چنوور فەتحی

ئەم بابه‌ته‌ پێشه‌كیی وەرگێڕانی فارسیی ڕۆمانی “هەیئە”یه‌ كه‌ وه‌رگێڕ ناوی رۆمانه‌كه‌ی ‌له‌ چاپه‌ فارسییه‌كه‌ كردۆته‌ (فرار از جهنم). هەروەک لە پشت بەرگی نوسخەی کوردیی کتێبەکەدا ئاماژەی پێکراوە، نوسەری كتێبه‌كه‌ سەلام عەبدوڵڵا، ڕێکەوتی ٩/٨/٩٧٧ هاوڕێ لەگەڵ چوار کەس لە هاوخەباتەکانیان بە تاوانی چالاکیی سیاسیی دەستبەسەر دەکرێن و دەگوازرێنەوە بۆ زیندانی “هەیئە” لە کەرکووک. دووانیان دەتوانن لە زیندان هەڵبێن، و دووانی دیکەیان ئێعدام دەکرێن.

ئەم چیرۆکە زایەڵەی ئەو ڕووداوە ڕاستەقینەیە. هەیئە ناوی زیندانێکی نهێنی لە سەردەمی حکوومەتی سەددام حسێن بووە کە لە یەک لە سەربازگەکانی شاری کەرکووکدا هەڵکەوتووە. نووسەر بە پێی بەسەرهاتی خۆی هاوکات کە باسی ڕاستی و ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژانە دەکات، لە بەر ئەوەی کە بونیادی ڕۆمانی بۆ بەرهەمەکەی خۆی هەڵبژاردووە، کۆمەڵێک وێنەی نایاب و شکۆمەندی خەباتکارانی کورد دەئافرێنێت. هەروەها هەوڵی داوە بە ڕەخساندنی فەزایەکی بەرهەست لەم داستانەدا هاوکات کە بە واقیع و بەڵگەکان پابەندە، بەرهەمەکەی لە ڕاکێشەریی داستانیش بەهرەمەند بێت و بە ڕاستیش لەم بەرهەمەدا ڕەوایەت‌گەلێک دەبینین کە بە گێڕانەوەیان گەلێک نهێنیی ئەو سەردەمە ئاشکرا دەبێت.

پەرژانە سەر وردەکارییەکان لە کارەدا لە ئاستێکی پەسن و باشدایە، بە شێوەیەک کە دەکرێ بڵێین کەمترین خاڵی تەمومژاوی و نادیاری لە خۆ گرتووە. نووسەر هەوڵیداوە باسی وردەکارییەکانیش بکات و لە هەر بەشێکدا وەسفی شیاو ئاراستە بکات. بەردەنگ لەم کتێبەدا خۆی لە ناو ڕووداو و بەسەرهاتەکاندا دەبینێتەوە و ئەمەش نیشانی دەدات کە وردەکارییەکان توانیویانە ئەرکی خۆیان بە جوانی جێبەجێ بکەن و خوێنەر یان بەردەنگ لەگەڵ خۆیان رابکێشن.

کەسایەتییەکان بە جۆرێک داڕێژراون کە یەکەم سەرنج ئامادەیی شەپۆلێکی بەرین لەو خەڵکەمان بۆ دەخەنە ڕوو. کەسانێک لە بازاڕەوە، خوێندکار و دەرچووانی زانکۆ و ژمارەیەکی زۆر گەنجی خوێنگەرم کە جگە لە ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەکەی خۆیان چ ئامانج و مەبەستێکیان نییە و لەم ڕێگەشدا لە هیچ فیداکاری و لەخۆبردووییەک درێخیی ناکەن.

