غازی حەسەن
گوتاری شیعریی نوێ، یان گوتاری نوێی شیعر دوورە لەدروشمی سیاسی و ئەو زمانە باوەی، کە بریتییە لەهاندانی شۆڕشگێرانە و پفدانی دەروونی و خۆ قەبەکردن و لەپێناو ئەوەی کەسانێک کارێک بکەن، هەموو شتەکانی دیکە ڕەش بکرێتەوە. گوتاری نوێ، بریتییە لەدروستکردنی زەمینەی گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینەوە و دۆزینەوە و لێکدانەوەی ئەو شتانەی لەنێو شتەکانی دیکەدا نابینرێن و شاراوەن، گفتوگۆیە لەنێوان شاعیر و خوێنەرەکانی. (د. وریا عومەر ئەمین) زانایەکی دیاری بواری زمانەوانییە، وەکو شاعیر نێوبانگی پەیدا نەکردووە، لەنێو هەندێک لەو دەقانەی بەناوی (سەیرانێکی شیعرستان) چاپی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٧ لە دەزگای ئاراس بڵاوکردۆتەوە و چاپی دووەمی بەهەندێک زیادکردنەوە لە بەغدا ساڵی ٢٠٢١ چاپکردۆتەوە. شاعیر کۆشاوە گفتوگۆیەکی نەرم، دونیابینییەکی تایبەت بەخۆی سەرکەوتووانە لەنێوان دەقە شیعرییەکانی دروست بکات و خوێنەرەکانی بەرەو بیرکردنەوە ببات، هەروەها لەنێوان خۆی و ناخی خۆشیدا وێناکردنێکی فکری و ئەخلاقی ڕاستگۆیانە دروست بکات، ئەو دەڵێت:
ئێستاش تامی تاڵاوی تۆ پڕی زارمە
نرکەی گریانت ئاوازی دڵی زارمە (د. وریا عمر آمین، ٢٠٢١، ١٦)،
ئەمە گفتوگۆیە، دیالۆگە لەنێوان خۆی و (ئەو)ێک، کە ناڕاستەوخۆ ئاماژەی پێ دەکرێت، کەسێک کە (تامی تاڵاوییەکەی ئەو) (پڕ زاری شاعیرە)، یان ئەمجارە لەگەڵ (منداڵی خۆی)، کە بە (بەهەشتێکی زەوتکراو)ی دەچووێنێت، دەکەوێتە گفتوگۆ و دەڵێت:
ئەی مناڵیم.. ئەی بەهەشتە زەوتکراوەکەم
ئێستاش بە کوڵ بۆت ئەگریم و شینت بۆ ئەکەم. ( د. وریا عمر آمین، ٢٠٢١، ١٦).
لەم دەربڕینە وێنە شیعرییەدا، کە گوزارشتە ناخەکییەی خۆیەتی، گفتوگۆ لەگەڵ کاتێکی دوور و سەردەمی منداڵی خۆی دەکات، گفتوگۆ لەگەڵ هەڵومەرجێک دەکات، کە ژیانی ئاسودە و خۆشی و بەختەوەریی ئەویان زەوتکردووە و ڕاشکاوانە وەسفی سەردەمی خۆشی منداڵی خۆی بە (بەهەشتێکی زەوتکراو) دەکات. ئەمە لەدونیا و ژیانێکی (بێ تاوان و خۆشییەوە) بۆ (زولم و زەوتکردن) دەمانگوازێتەوە.
ئێمە هەموومان ئەم قۆناغەی ژیانمان بینووە، قۆناغێکی خۆشە، هەموومان خۆزگەی گەڕانەوەی بۆ دەخوازین، گوتارێکە لەم دەقە پێمان دەڵێت، بەداخەوە (ئەم قۆناغەی ژیانم، هەڵسوکەوتم، بیرەوەریم، پەیوەندییەکانم، دەوروبەرم، گەڕەک، قوتابخانە، شوێن، کات، لەزەتی ئەوکات) هەمووی زەوتکراوە.
