خەبات:حەمە ئەحمەد جاف:- هونەرمەندی شێوەكار (دەریا فەرید بەكر ئەیوب شكاك) ناسراو بە(دەریا شكاك) كچی مامۆستا (فەرید زامدار) ی شاعیر و رۆژنامەنووسە. ساڵی 1981 لە خێزانێكی هونەرپەروەرو و ئەدەبدۆستی شاری هەولێر لەدایكبووە. ساڵی 2003 پەیمانگای هونەرە جوانەكانی سلێمانی تەواو كردووە. لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی منداڵانی كوردستان، سەرەتا لەگۆڤاری (كۆلارە) ی منداڵان وەك هونەرمەندێكی شێوەكار كاریكردووە. ئەندامی گرووپی (دارستان) ی سەر بە گرووپی ئەنیمەیشن بووە كە كاری ئەوگرووپە درووستكردنی كورتە فیلم بووە بۆ منداڵان. هەروەها وەك شێوەكار و نەخشەساز لە بەڕێوەبەرایەتی (خانەی سمۆرە) لە سلێمانی كە تایبەت بوو بە بڵاوكردنەوەی كتێبی منداڵان كاری كردووە. لە قۆناغی خوێندنی ناوەندی تاكو ئێستا بەشداری چەندین پێشانگای هاوبەشی شێوەكاری كردووە. ئێستاش لە ناوەندی بەشەكانی پەروەردەی پیشەیی گەلەری (كۆچێرا) لە هەولێر مامۆستایە.

*سەرەتا دوور لە كاری هونەر دەپرسم دەریا فەرید زامدار یان دەریا شكاك كامیان ؟
ـ دەریا شكاك، چونكە گەر هونەرمەند بووی كاتێك نازناوێكت پێئەبەخشرێ، ئەوە پەیوەستە بە هەست و نەستی ئەو كەسە جا چ شاعیر بێ یان شێوەكار،ئەوەیان جیاوازە لە نازناوی بنەماڵە.. كە زۆربەی هونەرمەندان بەكاری ئەهێنن وەك بەڕێزت و هەروەها منیش، بێگومان هەمیشە فەرید زامداری باوكم كەپێشووتر لەگەڵماندا بوو، مەخابن كە ئێستاش بە جەستە لێمان دوورە، سەربەرزم پێی و جێگەی شانازی گەورەی من بووە. كاتی خۆی پرسم پێی كردوە كە نازناوی هونەریم (شكاك) بەكار ئەهێنم كەناوی بنەماڵەی خۆیەتی،پێی خۆش بوو سەربەستی كردم لە هەڵبژاردنی هەرچی نازناوێك.. بۆیە من هەر لە زووەوە ناوی بنەماڵەی خۆمم خۆشویستوە، بۆیە شكاكم وەك نازناوی هونەریم هەڵبژاردووە، بە ڕاستی ئەو ناوەم خۆشدەوێ.

*پێناسەت بۆ هونەر بەگشتی و هونەری وێنە و شێوەكاری چییە ؟
– هونەر بەگشتی رەنگدانەوەی ناخ و دڵە.. جا هەر كەسێك بەشێوەیەك باس لە ناخی خۆی ئەكا.. هونەری وێنەكێشان زمانێكی بێ سنوور و بینینێكی بێ سنووری هەیە، بۆیە ئەتوانم بڵێم جوانترین دەربڕینی هەستە.

* تۆ لە سێبەری باوكێكی شاعیر و شێوەكار و ڕۆژنامەنووسدا پەروەردە بووی، كەچی فڵچەی هونەری شێوەكاریت هەڵبژارد، ئەوەیان بۆچی؟
– بەڵێ، لە نێو شیعرەكانیدا ژیام و نەژیام و لەنێو نووسینەكانیدا زۆر گەراِم و ونبووم. بەڵام خۆم لە نێو فڵچەو رەنگ و تابلۆدا دۆزیەوە و خۆشمویست، چونكە شیعر و نووسینیشم هەر لەوێ دۆزیوەتەوە.

*ئێستاو دوێنێی هونەری كوردی چۆن دەبینی؟
– هونەری كوردی لە هەموو بارودۆخێكدا توانیویەتی كاری خۆی بكات و لە هەموو سەردەمێكدا جێ پەنجەی خۆی جێ بهێڵێت و تاكو ئێستاش هونەرمەندانمان بەردەوامن لە نوێگەری و پێشخستنی هونەری كوردی.

*جیاوازی شاعیر و شێوەكار لە نێوان نووسینی شیعر و نەخشاندنی وێنەدا؟
– هیچ جیاوازییەك لە نێوانیاندا نابینم، چونكە شاعیر بە وشە و شێوەكاریش بە وێنە هەستەكانیان دەردەبڕن.

*ئەی هیچ جیاوازییەك لە نێوان فڵچەی دەستی هونەرمەندانی ژن و پیاودا دەبینی؟
– خۆی وێنەكیشان بۆ هەر هونەرمەندێك جا چ پیاو بێ یان ژن جیاوازی یان تایبەتمەندی خۆی هەیە،جاری وا هەیە بە شێوازی تایبەتی كاركردنی هونەرمەندەكە ئەناسرێتەوە… رەنگە ئەو جیاوازییەی كە ژن درووستی كردبێ لە كارە هونەرییەكانیان بێ دەنگبوونیان یان بێ دەنگكردنیان بێت.

