خەبات: ئاكۆ عەبدوڵا:- بزورگی عەلەوی گەورە رۆماننووسی ئێرانی لەرێگەی تابلۆی (چاوەكانی) نیگاركێشێكی ئاھ هەڵكیش، لەڕۆمانی (چاوەكانی) رقی پەنگخواردووی میللەتی بەرامبەر بەدەسەڵاتی سەركوتكاری شای وڵاتەكەی نیشانداوە. خۆزێ دی ساراماگۆی رۆماننووسی پورتوگالیش لەڕۆمانی (كوێری)، گۆڕانی كتوپڕی ترسێنەرانەی ژیانی مرۆڤی خستۆتەڕوو. لەو كاتەی هەستی بینین لەدەست دەدات و بەهۆیەوە ژیان دووچاری تەنگی دەبێت و ترسی تێدەكەوێ. (سەرهەد تۆفیق مەعرووف) یش لەڕۆمانی (دەبێ ڕەنگی چاوەكانی چۆن بێ؟) كە ساڵی رابردوو بەتیراژی 500 دانە لەچاپخانەی مەم و زین بڵاویكردەوە. زەنگی مەترسی لەیەكدابڕانی كورد و ئەو پاشاگەردانییەی لێداوە كە ئەمڕۆ گەلەكەمان، بەتایبەتی ئەو بەشەی باشوور تێیكەوتووە. هۆكار و ئامانج و تەنانەت گرێ و رەهەندەكانی ئەو كارە بەبەراورد بەو دوو رۆمانەی ئاماژەمان پێدان جیاوازن. لای سەرهەد تۆفیق ناونیشانی رۆمانەكە پرسیارێكە زۆر كەسی ناو رۆمانەكە (كە ژمارەی كارەكتەرەكانی كەمە) بەدوایدا وێڵن و بەردەوام دەپرسن، بەتایبەتی خەپەگوڵ و كارەكتەری سەرەكی. كە ئەوەی دوایی لەلایەك سەرگەردانە و شێتانە بەدوای ئەو پرسیارە وێڵە و لەلایەكی دیكەش وەك كەسێكی زانا و دووربین و خەمخۆر، باسەكان دەگێڕیتەوە. شەیدابوون و بەردەوامبوونیشی لەپرسیاركردنی ڕەنگی چاوی ئەوەی مەبەستییەتی و بۆێ دەگەڕێت، وەك رازێك وەهای كردووە لەناو خەڵكی بەشێت بناسرێت، لەكاتێكدا شێت نییە و دەرچووی زانكۆیەشە. لەخەڵوەتی خۆشی سەرقاڵی نووسینی رۆمانێكە بەناونیشانی دەبێ ڕەنگی چاوەكانی چۆن بێ؟.
چیرۆكخوێن بەمنداڵی لای خەپەگوڵ زۆر گوێبیستی پرسیاری (دەبێ ڕەنگی چاوەكانی چۆن بێ؟) دەبێت، كە پێدەچێت تاكە مەبەستی خەپەگوڵ بووبێ. بۆیە دوای مردنی ئەو، بەردەوام دەپرسێ. بە هەر كەس دەگات پرسیاری ئەوەی لێدەكات (دەبێ ڕەنگی چاوەكانی چۆن بێ؟) وەڵامی ئەو پرسیارەشی زۆر بەلاوە گرنگ دەبێت، تا وەهای لێدێت ئەو پرسیارە دەكەوێتە سەر زمانی خەڵكی شارەكانی دیكەش. هەندێك جار چیرۆكخوێن وەهای بەخەیاڵدادێت ئەو چاوەی بەدوایدا وێڵە چاوی كەسێكی مێینەیە، بۆیە چەند جارێك بەكچ و ژن دەگات و لەڕەنگی چاوەكانیان دەپرسێ بەڵام ئەوان رووخساریان داپۆشراوە، یاخود چاو و رووخساریان شێوێنراوە. بەو پاساوەی تاكو كەس نەزانێ رەنگی چاوەكانیان چۆنە. ژنانێكیش لەبەردەمیدا وەها خۆیان دەردەخەن خۆیانن، ئەوەی ئەو بەدوایاندا دەگەڕێ و وێڵ و سەرگەردانی رەنگی چاویانە، بەڵام لەبەر ئەوەی چاوەكانیان نابینێ بۆیە رازی مەتەڵەكەی بۆ هەڵنایەت. لەدەیالۆگێك دا گلەیی لێدەكرێت و پێیدەڵێن (بۆ لەوەتی بیردەكەیتەوە بەدوای ئەو كچەدا دەگەڕێی بۆ ئەوەی بزانی ڕەنگی چاوەكانی چۆنە؟ ئەگەر شەیدای نەبووی بۆ هەرچی ژیانی خۆت هەیە تەرخانت كردووە لە پێناوی هیچ سەرفی دەكەی؟ ژیان لەسەر نازانم هەڵدەچنرێ؟).
