خەبات: رۆشنا عەلی:- لە دوای كۆتایی هاتنی پرۆسەی هەڵسەنگاندن لە قوتابخانەكان و ناڕازی بوونی هەندێك قوتابخانە لە پرۆسەكەو ئەو كێشانەی هەڵسەنگاندن نەیتوانی چارەسەریان بكات، هەروەها گۆڕانكاری لە سیستەمەكە و پرسی راگەیاندنی 381 پلەی سەرپەرشتیاری و چەند پرسێكی تری تایبەت بە پەروەردەو سەرپەرشتیكردنەكەی دیمانەیەكی تایبەتمان لەگەڵ مامۆستا هەینی قادر بەڕێوەبەری گشتی سەرپەرشتیكردنی پەروەدەیی ئەنجامدا:

*ئێوە 10 مانگە دەستبەكار بوون و پێشتر لە یەكێتی مامۆستایان زیاتر سەرقاڵ بوون، ئایا دانەبڕابوون لە كاری سەر پەرشتیاری بە تایبەتی كە ئێستا پرۆسەیەكی نوێیە بۆ كاری سەرپەرشتیاری؟
نەخێر بە هیچ شێوەیەك دانە بڕا بووم سەرباری كاری یەكێتی مامۆستایان ،بەڵام كاری خۆشم وەك وەزیفە هەبووەو بەردەوام بووم هەر لەناو پرۆسەكەدا بووم و لێی دانە بڕاوم.

*قورس نییە ئەم بەرپرسیارێتییە لە كاتێكدا ئەكرێت وەك قۆناغی گواستنەوە ناوببرێت بۆ كاری سەرپەرشتیاری لە نێوان دوو سیستەمدا و سیستەمی نوێش كێشەی زۆرە؟
من قورسی نابینم ئەوە لە چوار چێوەی ئەو گۆرانكاریەدایە كە لە ساڵی( 2007) بریار لەگۆرانكاری لەسەر پرۆسەی خوێندن لە تەواوی هەرێمی كوردستان دراوە ئەو پرۆسەیەش كە ئێستا جێبەجێدەكرێت بەشێكە لەو سیاسەتە نوێیەی وەزارەتی پەروەردە لەساڵی ( 2011) وە پەیڕەوی كردووە، بەڵام دۆخی خراپی دارایی لە ساڵی (2014)ەوە هاتە پێش و كارەكەی ئێمەی راگرت سەرەتا لە بنەرەتییەكانەوە دەستمان پێكرد لە دوای (2018) ەوە لە قۆناغی ئامادەیی ئەم پرۆسەیە دەستی پێكرا قۆناغێكی باشی بڕی ،بەڵام بە هۆی سەرهەڵدانی نەخۆشی كۆرۆنا لەسەرەتای ساڵی 2020 مانگی شوبات راگیرا، پرۆسەكە نوێیەو جۆرێك لە جموجۆڵ و ئەكتیڤ بوونی بەرێوەبەرانی قوتابخانەكانی تێدا بەدیدەكرێت و كێبڕكێی لە نێوان كارگێڕی قوتابخانەكاندا دروستكردووە.

*ئەم ساڵ پرۆسەكە تەواو بووە ، بەڵام ئەوەی لەسەری دەوترێت ئەوەیە كە هەڵسەنگاندنەكان میزاجی كەسی زۆر تێدا بەكار هاتووە بە جۆرێك بە دەگمەن ئەكرێت بڕوا بكەی قوتابخانەیەك ئاستی بە مافی خۆی هێنا بێت ئێوە ئاگادارن؟
بەڵێ‌، ئاگادارین و ئێمە هەمیشە هەماهەنگین لەگەڵ تەواوی لیژنەكان لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ئیدارە سەربەخۆكان كە رێگا نەدرێت بە كاركردنی میزاج لە لایەن لیژنەكانی هەڵسەنگاندن ، رێگریش كراوە لەو حاڵەتە لەلایەن لیژنەی كوالێتی كە لە هەموو قەزاكان و پارێزگاكان دروستكراوە، لە قەزاكان لە سێ‌ كەس پێك دێن سەرپەرشتیاری یەكەم و دوو سەرپەرشتیاری دیكە لیژنەی كوالێتی لە پارێزگا لە پێنچ ئەندام پێكدێت لیژنەی سەرپەرشتیاری پارێزگاو چوار ئەندامی تر ئەو پەڵپ گرتنەی ئیدارەی قوتابخانەكان دەیكەن وەك نارەزایی لەو ئاستەی پێیان دراوە ئەو لیژنانە بەدواداچوون بۆ ئەو حاڵەتانە دەكەن بۆیە ئاگادارین و بەدواداچوونمان هەیە قوتابخانە هەیە ئاستەكانیان گۆڕاون دوای ئەوەی لیژنەی دووەم سەردانی كردووە.

