د.سـامان سـۆرانی
سروشتی ئەو ململانێ ئاڵۆزەی لە شارۆچکەی شنگال درووست بووە، ڕەنگدانەوەی سروشتی ڕواڵەتی ناوخۆی عیراقە، کە بریتیە لە ململانێی نێوان گروپە چەکدارەکان لە پێناو سەپاندنی هەژموون و کۆنترۆڵکردنی شنگال لەلایەك و ململانێی هەرێمی نێوان تورکیا و ئێران لەلایەکی تر.
دیارە شنگال پاش ڕزگارکردنی لەدەستی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لەسەر ئاستی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و سیاسی و پێکهاتەی ئاسایشی و ئابوری بەدەست ژمارەیەك ئالنگاری دەناڵێنێ.
دوابەدوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر عیراق لە ساڵی ٢٠٠٣، پارتی کرێکارانی كوردستان (PKK) توانی بەهۆکاری هەبوونی بۆشاییەكی ئاسایشی وجودی سەربازی خۆی لە شنگال دامەزرێنێت. ئەگەر چی هێزەکانی پێشمەرگەی كوردستان توانییان ئەو بۆشاییە و بۆشاییەکانی تر لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان پڕبکەنەوە، بەڵام ئەم هەوڵە ڕێگر نەبوو لەوەی (PKK) ڕوو لە شنگال نەکات.
دوای ڕزگارکردنی شنگال لەدەستی تیرۆریستانی داعش ململانێیەکان لەسەر شنگال تەنها لە نێوان پارتی دیموکراتی كوردستان و (PKK) نەمایەوە، بەڵکو بازنەی ململانێیەکان لەسەر هەژموون بە هاتنی حەشدی شەعبی فراوانتر بوو.
ئەمەش بووە هۆکاری درووستبوونی گروپێکی ئێزیدی هاوپەیمان لەگەڵ (PKK)، لەژێر ناونیشانی یەکینەکانی بەرگریکردن لە شنگال. هەروەها یەکینەکانی ئافرەتانی سەر بە هێزەکانی ئێزیدخان درووست بوو، کە هاوپەیمانە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان.
شنگال بە هۆکاری لاوازی حکومەتی فیدڕال بوو بە ناوچەی ناکۆکیی نێوان پارتی دیموکراتی كوردستان و (PKK) و میلێشیاکانی سەر بە حەشدی شەعبی، چونکە شنگال وەکو ناوچەیەکی دابڕێنراو لە هەرێمی كوردستان دەکەوێتە ژێر ماددەی ١٤٠ی دەستوری عیراقی ساڵی ٢٠٠٥.
لە ڕووی کارگێڕی شنگال دوو ئیدارەی خۆجێی هەیە. ئیدارەی شارۆچکەی شنگال لە لایەن قایمقامی شنگال بەڕێوەدەچێت، ئەم ئیدارەیە سەر بە پارتی دیموکراتی كوردستانە و ئەرکەکانی لەدەرەوەی ئەو شارۆچکەیە بەڕێوە دەبات.
دەستەی کارگێڕی شنگال، کە بەشێکە لە ئیدارەی خۆسەری دیموکرات. ئەم ئیدارەیە (PKK) دایمەزراندووە و لە ناوەندی شارۆچکەکە کارەکانی ئەنجام دەدات و لەلایەن گروپە ئێزیدییەکان و دەستەی حەشدی شەعبی پاڵپشتی دەکرێت.
پاش ئەنجامدانی ڕیفراندوم بۆ سەربەخۆیی کورستان لە ٢٥ی ئەیولی ٢٠١٧ هێزەکانی سوپای عیراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دوای ڕووداوەکانی ١٦ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ هێرشێکی فراوان و بێ هۆکاریان کردە سەر ناوچە دابڕێنراوەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و بە تایبەتی لە شارۆچکەی شنگال ، بۆیە هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکە کشایەوە تا لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی عیراق ڕووبەڕووی پێکدادان نەبێت، لە بەرامبەردا (PKK) توانی بە هەماهەنگی لەگەڵ گروپە میلیشیاکانی سەر بە حەشد شوێن پێی خۆی لەو شارۆچکەیە جێگیر بکات و بمێنێتەوە.
دواتر لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ ڕێکەوتننامەیەکی مێژوویی سەبارەت بە شنگال لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕال ئەنجامدرا بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو پاشاگەردانییە ئەمنیەی، کە لەو شارۆچکەیە بوونی هەیە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ خاڵێکی ئەو ڕێکەوتننامەیە نەچۆتە واری جێبەجێکردن.
ئالنگارییەکانی بەردەم سەرکەوتنی ڕێکەوتننامەی شنگال بریتیە لە:
١- جێگیربوونی (PKK) لە دەوروبەری شارۆچکەی شنگال، بێجگە لە هەبوون ی گروپی ئێزیدی سەر بە (PKK) لە ناوەندی شارۆچکەکە.
٢- ئیدارەی شارۆچکەی شنگال و دەستەی ئیدارەی شنگال ئامادە نین دۆخی ئیداری ئەو شارۆچکەیە یەکلابکەنەوە.
