سەردار حوسێن

پەكەكە، ئەو رێكخراوەی ئەگەر شۆڕشگێڕ بووایە، دەبوو ئێستا لە باكووری كوردستان بووایە، نەوەكو لە سێبەری باشوور دابنیشێت و لە نێوان دهۆك و زاخۆ بنكە و ئۆفیسەكانی ئیعلامی پارتی مووشەكباران بكات و میدیاكارانی پارتی بكاتە ئامانجی هێرشێكی تیرۆریستی ترسنۆكانە، بەڵام پەكەكە ئەوەندەیش نەزان نییە، كە نەزانێت بۆچی ئیعلامی پارتی دەكاتە ئامانج.!

پەكەكە و ئەوانەی پاڵپشتی مادی و مەعنەوی پەكەكە دەكەن، باش لەوە تێگەیشتوون كە ئیعلامی پارتی لەوەتەی هەیە، ئیعلامێكی نەتەوەییانەی نیشتیمانی و پابەند بە پرەنسیپ و ئەخلاق و ئیتیكی كاری رۆژنامەوانییە، كێ ئیعلام و ئیعلامییە راستەقینەكانی پارتی بینیووە هێرش بكەنە سەر هیچ كەس و لایەنێك..؟ كێ ئیعلام و ئیعلامییەكانی پارتی بینیووە تەشهیر و سووكایەتی بە پیرۆزیی و موقەدەساتی كەسێك یان چین و نەتەوە و تایەفەیەك بكات..؟! ئیعلامی پارتی ئەوەندە ئارامگر و پابەندە بە بنەما مرۆیی و كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانیش، زۆرجار رێزی لە دوژمنیش گرتووە، چجای دۆست، بەڵام كام دۆست.؟! ئەوانەی لەوەتەی هەن، هەر بەڵای سەری كورد و نیشتیمان بوونە..؟!

ئیعلامی پارتی هەر لە هەرێمی كوردستان نا، لە تەواوی عیراق و ناوچەكەیش ئیعلامێكی بێ وێنەیە و هاوشێوەی نییە، ئیعلامێكی هێمن و ئارامگر و لەسەرخۆیە، ئەوەتا ئیعلامی پارتی وەڵامی مووشەكبارانكردن بە بەیاننامە و ئیدانەكردن دەداتەوە، دەنا نە ئیعلامی پارتی بێتوانایە لە دروستكردنی رای گشتی و نە پارتیش هێندە بێهێزە، كە نەتوانێت وەڵامی مووشەك بە مووشەك بداتەوە، بەڵام هیچ كاتێك ئیعلام و ئیعلامییە راستەقینەكانی پارتی هێرشبەر نەبوونە، هەمیشە بەرگریكار بوونە و زۆرجاریش باجی ئەو هێرشە ئیعلامیی و مەعنەوی و عەسكەرییانەشیان داوە، كە نەیارانی كورد داینەمۆی بوونە، چونكە ئیعلامی پارتی هەمیشە بارودۆخی هەرێمی كوردستانی لەبەرچاو گرتووەو هەرگیز نەبۆتە مایەی ئاشووب و فەوزا و پشێوی دروستكردن.

پەكەكە و ئەوانەیش كە پەكەكە وەك داشی دامە هەڵدەسوڕێنن، زۆرباش لە ئیعلامی پارتی تێگەیشتوون، دەزانن بۆچی و بە چ ئامانجێك ئۆفیس و بنكە و وێستگەكانی ئیعلامی پارتی مووشەكباران دەكەن، بەڵام لەوە تێنەگەیشتوون كە مەرام و مەبەستەكانیان لای ئیعلامی پارتی ئاشكرایە و هەر بۆ مەعلوماتی پەكەكە و هەڵسوڕێنەرانیشیان، هەواڵ و هەوڵەكانی پارتی بۆ رێكخستنەوە و یەكگرتوویی نێوماڵی كورد، ئەوەندە بەهێزە، پارتی ئیعلامیشی نەبێت، دەستبەرداری پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان نابێت.