کارگێڕی لقی ٢٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان گوتی، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق چەندین مۆڵگەی داعش لەناو بران و پێشمەرگەش بێ زیان بوو.

ئەرەسەلان عەلی، کارگێری لقی ٢٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان و بەرپرسی پێشووی ناوچەی پارتی لە دووزخورماتوو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ”ئۆپەراسیۆنێکی ھاوبەش لە سنووری دووزخورماتوو لە لایەن پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە دژی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەی قۆریجە بەڕێوە چووە، کە داعش لەو ناوچانە جموجۆڵی زۆر بووە، بۆیە ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجام دراوە، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە چەندین مۆڵگەی داعش لەناو براون و پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەش داعشەکان ڕایان کردووە، ڕەنگە زانیاریی پێشوەختەیان پێ درابێت.”

ئەرسەلان عەلی ڕوونیشی کردەوە: ”داعش لەو ناوچانە بە جۆرێک زۆر ببوو کە خەڵکیان دەڕفاند و دوو کەسیان ڕفاند و بە گوژمەی ٥٠٥ دەفتەر دۆلار ئازاد کراون”.

گوتیشی: ”لەو ئۆپەراسیۆنەدا بۆمبێک بە ھێزی پێشمەرگەدا تەقییەوە، بەڵام خۆشبەختانە ھیچ زیانێکی نەبووە و ئۆپەراسیۆنەکەشدا زیاتر پێشمەرگە ڕۆڵی ھەبووە.”