ئەدەبیات و ژانێری زیندان لە دوو ڕوانگەوە شیاوی لێکدانەوەن، یەکەم ئەو بەرهەمانەی لە زینداندا نووسراون و هەندێجار لە بوون بە بەرهەمی جیهانی و هەرە بایەخداری پانتایی ئەدەبیی جیهانیی نزیک بوونەتەوە و و ئەویدی ئەو چیرۆک و داستانانەیە کە لە بارەی زیندان و فەزا و کەسایەتییەکانییەوە هاتوونەتە نووسین. کە باسی ئەدەبیاتی زیندان دەکەین بتهەوێ و نەتهەوێ قسەمان لە سەر جۆرێکی تایبەت لە ئەدەبیاتە کە خاوەنی لق و پۆپی جیاجیا و تایبەتمەندی جۆراوجۆرە و نووسەرانێکی پڕئەژمار، بێ ئەوەی کە خۆیان چووبێتنە زیندان، بەرهەمێکیان خەلق کردووە کە لە زینداندا ڕوویداوە و زیندانی‌بوون، یان تەوەری سەرەکیی داستانەکە بووە یاخود دەورێکی گرنگ و دیایکەری لە پێشڤەچوونی چیرۆکەکەدا هەبووە. بەرهەمی وەک بێنەوایان‌ی هۆگۆ و … ئەم بەرهەمانە لە دەرەوەی زیندان و بە سەرنجدان بە زیندانی لە زیندان نووسراون. بەڵام نووسەرانێکی دیکەش هەن کە لەو ساڵانەیدا کە بە هەر هۆیەکەوە لە زینداندا بەسەریان بردووە، و یان دوای ئازادیی لە زیندان بەرهەمێکیان هێناوەتە ئاراوە کە بەستێنی بەرهەمەکەیان “زیندان” و “زیندانی” بووە و نموونەیەک لەم بەرهەمانە کە دەتوانین ئاماژەی پێ بدەین کتێبی سەیر و لەبیرنەکراوی “هانری شاریەر”ە بە ناوی “پاپیۆن” و یاخود هەندێ لە بەرهەمەکانی بوزوگ‌عەلەوی و… هەڵبەت بەرهەمی دیکەش هەن کە لە زینداندا نووسراون، بەڵام تەوەر و بابەتیان پێوەندیی بە زیندانەوە نییە. کەوابوو هەروەک ئاماژەی پێدرا ئەدەبیاتی زیندان لە دوو ڕوانگەوە شیاوی لێکدانەوەیە. یەکەم ئەو بەرهەمانەی لە زیندانەکاندا نووسراون و هەندێجار بوونەتە بەرهەمەی جیهانی و زۆر بەپێز و ناسراو لە پانتایی ئەدەبی جیهانیدا و ئەویدی ئەو داستانانەیە کە سەبارەت بە زیندان و فەزا و کەسایەیتییەکانی نووسراون و زۆربەی جاران هەر ئەم چیرۆکانە بوونەتە هەوێنی بەرهەمهێنانی فیلم و بەرهەمی گەورەی سینەمایی و زۆرێک لە فیلمە باشەکانی مێژووی سینەما ئاکامی بەکارهێنانی سەرکەوتووانەی سینەمایی لەو بەرهەمە ئەدەبییە بەرچاوانە لەم بوارەدا بووە. کتێبی “هەیئە” لەگەڵ ئەوەی کە لە مەڕ زیندان و فەزا و کەسایەتییەکانی چیرۆکەکە بە درووستی بابەتەکەی وەسف کردووە، هەڵگری تایبەتمەندییەکی بەرچاوی دیکەشە کە هەمان هەڵهاتنی ژمارەیەک لە زیندانییەکان لەو جەهەننەمە شاراوە و تۆقێنەرەیە. بێجێگە نییە گەر بڵێین ئەم کتێبە هەموو کەپاسیتییەکی پێویستی بۆ بوون بە بەرهەمێکی بمێن لە خۆ گرتووە و قسەیەکی زیادەمان نەکردووە گەر چاوەڕێی گۆڕانی بۆ دیکەی ژانێرە هونەرییەکانیش بین. چون یەک لە ناوەرۆکەکانی ئەدەبی جەنگ و خۆڕاگریی هەر وڵات و نەتەوەیەک، تەوەری هەڵهاتن لە زیندانە خەوفناکەکانی دوژمنە. گەلێک بەرهەم لە ئەدەبی ڕووسی، فەرەنسی، ئەڵمانی و … بوونیان هەیە کە پەرژاونەتە سەر بابەتی هەڵهاتن و ڕزگاربوونی زیندانییەکان لە چنگی دوژمن.

ئەدەبیاتی خۆڕاگری لقێک لە ئەدەبی بەبەڵێن و ئەرکدارە کە بە هۆی هەلومەرجی وەک کپکردن، زوڵم و زۆری ناوخۆیی، زەوتکردنی ئازادیی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی و… بیچم دەگرێت. لە باشووری کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئەو هەرێمە لە سەردەمی بەعس، ئەم چەشنە لە ئەدەبیات پلە و پێگەیەکی تایبەتیی هەیە. خۆڕاگری و بەرخۆدانی نەتەوەی کورد یەک لە تایبەتمەندییە هەرە دیار و بەرچاوەکانی ئەم نەتەوەیە و زۆر بە باشی لە بەرهەمی شاعیر و نووسەرانیدا ڕەنگی داوەتەوە. چەندین تەوەری وەک نیشتمانپەروەری و هەستی نەتەوایەتی، بانگهێشت بۆ بەرەنگاربوونەوە و فیداکاری، ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بە پرسە ناوخۆییەکان، هێوای ڕزگاری و هەوڵدان بۆ ئازادی و خواستی یەکگرتوویی و یەکڕیزی بەشێکن لەو ناوەرۆک و تەوەرانەی لەم جۆرە بەرهەمانەدا بەدی دەکرێن.

تۆوی ئەدەبی خۆڕاگری لە هەموو زەوییەکدا شین نابێت، بەڵکوو ئەو ساتەوەختەی وڵاتێک تژی بوو لە زوڵم و زۆر، چووزەی ئەدەبی خۆڕاگریی تێدا سەر دەردێنێت و بە گیانبازیی خەباتکاران گەشە دەکات و پتەو دەبێت. ئەدەبی پایەداری هەوڵ دەدات گڕی هیوا بە ئازادیی لە دڵی جوامێران و ئەوانەی ناچنە ژێر باری جەوری زاڵم، پایەدارتر بکات. بە گشتی ئەدەبی خۆراگری و بەرخۆدان هەوڵ دەدات بەرگریی لە بەرژەوەندیی ماددی و مینۆکی و کەرامەتی مرۆڤ بکات.