لەنێو دەقەکەدا ئێمە هیچ نابینین و دیار نییە (کێ و چ؟) زەوتکارن، بەڵام لەم گوتارەدا لەڕێگەی بەکارهێنانی وشەی (زەوتکراو)دا بیرمان و لێکدانەوەمان بۆ وێنەی (هێزێکی خۆسەپێن و زەوتکار و غەدار و هەقکوژ و خراپ) دەچێت، بیرمان لە بەهەشتێکی پاک و بێ کێشە، بۆ دۆخێکی پیس و پڕ لەکێشە و گرفت دەچێت. دەقنووس هیچ وەسفێکی ئەو لایەن و کەس و شتانەی نەکردووە، کە زەوتکارن، بەڵام لەنێو ئەم وشەیەدا خۆمان، هەستمان و لێکدانەوە و پێشبینی و گریمانەکانمان نەک پێشگریمانەکانمان بەرەو دەست نیشانکردنی (دۆخ و کردەوە و ڕەفتار و ژیان و کەرەستە و شتێکی خراپ) مان دەبەن. لەکردەوەدا لەڕووی پراگماتیکییەوە (زەوتکراو) مانا و مەبەستێکی ڕاشکاوانەمان نیشان دەدەن، کە کردەی (زەوتکردن) بەپێی تیۆری کردە قسەیی بریتییە لەڕاپەڕاندن و ئەنجامدانی کارێک و مەبەستێک و لەبنەڕەتدا پشت بەچەند یاسا و ڕێسایەکی سروشتی وەکو (بەکارهێنانی هێز، غەدر، داگیرکردن، زولم، بێبەشکردنی خاوەن ماف، بەزاندنی سنووری سروشتی مافەکان، پشکردنە ڕەوایی و نەگونجان… تاد) دەبەستێت.
(سەباح ڕەنجدەر) نووسیویەتی (هەموو ئەو شتانەی مرۆڤ دەیانبینێت، شتێکیان تێدایە بۆ دۆزینەوە، کە پێشتر کەسێکی دی وەکو ئەو نەیبینوە، بەکار بردنیشی لەئەدەبیاتدا ئەوەیە بەشێوەیەکی بەجێ وەرگر بخاتە باری سەرسوڕمان و ڕەگەزی سەرسوڕهێنەر و ئاسۆی چاوەڕوانی تێدا بەهێز بکات). (سەباح ڕەنجدەر،٢٠١٩ ،٥). ئەمە ئەرکی دەقی ئەدەبییە، چۆن وەرگر دەخاتە سەر ڕێگایەکی پڕ پرسیاری بیرکردنەوە. شتێک دەڵێت ڕەنگە ڕەچاوکراو نەبێت.
واتە لەگوتاری ئەم دوو دەقەی ئاماژەمان پێکردووە ڕاشکاوانە لەرێگەی ئەم شێوازی دەربڕینە، کە زمانێکی سادە و ئاشکرایە، بەڵام شاعیر (واتا و مەبەست و وێنە)ی قووڵ و فرە لێکدانەوە و وزەداری دروستکردووە، دەیەوێت دونیایەکی جیاوازیی شیعریی لەنێو زمانی ئاسایی دروست بکات.
گفتوگۆی شاعیر لەگەڵ (ئەو)ی نادیارە، ئەوێک، کە نازانین کێیە، کەسێکە (نە وەڵام دەداتەوە، نە دەبیرنێت و نە دەتوانین وەکو بوونێکی هەقیقی بەرجەستە بکرێت)، بەڵام بوونێکی سەرنجڕاکێشە و شاعیر بەدوایدا دەگەڕێت و قسەی لەگەڵ دەکات و پرسیاری لێ دەکات و بیرەوەرییەکانی بیر دەخاتەوە و دنەی دەدات و جاروباریش ڕای دەکێشێتە نێو گفتوگۆکان، بەڵام ئەو هیچ دەرناکەوێت. ئەوەی (د. وریا عومەر ئەمین) گفتوگۆی لەگەڵ دەکات، لەچوارچێوەی بەکارهێنانی زماندا (خۆشەویستێکە) ئەم خۆشەویستە گریمانە دەکرێت (کچێک بێت، یان تەمەنی منداڵیی خۆی بێت، یان گیانەوەرێک و سروشت و نیشتمان و گوڵ و، ژینگە و تەنیا خۆشی وەکو خودی خۆی بێت)، کە دەڵێت:
ئەوا ئەڕۆی.. ئیتر بە چی سەبووریم بێ
لەدوای تۆ چی دەرمانی دەردی دووریم بێ. (د. وریا عمر آمین، ٢٠٢١، ٢٠).
قسەکانی ئاراستەی کەسێکە و ون دەبێت و تەنیا جێی دەهێلێت، دووریی کوشندەیە، دەرمانی نابێت.
