سەلام عەبدوڵڵا

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، کە ئێستا کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق، لە جریوەیەکدا – تویت- دەنووسێت:

“حکوومەتی هەرێم داوایەکی پێشکەشی حکوومەتی عێراق کردووە و داوای مەبلەغی(380) ملیار دۆلار، وەک قەرەبوو بۆ ئەنفالکراوان دەکات.”

ئەمە بووە بە بابەتی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ANB بە زمانی عەرەبی کە پێشکەشکارەکەی، بە تەنزەوە، دەیگوت؛ سەیر کاندیدی داهاتووی سەرۆککۆماری عێراق داوای قەرەبوو بۆ ئەنفالکراوان دەکات و وەک مەترسییەکی مەزن بۆ سەر گەلانی عێراقی وەسف دەکات و وەک داوایەکی بێ جێ باسی دەکات و خەڵکی پێدەترسێنێت! و پەیامێکیشە بۆ حکوومەتی عێراقی کە نابێ کاری وا بکات و ئەو قەرەبوویە بدات، هەر بۆیەش نابێت خەڵکی عێراق دەنگ بەو کاندیدە بدات، ئەگەرچی عەرەبیش باش دەزانێ و ئەمەش بە تەنز و قەشمەرییەوە دەڵێت.

ئەڵمانەکان دوای رووخانی نازییەکان شانیان دایە بەر قەرەبووکردنەوەی جووەکان و بە پێی رێککەوتننامەی لۆکسمبۆرگ لە ساڵی 1952 دا، لە سەر ئەو قەرەبووکردنەوەیە رێککەوتن و لە 1953 تا 1956 سێ ملیار مارکی بە ئیسرائیل دا و هەموو ئەوانەشی کە لە نێوان 1933 تا 1945 لە لایەن نازییەکانەوە ڕاو نرابێت مانگانەیان بۆ بڕایەوە و هەموو ئەو پیر و پەککەوتانەی لە لە ئەڵمانیا مابوون، لە ماڵەکانیان خزمەتی تەندروستی بکرێن و مانگانەشیان تا مردن پێبدرێت.

بە گشتی ئەڵمانیا 83 ملیار مارک و 63 ملیار یۆرۆی وەک قەرەبوو دایەوە بە جوولەکە و تەنانەت پارەی هەموو ئەو کرێکارانەشی دایەوە کە لە کاتی جەنگدا بە سوخرە لە فابریکەکانی ئەڵمانیا کاریان پێکرابوو کە ژمارەیان (140) هەزار جوو بوو.

حکوومەتی عێراق نەک تەنیا دەبوو قەرەبووی ئەنفالکراوان بکاتەوە کە ژمارەیان (182) هەزار شەهیدە و هەمووشیان خەڵکی سڤیل و هاووڵاتی ئاسایی بوون، دەبوو (4500) دێش کە حکوومەتی رووخاندبووی، بۆیان دروستبکاتەوە.

ئەم داوایەی حکوومەتی هەرێم داوایەکی ڕەوایە و دەبێت حکوومەت، جا هەر دەسەڵاتێک، لایەنێک یان حوکمڕانێک بێت، ئەو داوایەی کە وەزیری ناوخۆ و کاندیدی سەرۆککۆمار لە جریوەکەیدا، ئاماژەی پێدەدات، پێویستە لە سەری جێ بەجێی بکات نەک بە تەنزەوە، پێشکەشکارێکی هەرزە، بەو شێوەیە بۆ خەڵکی باس بکات.