بە پێی شێوازی شیکردەوەی ناوەرۆک‌تەوەری ئەم کتێبە، دەگەینە ئەو ئەنجامە کە بەرهەمێکمان لە بەردەستدایە کە سەرجەم تایبەتمەندیە نڤیسارییەکانی سەر بە پێناسەی ئەدەبیاتی خۆڕاگریی لە خۆیدا جێگیر کردووە و بە گشتی دەکرێ بگوترێ کتێبێکە هەر لەم بوارەدا. نووسەر لەم کتێبەدا لە ڕیگەی گێڕانەوەی بەسەرهاتی تاکەکسی و واقیعیی خۆی لە سەروبەندی دەستگیرکردنییەوە تاوەکوو هەڵهاتن لەو جەهەننەمەی ناوی زیندانی “هیئە خاصە”ی کەرکووکە، هاوکات چەندین ڕەهەند لە ڕەهەندەکانی چۆنێتیی هەڵسوکەوتی ئەو ڕێژیمە سەففاکە لەگەڵ خەباتگێڕان و دزەکردنیان بۆ نێو ئەڵقەکانی بەرگریی جەماوەریی لە ناو شارەکان و لەوێشەوە دەستڕاگەیشتنیان بە زانیاری و هەواڵی تایبەت لە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە دەرەوەی شارەکان، و هەتاکوو دەستگیرکردن و ئەشکەنجە و زوڵمێک کە لەو خەڵکەی کردووە، نیشان دەدات و خوێنەر لەگەڵ ڕووداوەکان و سەربوردەی پاڵەوانی داستانەکە، تا کۆتایی کتێبەکەڕادەکێشێت.

لووتکە و وەک دەگوتری خاڵی تەشقی ئەم بەرهەمە ئەو شوێنەیە کە کەسایەتیی سەرەکیی چیرۆکەکە کە هەمان نووسەر خۆیەتی، سەرەڕای گرفتاربوونی لە چنگی حکوومەتێکی خوێنخۆر و دڕندە و دوور لە هەر چەشنە بڕوایەک بە مافی مرۆیی نەیاران و زینداییەکان، لەو زیندانە ترسناک و شاراوەیەشدا دەستی لە خەبات هەڵنەگرتووە و لە ڕۆچنێک بۆ دەرخستنی ڕۆحییەی خەباتکاری و بەرخۆدان گەڕاوە. دەگوترێ ئەدەبی خۆڕاگری لە سەر ئەو کارانە دەئاخفێ کە ئامانج لێیان، تەقینەوەی پۆتانسیەڵەکان و ئێنێرژییە پۆزەتیڤەکان، بە مەبەستی بەرهەڵستی و بەرەنگاربوونەوەیە و لە ڕوانگەیەک دەدوێ کە مرۆیی و پەڕگیرە و نەک ڕەگەزپەرستانە و چاوچنۆکانە. هەروەک لەم کتێبەشدا دەبینرێت لە کاتی هەڵهاتندا کەسانێک لەگەڵ نەخشەی گرووپەکە بەڕێکەوتوون کە، بە هۆی بەشداربوونی ڕاستەوخۆیان لەو بەرخۆدانە پێناسەکراوەدا نا، بەڵکوو بەڕێکەوت و بە هەڵە کەوتبوونە ئەم زیندانەوە، و دەکەونە ژێر کاریگەریی هەست و ڕۆحییەی خۆاگریی دیتران و ئەوانیش دەکەونە سەر ڕێگای ڕزگاریییەوە. بەرخۆدان هەمیشە هەوڵ دەدات خەڵک و ڕای گشتی بۆ “خۆڕاگری” ئامادە و تەیار دەکات. ئەدەبی خۆڕاگری تێدەکۆشێ بە گرنگیدان بە هەلومەرجی دژواری ژیانی خەڵک و ناساندنی داگیرکەر، ئامانجەکانی خۆی بپێکێ. خۆڕاگری لەو ڕووەوە کە ڕۆحی خۆڕاگری زیندوو ڕادەگرێ، پڕبەهایە. ئەدەبێکە کە لە باتیی “من” وشەی “ئێمە” بەکار دێنێت و لە ئامانجی هاوبەش دەدوێ. ئەدەبی خۆڕاگری دەیهەوێ بیر و هزری وەستاو لە سەر بوونی لەسەرحەقی مرۆیی لە جێگەی بیر و بۆچوونی دوژمنکارانە و داگیرکەرانە جێگیر بکات. ئەدەبی خۆڕاگری دەربڕی شوناس و ئەدەبێکە کە چاوی لە ئازادی بڕیوە و هەردەوام خەڵک و نەتەوە و پاراستنی بەها باڵاکانی لا مەبەستە.

تێبینی: ئەم بابەتە پێشەکیی وەرگێڕانی فارسیی ڕۆمانی هەیئەیە، خوێندنەوەیەکی جوانی بۆ ڕۆمانەکە کردووە، بۆیە بە پێویستمان زانی بڵاوی بکەینەوە.
(خەبات)