*چ گۆڕانكاریەك ئەبینن كە ئەنجامی ئەم هەڵسەنگاندنە لە قوتابخانەكاندا، دەتانەوێ‌ بەم هەڵسەنگاندنە بەچی بگەن؟
ئەوەی جێگای دڵخۆشییە ئێمە بەیەك سیاسەت و بەرنامە لە هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان هەموو قوتابخانانەكان بەیەك ئاست و پێوەر هەڵسەنگاندنیان بۆ دەكرێت، هەرچەندە قوتابخانەكان لەگەڵ یەك جیاوازن لەرووی كۆن و تازەیی وبیناو روبەر ئەوانەشمان رەچاو كردووە بۆ ساڵی داهاتوو لەگەڵ رێكخراوی بریتش كاونسڵ قسەمانكردووە كە پێداچوونەوە بە ئاستەكان بكرێت و گۆرانكاری تێدا بكرێت چوار ئاستەكە بمێنێت، بەڵام نمرەكانی بگۆڕێت.

*ئاستەكان زیاد دەكەن واتە پێنچ ئاست بێت؟
ئەگەر زانیمان بەرژەوەندی وا دەخوازێت ئاستێكی دیكە زیاد بكەین ئەوەش بۆچوونێكەو دەكرێت.

*من چەند جارێك كارم لەسەر ئەم بابەتە كردووە بابەتی هەڵسەنگاندن قسەم لەگەڵ سەرپەرشتیاران كردووە ، هەموو كۆكن لەسەر ئەوەی لایەنی نەرێنی ئەم پرۆسەیە نەبوونی بواری پسپۆرییە بیرتان لە گۆڕانكاری لەم بابەتە نەكردۆتەوە؟
هەر لەسەرەتای دەسپێكی ئەم سیستەمەوە ئەو دەنگۆیە هەبوو لە ناو سەرپەرشتیاران كە سیستەمەكە پسپۆری وەلاوە ناوە لە راستیشدا وایە، لەبەر ئەوەی ئەو لیژنەیە كە دەچێت هەڵسەنگاندنی پسپۆری بۆ مامۆستا ناكات ،بەڵام لە جیاتی سەرپەرشتیار بەرێوەبەر ئەو كارە دەكات و 100 نمرەی لەلایە بۆ هەڵسەنگاندنی مامۆستایان، لیژنەكەش چەند مامۆستایەك وەردەگرێت و هەڵسەنگاندنی بۆ دەكات، بەڵام بە گشتی وەك ئەدای مامۆستاو شێوازی وانە وتنەوەكەی و ئاستی زانستی و رەفتاری لەگەڵ قوتابی نەك وەك پسپۆڕی.

*ئێوە كێشەی كەمی سەرپەرشتیارتان هەیە؟
لەماوەی ساڵی 2018 تا ئێستا هیچ پلەیەكی سەرپەرشتیاری رانەگەیەنراوە و ساڵانەش خانە نشینمان هەیە و كۆچكردنیش هه‌یه‌.

*وازهێنان لە كاری سەرپەرشتیاری هەیە؟
بەڵێ‌ ئەویش هەیە ،بەڵام كەمە ماوەی 10 مانگە كە من دەستبەكار بووم دوو حاڵەت هەبووە.

*تا ئێستا چەند كەس داواكاری پێشكەشكردووە بۆ ئەو پلە سەرپەرشتیارانەی راتانگەیاندووە؟
هەتا ئەمرۆ گەشتۆتە 2125 كەس پێشبینی دەكەین زیاتر بێت ماوەكەشی درێژ ناكرێتەوە.

*ئەگەر لە و دوو هەزارە 500 لە تاقیكردنەوەكەدا دەرچوو چی دەكەن چۆن 381 دەستنیشان دەكەن؟
ئەو( 500)ە دەكەوێتە كێبڕكێ‌ و دەبێت لە 60 زیاتر بهێنێت و داغڵی فلتەرەكانی تر دەبن و كێبڕكێ‌ دروست دەبێت بێگومان لە بەرزترین نمرەوە دێتە خوارەوە تاقیكردنەوەكانیش پسپۆڕییە و هەڵسەنگاندنی دەرەكییە و سیستەمەكانی خوێندن و ئەزمونەكانە و دوو تاقیكردنەوەیە یەكێكیان ئەگەر لە 60 زیاتری هێنا دەكەوێتە ناو كێبڕكێ‌ دووەم تاقیكردنەوە 30 نمرەی لەسەرە چاوپێكەوتنە و10 نمرەش لەسەر كۆمبیوتەرەو دە نمرەش لەسەر دۆسیەی كەسی مامۆستایە.