٣- نەبوونی متمانە لە نێوان حکومەتی بەغدا و هەولێر، کە باڵی بەسەر پەیوەندییەکانی نێوانیان کێشاوە، بە تایبەتی ئەگەر بابەتەکە پەیوەندی هەبێت بە ئایندەی ئەو شارۆچەکیە، کە ئایا پاش ئاسایی بوونی دۆخی ئەو شارۆچەکەیە دەبێت بە هەررێمێکی سەربەخۆ؟ یان دەبێت با پارێزگایەکی گرێدراو بە بەغدا؟، یان دەگەڕێتەوە باوەشی هەرێمی کوردستان؟
٤- ئێزیدییەکان پێشوازییان لەم ڕێکەوتننامەیە نەکرد و ئێدارەیەکی خۆجێی و هێزی سەربازی خۆیان دامەزراند، هاوتەریب گروپە میلیشیاکانی سەر بە حەشدی شەعبی ڕێکەوتننامەکەیان ڕەتکردنەوە، بەمە دیمەنەکە ئاڵۆزتر بوو.
٥- هێزە سیاسیەکان لە عیراق، بەتایبەتی ئەوانەی لە ئێران نزیکن، بەردەوام کار بۆ جێ بەجێ نەکردنی ئەو ڕێکەوتننامەیە دەکەن، ئەو هێزانە بە تایبەتی دژ بەو بڕگەیە کاردەکەن، کە باس لە دەرکردنی لیواکانی سەر بە حەشدی شەعبی دەکات لەو شارۆچکەیە.
٦- تورکیا دژ بەوە بوو، هێزەکانی (PKK) بەرەو قووڵایی تورکیا دەربکرێت، چونکە تورکیا پێی وایە ئەوە کاریگەرییەکی مەترسیداری دەبێت لەسەر ئاسایشی تورکیا، بۆیە تورکیا مەبەستیە کاریگەری (PKK) لە ناو شنگال کۆتایی پێ بێت، تا ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ (PKK) درێژنەبێتەوە بۆ ناوخۆی تورکیا.
بۆ ئەم مەبەستە و لە پێناو دوورخستنەوەی چەکدارانی (PKK) لە ناوچەی تێپەڕبوونی پۆڕییەکانی وزە لە ١٨ی نیسانی ٢٠٢٢ ئۆپەراسیۆنی سەربازی “چڕنۆکی کلیل”ی دەستپێکرد.
کێشە بەردەوامەکانی نێوان حکومەتی بەغدا و هەولێر بووە بە هۆکاری ئەوەی لایەنی تر بۆشایی ئاسایشی لەو ناوچەیە پڕ بکاتەوە و وەبەرهێنان لە کارتی (PKK) بکات، بۆ ئەوەی ببێت بە ئالنگارییەکی ڕاستەقینە و ڕووبەڕووی هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕال بێت.
هەوڵەکانی حکومەتی کازمی بۆ نەهێشتنی هەژموونی (PKK) و داخستنی بارەگاکانیان بە هۆی فشاری زۆری لایەنە سیاسییەکانی سەر بەهێزی هەرێمی بێ بەرهەم مایەوە. لە ئێستادا کاریگەری (PKK) تەنها لە سنووری شنگال نەوەستاوە، بەڵکو درێژبۆتەوە بۆ ناو پاڕیزگای نەینەوا و کەركوك. بە پێی زانیارییەکان لە ڕابووردوو ئەم ڕێكخراوەیە دەستی هەبووە لە موشەکبارانکردنی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و کاری زیاتری کردووە بۆ درووستکردنی تونێلی نوێ لە ژێر زەوی بە مەبەستی فراوانخوازی و ئەنجامدانی چالاکی دژ بە هەرێمی كوردستان.
شنگال لە ڕووی جیۆسیاسی بەهای خۆی هەیە، بۆیە هێزە ناوخۆ و هەرێمییەکان بە گرینگییەوە دەڕواننە پێگەی ئەو شارۆچکەیە.
ڕاستە تورکیا و ئێران چەندین ڕێکەوتننامەی دووقۆڵییان واژووکردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی (PKK)، دوا ڕێکەوتن لە ئەیلولی ٢٠٢٠ ئەنجامدرا، بەڵام هیچی لێ شین نەبووە، چونکە ئێران مەبەستی نیە کارتی (PKK) تەنها بۆ تورکیا جێ بهێڵێت، تا ئەو کاتەی دۆخی سوریا ڕوون نەبێت و پرۆسەی سیاسی لە عیراق پاش هەڵبژاردنەکانی پێشوەختە و دامەزراندنی حکومەت بە لێڵی بمێنێتەوە.
چونکە ئەگەر حکومەتی داهاتوو لە عیراق لەگەڵ خواست و ویستی هێزە هەرێمییەکانی تەبا نەبێت، ئەو کاتە هێزە هەرێمییەکانی وەکو ئێران و تورکیا و ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو دەتوانن لەناوخۆی عیراق (PKK) وەکو کارتێکی فشار بەکار بهێنن، هەموو ئەم ئاماژە و هۆکارانە پێیمان دەڵێن دۆخی شنگال کێشەیەکە تا ماوەیەکی نادیار بێ چارەسەر دەمێنێتەوە.
پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان و دیبلۆماسیەت