* لەپاڵ هونەرەكەت باوكت ئاسا هەوڵت نەداوە شیعریش بنووسی؟
– نەخێر، چونكە تاكە داواكاری باوكم بوو، كە هەرگیز هەوڵی نووسین نەدەم، لەگەڵ ئەوەی سەربەخۆی كردین لە هەڵبژاردنی هەر بوارێكی تری هونەری، تەنها نووسینی شیعر نا.. ئێمەش لاریمان نەبوو.. بەڵام دوای كۆچكردنی.. چەند جارێك بۆم نووسی بە مەبەستی شیعر نووسین نا.. تەنها دەربڕینی هەستی غەریبی دووریم لەئەو بوو.. نازانم شیعرە یان پێدا هەڵدانە.. ئەوە هاوڕێ شاعیرەكان باشتر ئەزانن.

*ئاشنایەتیت لەگەڵ كتێب و خوێندنەوە چۆنە؟
– هەر لە منداڵیەوە لەگەڵ كتێبدا گەورەبووم و ئاشنایەتیم لەگەڵیدا خۆشە و هاوڕێی تەمەنمە. بەتایبەت ئەو كتێبانەی كە تایبەت بە بواری منداڵانە. چونكە بەلامەوە گرنگە و كارم تێدا كردوە.. واتا تەنها هاوڕێین و ئەوەندە ئاشقی نیم.

*كێ هاوكار و هاندەرت بووە لە بواری هونەردا؟
– بە هۆی ئەوەی كە لە بنەماڵەیەكی هونەری گەورە بووم جگە لە باوكم دوان لە مامەكانم و دوان لە خاڵەكانم هونەرمەندن لە بواری هونەری جیاجیادا، بەگشتی هەموویان هاندەرم بوون بەتایبەت دایكم و باوكم و خاڵم (هەڵگورد جوندیانی) كە هونەرمەندی شێوەكارییە هەر خۆشەویستی ئەویش بوو بۆ منداڵان، وای لەمن كرد گرنگی بە هونەری منداڵان بدەم.

*تائێستا هیچ پێشانگایەكی وێنەو هونەرییت كردۆتەوە؟
– پێشانگای تایبەت نەخێر.. بەڵام بەشداری پێشانگای هاوبەشم كردوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی كار و هونەرەكەم بۆ خزمەتكردن و جوانكردنی جیهانی منداڵانە، واتا تایبەتمەندیم لە هونەری منداڵاندا هەیە.

*پیرۆزیی خاكی نیشتیمان و گەورەیی پێشمەرگە و شەهیدان لە كوێی فڵچەی هونەرەكەی تۆ دان ؟
– ئەو خاكە پیرۆزەی هەمیشە دوژمنان چاویان تێبڕیوە و وایكردوە بەردەوام پێشمەرگەكانمان گیان فیدابن و شەهیدی خاك و ئازادیمان زۆربێ.. بێ گومان رەنگدانەوەی هەبووە لە كارەكانمدا بە تایبەتی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەی شەهید.

*ڕەنگدانەوە و كاریگەریی مەرگی ئازیزان و كۆچ و جێهێشتنی نیشتیمان لە هونەرەكەی تۆدا؟
– هەرچەندە بە هەموو ئەو قۆناغانەدا ڕۆیشتووم و هەستم پێكردوون بەڵام هەتاكو ئێستا بەندم كردون و بوێری ئەوەم نەبووە بە هۆی رەنگ و فڵچەشەوە ئازادیان بكەم.

*ڕات چییە لەسەر هونەری وێنە و هونەری شێوەكاری لە جاران و ئەمڕۆدا؟
– بە بۆچوونی من هونەری شێوەكاری لە هەموو سەردەم و گۆڕانكاریەكاندا جوانیی و تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەرچەند گۆڕانكاری و نوێگەری لە هونەری شێوەكاریدا بكرێ ئەوە مێژووی هونەر گەورەتر و جوانتر ئەبێ.

*پڕۆژە و بەرنامەی داهاتووت؟
– لە ڕاستیدا پڕۆژەی داهاتووم پەیوەندی بە وێنەكێشانەوە نییە، خەریكی كۆكردنەوەو ئامادەكردنی هەموو دیوانە شیعرەكانی مامۆستا فەرید زامداری باوكمم. هەڵبەتا ماوەیەكی زۆرە سەرقاڵم پێیانەوە و نازانم ماوەی چەندیكەم ئەوێ بۆ تەواوبوونی، چونكە باوكم دووبارە دەسكاری تێكستە شیعرییە كۆن و نوێكانی كردۆتەوە.. هەربۆیە بەوردی كاری تێدا دەكەم نامەوێ هیچ هەڵەیەكی تیدابێت.

بەشێک لە کارەکانى دەریا شکاک