گەڵ کار و کرێکاردا. بەو واتایە کە کرێکاران لە بارودۆخی ئۆتۆماسیوندا بەجۆرێک تووشی پشودانێکی زۆرەکی دەبن. پشودانێک کە لە چەشنی ئاڵقەی ژانێکی هاوبەش چینی ناوەند و چینی کەم پارە لێک نزیک دەکاتەوە.

لە سەردەمی پاش بازاڕدا هێزە وەلا نراوەکان واتە کرێکاران کە بە کەڵکی حکوومەتەکان و تەنانەت کۆمپانیا پیشەییەکانیش ناین،لەم سووچ و ئەو سووچدا لێک کۆ دەبنەوە و هەوڵ دەدەن بۆ گەیشتن بە داخوازەکانیان لەسەر هەژاریە ئابووریە هاوبەشەکەیان، کۆ بوونەوەگەلێک ڕێک بخەن و وەکوو ”دەسمایە کۆمەڵایەتییە نوێیەکان” بێویستانە و نەنووسراوانە ،گرێبەستگەلێکی نوێ پێک بێنن لە نێوان خۆیان و بورژوازی و حکوومەتەکاندا. ئەوان بە دووبارە دۆزینەوەی یەکتر هەڵسووکەوتگەلێکی نوێیان لێ دەوەشێتەوە،هەڵسووکەوتگەلێک کە یان پیشتر مەجالیان نەبوو بۆ دەرخستنی ، یان بە نیازی ئەو جۆرە هەڵسووکەوتانە نەبوونە ، وەکوو یارمەتیدان بە یەکتر لە بواری ژیانە نوێیە هەژارانەکەیاندا. ئەڵێی هەژاران لە سەردەمی پاش بازاڕدا سەر لە نوێ کۆ دەبنەوە و لە وەڕێخستنی کۆمەڵگای سیڤلی و سەندیکا تێدەکۆشن ، هەڵبەت نا وەکوو پێشتر بەڵکوو لە سەر ئوسلووپی نوێ ،بێویستانە هێز دەدەنە جەستەی کۆمەڵگای مەدەنی.
لەم ڕووەوە چینی خەسار بەرکەوتوو لە سەردەمی پاش بازاڕدا هێشتا توانای مانەوەی پێیە وبە پەرەپێدانی پرۆگرامە خێرخوازیەکانیدا وەدووی ڕێخستنی شەڕێ نەرمە لەگەڵ بورژوازییدا.

با ئاماژەش بەوە بکەم کە لەم نێوانەدا هەندێ خەڵکی خەساربەرکەوتوو هەن کە یارمەتییە خێرخوازییەکان کە لە پێناوی هاودڵی و هاوکاری کردنی چینی ناوەند وهەژرا پێک هاتووە بە سواڵکەری دەزانن و نایانەوێت هیچ جۆرە یارمەتییەک لە کۆمپانیا خێرخوازییەکان وەربگرن و لەم ڕووەوە بۆ وەدستخستنی پارە وبەڕێەوە بردنی ژیانیان توشی لاڕی دەبن و دەچنە بازنەی دزی کردن و لەش فرۆشی و قاچاخ کردنی مادە هۆشبەرەکان و ئالوودە کردنی خۆیان و خەڵکانیتریش.

لە هەندێ لە شارە مەزنەکانی وڵاتانی زل هێز ئەو جۆرە پیشە و کارگەلە دەبنە هۆکاری سەرەکی بۆ گۆڕانکاری لە کولتووردا. ئەو گۆڕانکارییە تەنیا لە بازنەی ئوسلووپی ژیان بە گشتییدا نییە بەڵکوو کارکردی هەیە لە سەر ئاخافتن و قسە کردنیشدا، جۆرە ئاخاوتنێک لە بە دوورە لە شێوازی پێشوی قسە کردن و وت وێژی ئاساییش. بۆ نموونە کورت بوونی ڕەستەکان لە یەک یان دوو وشەدا. لە کاتی قسە کردندا. یان سڕینەوە هەندێ ئادابی گوتن و تەعارۆفات لە کاتی وت وێژدا.

گۆڕانکاری لە بواری نان خواردن و زەوقی مووسیقایی و جۆری هەڵپەرکی و ئادابی هاوسەرگیری و تەنانەت لە جۆری ڕێگا چوون و سەیر کردنیش دێتە پێشەوە. بۆ نموونە ”ڕەش پێستەکان” لە وڵاتانی ئەفڕیقێ و ئەمریکێ لە بەرچاوترین خەڵکانێکن کە تووشی ئەو هەڵسووکەوتانە بوونە کە لە پێناوی گۆڕانکاری لە کولتووریاندا ڕوویداوە. واتە ئوتۆماسیون ئەو بارودۆخە لە گەڵ خۆیدا دێنێتە کۆمەڵگاکاندا و لە ڕێی ڕاگەیاندنە جیهانییەکانیشدا ئەو هەڵسووکەوتانە وەکوو ”مۆد” تەشەنە دەکاتە نێوان کۆمەڵگاگەلێکیتر کە هێشتا ئۆتۆماسیونە نەکراون.

