خەبات: هاوار مورتكه‌یی:- له‌ چۆمان و حاجی ئۆمه‌ران به‌ردی بناغه‌ی 4 پرۆژه‌ی كاره‌با كه‌ گوژمه‌كه‌ی نزیكه‌ی 13 ملیار دیناره‌ داندرا، ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ له‌ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌ و نه‌توانراوه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، ئه‌و پرۆژانه‌ش ئه‌گه‌رچی له‌ناوچه‌ سه‌خت و شاخاواییه‌كانن له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كی خۆمالی (كۆمپانیای هێرۆ) و به‌توانای كادیرو ئه‌ندازیارانی كورد، بڕیاره‌ له‌ماوه‌ی 300 رۆژدا جێبه‌جێبكرێن.

چوار پرۆه‌ی ستراتیژی
به‌ئاماده‌بوونی کەمال محه‌مه‌د ساڵح وەزیری کارەبا و هه‌ڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و به‌رپرسانی ئیداری و حزبی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی، له‌قه‌زای چۆمان به‌ردی بناغه‌ی ئه‌و پرۆژانه‌ دانران كه‌ بریتین له‌:
– بونیادنانی هێڵی 132 کەی ڤی سۆران2 – چۆمان بە درێژایی (45 کیلۆمەتر)
– بونیادنانی هێلی 33 کەی ڤیی چۆمان – حاجی ئۆمەران بە درێژایی (20 کیلۆمەتر)
– دابینکردنی وێستگەی مۆبایلی 132/33 کەی ڤی چۆمان بە قەبارەی 45MVA
– دابینکردنی وێستگەی مۆبایلی 33/11 کەی ڤی حاجی ئۆمەران بە قەبارەی 25MVA

چاره‌سه‌ری گرفتی ده‌ڤه‌ره‌كه‌
وەزیری کارەبا لەرێوره‌سمه‌كه‌دا وتەیەکی پێشكه‌شكرد و ئاماژه‌ی به‌ وردەکارییەکانی هەر چوار پڕۆژەکە داو گوتی: ئەم پڕۆژانە بۆ ماوەی چەندین ساڵ کێشەی کارەبا لە ناوچەکە چارەسەر دەکەن و بەم زووانەش، پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، هه‌وره‌ها ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد كه‌ ئەم چوار پرۆژەیە بە بەهای نزیکەی 13 ملیار دینار لە لایەن کۆمپانیای هێرۆوە جێبەجێدەکرێت و کێشەی نزمبوونی ڤۆڵتیەی کارەبا لە قەزای چۆمان چارەسەر دەکات كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ هاوڵاتیانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.

خواسته‌كانی هاوڵاتیان جێبه‌جێده‌كه‌ین
دواتر هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستخۆشی لە وەزارەتی کارەبا کرد بۆ ئەو ژمارە زۆرەی پرۆژە کە لە کابینەی نۆیەم لە سۆران جێبەجێ کردووە، چونكه‌ كاتی خۆشی حكومه‌تی عێراق نه‌یتوانیبوو به‌و ماوه‌درێژه‌ هێلی كاره‌با بۆ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ رابكێشێت، هه‌وه‌ها گوتی: ئێمه‌ له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران هه‌موو ئه‌و پرۆژانه‌مان دادوه‌رانه‌ به‌سه‌ر قه‌زاو ناحیه‌و گونده‌كانی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران دابه‌شكردوون كه‌ بتوانین خواسته‌كانی ئه‌و خه‌لكه‌ دابین بكه‌ین.

ده‌ستی كاری ناوخۆیی به‌هیز بێت
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئاری زرار بەرێوەبەری رێگه‌پێدراوی کۆمپانیای هێرۆ بەڵێنیدا کە پڕۆژەکان لەماوەی دیاریکراوی خۆیدا به‌كوالیتیكی باش و خه‌رجییه‌كی كه‌م جێبەجێ بكه‌ن و گوتی: ئه‌مه‌ وایكردووه‌ ده‌ستی كاری ناوخۆیی به‌هیز بێت و سوود له‌توانا و شاره‌زایی خۆمان وه‌گرین بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی كوردستان.

هه‌روه‌ها گوتی: له‌راستیدا جێبه‌جێكردنی ئه‌م پرۆژانه‌ هێنده‌ئاسان نییه‌، به‌تایبه‌تیش به‌وپێیه‌ی كه‌وتۆته‌ هه‌ڵكه‌وته‌یه‌كی جوگرافی سه‌خت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و شاره‌زاییه‌ی تیمه‌كانمان هه‌یه‌تی بڕوامان وایه‌ به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌و پرۆژانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ین.