*گلیەییەكی زۆر هەیە لەسەر ئەو هەموو رێكارە بۆ پێشكەشكردن و رۆتنیاتی زۆر لە كاتێكدا دیار نییە كەسەكە ئەبێتە سەر پەرشتیار یان نا بۆچی ئاسانتر نەبوو ئەم پرۆسەی پێشكەشكردنە؟
ئێمە توندمانكردووە لە راستییا ئەوەش لەبەر پەرۆشیمانە بۆ كاری سەر پەرشتیاری وە خودی جەنابی وەزیریش لەسەر ئەوە كۆك بوو كە ئەم كۆمەڵە نوخبەی مامۆستای سەرپەرشتیار هەڵبژێرین و ئەوانە ببن بە سەر پەرشتیار.

*ئێوە دەڵین مامۆستای باش ببێتە سەر پەرشتیار، چۆن ئەزانن ئەم مامۆستایە باش بووە و مامۆستا بووە؟
لە كاتی چاوپێكەوتن بۆمان دەردەكەوێت و دۆسیەكەی كە دێتە دەستمان دەبێت ئەو كەسە بە فەرمی و بە ناونیشانی مامۆستا 12 ساڵ مامۆستایەتی كردبێت هەتا كەسێكی وا هەبێت ئەوانی تر ناهێنینە پێش هەر كەسێك زۆربەی ساڵەكانی بە مامۆستایەتی بردبێتە سەر لە كەسێكی تر لە پێشترە ئەگەر نمرەكەی كەمتریش بێت.

*مامۆستایەكی زۆر هەیە تا ئێستا لە پەروەردەكان كاریان بۆ نەكراوە وەك پوختەی ڕاژە لەبەر قەرەباڵغی لەسەر پەروەردەكان ئەوانە دەفەتەكەیان لە كیس ناچێت؟
ئەوەی هەتا دووی مانگ كاتژمێر (یه‌كی) نیوەڕۆ تەنها راژەكەی مابێت ئێمە دواتر راژەكەی لێ وەردەگرین ئەگەر تا هەفتەیەكی دیكەش تەواو بێت.

*ئەم سەر پەرشتیارانە هەموو دەبنە كارگێڕی بەو پێیەی باستان لە پسپۆڕی نەكردووە ئایا سەرپەرشتیاری هەمووی بەرو كارگێڕی بوون دەچێت؟
لەبەر ئەوە باسی پسپۆریمان نەكردووە وەكوپێشتر باسمانكرد ئەم پرۆسەیە كاری پسپۆری تێیدا لاوازە و سەرپەرشتیاران لە چوارچێوەی پرۆسەی بنیاد نانی تواناكان كاردەكەن بۆ پسپۆریش هەوڵمانداوە لەگەڵ راوێژكاری بەرنامەی بریتش كاونسڵ قسە بكەین و رێگایەك بدۆزینەوە بۆ ئەوەی پسپۆرییەكان بە جارێك پەكنەخرێت.

*ئەگەر تاقیكردنەوەی سەرپەرشتیاری لە پسپۆری نییە كەواتە تەنها پرسیاری كارگێڕییە بەرچاو روونیتان چییە بۆ پێشكەشكاران؟
مەرجە مامۆستا زانیاری گشتی لەسەر پەروەردە هەبێتـ واتە هەر بابەتێك پەیوەندیدار بێت بە پرۆسەی خوێندن دەچێتە چوار چێوەی ئەو بابەتە واتە رۆشنبیری گشتی پەروەردەیی وە هەروەها سەرجەم پرسیارەكان هەڵبژاردنە لەسەر وەرەقەی سۆما وەك ئەزموونی پۆلی 9 و 12 دەستی كەسی ناگاتێ‌.

*ئەو گۆرانكاریانەی بە نیازن لە سیستەمی هەڵسەنگاندن بیكەن بۆ ساڵی ئایندە ئەنجامی دەدەن؟
بەنیازین بۆ سالێ‌ ئایندە كۆنفڕانسێكی پەروەردەیی ببەستین تایبەت بێت بە هەڵسەنگاندنی دەرەكی خۆمان بۆ ئەو كۆنفرانسە ئامادە كردووە، تەنها بریاری كۆتایی ماوە لای جەنابی وەزیرلەگەڵ راوێژكارانی بریتش كاونسڵ و هاوكارمان دەبن بۆ هەر گۆڕانكاریەك كە پێویست بێت بیكەین.

بەڕێوەبەری گشتی سەرپەرشتیكردنی پەروەدەیی بۆ خەبات دەدوێ