لە دژبەرەکانی تیۆری ”جێرمی ڕیفکین” و کتێبەکەی واتە ”ئاکامی پیشە”، جۆرج کافێنتزیسە.کافێنتزیس فەیلەسۆف و سیاسەتوانێکی ئەمریکییە و دەقگەلێک زۆری دژ بە تیۆریەکانی ڕیفکین نووسیوە کە لێرەدا ئاماژە دەکەمە هەندێ لەو بیرو ڕاگەلە کە کافێنتزیس لە نووسینەکانیدا دەریبڕیوە.

کافێنتزیس بە جیاوازیەک کە لە نێوان دوو وشەدا”کار work ” و ”پیشە job ” داناوە،بڕوای بەوەیە کە ڕیفکین و هاوکارەکانی کەمتەرخەمانە ئەو دوو دیاردەیانە بە یەک واتا هەڵسەنگاندووە و هەڵەکەش هەر لێرەدایە. چوونکە ”ڕیفکین و هاوکارەکانی سەبارەت بە دینامیزمی پیشە و تێکنۆلۆجیکاڵ لە سەردەمی پاش بازاڕدا بێ سەرەنج بوونە.”

کافێنتزیس دەڵێت: ڕەنگە لە سەردەمی پاش بازاڕدا ژمارەیەکی هەرە زۆر لە ” شێواز و جۆرەکانی کار” لە ناو بچن و ئەوە زۆر گونجاوە چوونکە تێکنۆلۆژیای نوێ شێوازە جیاوازەکان لە گەڵ خۆدا دێنێت و لە پێناوی خۆیدا ژمارەیەکی لە ژماردن بە دەر ” پیشە ” پێک دێنێت. پیشە لە وێنەی سەرقاڵ بوونێک کە تاک لە بەرانبەریدا مەعاشێک وەدەست دەخات ،پێناسە دەکرێت. لە سەردەمی پاش بازاڕدا پیشگەلێکی هەرە زۆر دێنە ئاراوە و کرێکاران یان هەر جۆرە کارکەرێک لە پیشە پێشووەکانی خۆیاندا لا دەبرێن و ڕوو دەکەنە پیشەی نوێ.

بناغەی بەڵگاندنی کافێنتزیس لە سەر وتەکانی ”مارکس” لە بارەی سەردەمی پاش بازاڕدا ،نراوەتەوە.کافێنتزیس بڕوای بەویە کە گەڵاڵەی جرێمی ڕیفکین لە بارەی ”ئاکامی کار” لە سەردەمی پاش بازاڕدا ، تا ڕادەیەک گەڵاڵەیەکی ”هێگل”یە و ڕیفکین ئاڵۆگۆڕی تێکنۆلۆژیایی لە چەشنی ڕۆحێکی سەربەخۆ و ناگرێدارو دەبینێت کە قۆناخ وە قۆناخ تووشی گۆڕانکاری دەبێت تاکوو ئەو شوێنە کە لە ئاکامدا دەگاتە بارودۆخێکی ئاپۆرەیی.

لە نیگای کافێنتزیسەوە مارکس پێشبینی کرد بوو کە بە بۆنەی ئوتوماسیون و فرە کردنی دەسهات لە ئاکامدا کرێکاران هەڵاواردە دەبن. مارکس لە گەڵ ئەو بووچوونە واتە ”لە کۆتاییدا سیستەمی ئوتۆماسیونی ماشێنەکان لە پڕۆسەی ئابووریدا جێگری تاکەکان دەبن ” (دوایین گۆڕەپانی گۆڕانی پیشە)، بیری لە داهاتوو دەکردەوە و بڕوای بەوە هێنا بوو کە هەوڵدانی خەڵکانی بەرهەم هێنەر لە بۆ جێگر کردنی تاکەکەکان لەگەڵ ماشێن لە کۆتاییدا شکست دەهێنێت چوونکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕادەی بەکاربەرانی کڕینی کەل وپەلەکان دادەبەزێت.

کافێنتزیس بڕوای بەوەیە کە خێڵی بێکاران لە بارودۆخی ئۆتۆماسیوندا لە زۆر بووندایە و بەم بۆنەوە سوودەکانی بورژوازی لە گۆڕەپانی کاردا لە دابەزیندا دەبێت و هەر بەم بۆنەشە کە کەلێن دەکەوێتە نێوان چینی بورژوادا و لە کۆتاییدا سەرجەم سیستەم دەکەوێتە بەر پەلاماری زەرەردا و لەم ڕووەدا ”ئاکامی پیشە” کۆتایی پێدێت.

سەرچاوەکان:
1- دەقی ”ڕیکخراوە بێ سوود و مەبەستدارەکان و تێپەڕین بۆ سەردەمی پاش بازاڕدا” . نووسینی: جەوادی لێگزیان.
2- دەقی ”ئاکامی کار یان ڕێنسانسی کۆیلەتی” . نووسینی: جۆرج کافێنتزیس ،وەرگێڕانی: تارا بەهروزیان.
3- کتێبی ”ئاکامی پیشە : نەمانی هێزی پیشەی دونیایی و سەرهەڵدانی سەردەمی پاش بازاڕ” نووسینی جێرمی ڕیفکین”،وەرگێڕانی: حەسەن مۆرتەزەوی.

ماستەر لە کۆمەڵناسی