بەڵام كاتێك خوێنەر وردەبێتەوە دەبینێ ئەوەی چیرۆكخوێن بەدوایدا وێڵە، ئەوەی كە پێشترش خەپەگوڵ عەوداڵی ببوو، هەرگیز ئافرەت نییە، هەرچەندە لەسەر بەرگی رۆمانەكە هێلكاری رووخساری ئافرەتێك بەدوو چاوی گەشەوە بەگەورەیی كێشراوە، بەڵكو خاكە، خاكی داگیركراو و دابەشكراوو! بەرهەمەكەش كاردانەوەیەكە بۆ پارچە پارچەكردنی كوردستان و داگیركردن و لكاندنی هەر پارچەیەكی بەدەوڵەتێك كە ئەوان بەردەوام ستەم لەخاك و خەڵكەكەی دەكەن و تەنانەت لەبەشێكی نكۆڵی لەدانیشتوانەكەشی دەكەن. بۆ ئەو مەبەستەش سەرپێیانە ئاماژە بەستەمكاری عەرەب و تورك و فارسەكان دەكات. بەتایبەتی عەرەب چونكە جوگرافیای ناو رۆمانەكە، ئەو بەشەی كوردستانە. خوێنەر ئەوەشی بۆ دەردەكەوێ ئەو شارەی كە چیرۆكخوێنی لێ هاتۆتەدونیا لەلایەن عەرەبی بەدەوی دەست بەسەر زەوی و زاریدا گیراوە و بەسوكیش لەخاوەن زەویەكەیان روانیوە. لەو بارەوە لەشوێنێكی رۆمانەكەدا هاتووە (ئەوانەی بەرپرس بوون، لە دەوڵەتی عەرەبی عێراق، بەردەوام خەریكی كوشتنی كوردەكان بوون، چونكە كوشتن لەگەڵ خوێنی عەرەب تێكەڵ بووە، ئەستەمە بتوانن خۆی لێ دەرباز بكەن..).
بێگومان بەهۆی ئەو سیاسەتە بەدەی تەعریبی عەرەب، رووبەرێكی فراوانی زەوی كوردستان داگیركراوە. لەدەستووری حكومەتی نوێی عێراقی دوای روخانی رژێمی بەعسیش بڕیارێكی تایبەت بەو كێشەیە جێگیركراوە هەرچەندە دەسەڵاتی بەغدا بەدوای جێبەجێكردنی نییە. لەلایەكی دیكەشەوە بەداخەوە لەبەرامبەر ئەو داگیركارییە ریشەداكوتراو و بەردەوامە، كورد لەشوێن وشەی داگیركردن دەستەواژەی (ناوچە كێشە لەسەرەكان) ی بۆ بەكارهێناوە!
جگە لە عەرەب لە چەند شوێنی دیكەی ئەو بەرهەمە ئاماژە بەستەمكاری توركەكان لەشاری عەفرین كراوە. لەزۆر شوێنیش پەردە لەسەر ئەو گەندەڵییانە هەڵماڵراوە كە بارودۆخی ژیانی خەڵكی ناو ئەو هەرێمەیان بەو رۆژە سەختە گەیاندووە. تێیدا بێزاری خەڵكی لە گەندەڵكاران و ناپاكی دەسەڵاتداران دەبینرێت. لەوانە ئەوەی بەو دواییە بەسەر كەركوكیان داهێنا كە لەو رۆمانە و لەدەمی خەڵكی دیكەش (بەفرۆشتنی كەركوك) ناو دەبرێت. بەداخەوە كردارە خراپەكان و گەندەڵییەكان و ناپاكییەكان زۆرن، وەك چۆن ستەمكارییەكانی سوپا و حكومەتی توركیش بەرامبەر بەكورد و كوردستان زۆرە، تەنیا ئەوە نییە كە لەعەفرین ئەنجامیداوە، وەك ئەوەی لەو رۆمانە جەختی خراوەتە سەر!.
لەشوێنێكی دیكەی رۆمانەكە تەواوی مرۆڤایەتی بەنابینا دانراوە، چونكە چاویان نابینایە تەنیا بۆ ئەو شتانە نەبێت كە ئارەزوویانە. تەنانەت گلەیی لەدەسەڵاتیش دەكات كە چاوی زۆر كەسی بەستۆتەوە بۆ ئەوەی نەبینن. لەدیالۆگێك بەچیرۆكخوێن دەڵێن (كوڕە شێتە، ئەوە تۆ دەڵێی چی؟ نەك شار، وڵات بە تەواوی نابینان. ڕەنگە تەواوی مرۆڤایەتیش وابن تۆ سەیرت كردووە، هەر وڵاتێك دەیەوێ بۆ وڵاتێك بڕوا داگیری دەكات، كەسیش نایبینێ).
لەشوێنێكی دیكە وەك چارەسەر بۆ بارودۆخەكە دوو گەنج بەو جۆرە بەچیرۆكخوێن دەڵین (مامۆستا تۆ دەبێ ئەوپەڕی هاوكاریمان بكەی لەم هەڵبژاردنەی وا بە ڕێگاوەیە ئێمە كارێك بكەین خەڵكی بنێرینە پەرلەمان، هەوڵی ئەوە بدەین خەڵك هۆشیار بێتەوە و ڕووبەندەكانیان فڕێ بدەن، بۆ ئەوەی هەرچی ستەم هەیە لەم وڵاتەدا بیبینن).
سەبارەت بەلادانی رووبەندیش بۆ دەركەوتنی رەنگی چاوەكانی ئافرەتێك كە شەیدای چیرۆكخوێن بووە، ئافرەتەكە پێیدەڵێت (ئەم ڕووبەندە ئەوەندە ئاسان نییە، هەركاتێك ویستت لایبدەی هەركاتێك ویستت دایپۆشی…. ئەوەندە قورسە وەك ئەوە وایە یەك مرۆڤ بیەوێ بەتاقی تەنیا چیایەكی وەك پیرەمەگرون بەكۆڵەوە بگرێ، كردنەوەی چاوەكان ئەوەندە قورسە. ئەوە بەتاكە كەسێك ناكرێ ئەوە دەبێ كورد هیچیتر ئەوەندە لەناو خۆیان ناكۆك نەبن. یەك بگرن بە هەموویان هێزی خۆیان كۆكەنەوە. بۆ ئەوەی بتوانن رووبەندەكە فڕیبدەن و چاویان بۆ دنیا بكەنەوە بڵێن ئەوەتا توانیمان ڕەنگی چاوەكانی ببینین).
ئەوەی لەو رۆژگارە ئەو رۆمانە بخوێنێتەوە ناچارە وەك خەپەگوڵ و چیرۆكخوێن عەوداڵانە بپرسێ: دەبێ ڕەنگی چاوەكانی چۆن بێ؟… بەو هیوایەی نەوەی داهاتوو بەپرسی لەو شێوەیە سەرقاڵ نەبێت!