خۆمم کردە پرد و پەیژە و گەلێ پێ لێنرام
تیشکم هەرگیز بۆ خۆم نەبووە، وەکو ژێری چرام (د. وریا عمر آمین، ٢٠٢١، ١٨).
لەم دیمەنەدا گفتوگۆ لەگەڵ خۆی دەکات و شتێک بەبیرە خۆی دەهێنێتەوە، کە بۆتە قوربانی، خۆی خۆی دەدوێنێت!.
چل زستانم کرد بە بەهار گوڵێکم نەدی
ئاواتێکی کەسەرکوژم بۆ نەهاتە دی. (د. وریا عمر آمین، ٢٠٢١، ١٧).
گفتوگۆ لەگەڵ کات و زستان و بەهار و گوڵە. قسەکانی بۆ خوێنەر دەگێڕێتەوە و زانیاری ئەوە بەخوێنەر دەدات، کە چل ساڵ تەمەنی بەڕێکردووە، کەچی شتێک تەنیا شتێکی بۆ نەهاتەدی ناخۆشیی و دەردە دڵ نەبێت.
بریا من و تۆ جووتە مەلێ باین
لەدارستان … دوور بە تەنێ باین
دوو گوڵ باین بەدەم ڕوبارێکەوە
شەپەشەپمانێمان ئەکرد پێکەوە. (د. وریا عمر آمین، ٢٠٢١، ١٥).
ئەو گفتوگۆ لەگەڵ (تۆ) گوێگرە ڕاستەوخۆکەی دەکات، بەڵام دیسان لای خوێنەر دیار نییە (تۆ) کێیە، بەڵام شاعیر هیوای ئەوەی بۆ دەخوازێت دوور لەهەموو شتێک لەنێو سروشتێکی ئارام بەیەکەوە بان. بەهەڵە ناچین ئەگەر بڵێین گوتار زیاتر بۆ زمانی ئاخاوتن یان گفتوگۆ بەکاردێت. (دەریا سابیر حەمەد، ڕۆژان سابیر عەبدوڵا، ٢٠٢٠، ١١٢). گفتوگۆ لایەنێکی گرنگی نێو کردەی گوتاری شیعرییە. شاعیرش لەم بوارەدا دەسەڵاتێکی زمانەوانی بەهێزی هەیە. زمانێکی ئاوسی پڕ لەواتا و مەبەستی هەیە.
دەقەکانی نێو ئەم سیپارە شیعرییە لەکۆتایی شەستەکان تاکو سەردەمی کۆرۆنای ئێستامان دەگرێتەوە، هەموو ئەو کەس و پێکهاتە و شتانەی شاعیر گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکات، هیچ یەکێکیان وەڵامی نادەنەوە هەست ناکرێت ئەو کەسەی خۆشی ویستوە لەتەکی بێت، هەستەکان پێمان دەڵێن (ئەو) دوور هەر تەنیا بەوێناکردن و مەزەندە و هیواخواستن و لەنێو شیعردا لەخۆی نزیک دەخاتەوە. لەنێو هەست و بیرەوەرییەکانیدا نزیکن لەخۆی، بەڵام لەواقیعدا دوورن.
ئەو هەر خۆی خۆی دەدوێنێت، ئەو هەر خۆی وێناکردنێکی هزری و وێنەیەکی هونەری شیعریی لەهزر و دەروون و لێکدانەوەی خۆیدا دروست دەکات. ئەو لەگەڵ خۆی لەئاخاوتن و لێکدانەوە و گفتوگۆیەکی نەپچڕاوەیە، تەنیا لەدوا ساتەکانی بیرکردنەوەی لەمردنیش بەم جۆرە لەگەڵ خۆی دەکەوێتە ئاخاوتن و گفتوگۆیەکی فکری و قووڵ، بەڵام ئەمجارە لەشێوازی پرسیار و سەرسوڕمان و وەستان بەرانبەر شتێک، کە شکێنەر و بەزێنەرە، دەڵێت:
لەسەر لێواری خەرەندی نەمان وەستاوم
ئێستاکەنا ئێستا لە پڕ ئەنووقێ چاوم
کەل و پەلی خۆم تێک ئەنێم، تەواوبوو گەشتم
بەژیانێکدا وڕی کردم تێی نەگەیشتم
گڕێ بوو لەپڕ دامرکا… گوڵێ بوو وەری
چی بوو ئەمە وا سەیر هات… وا زوو تێپەڕی! (د. وریا عمر آمین. ٢٠٢١، ٤٨).
لەم شیکردنەوەیەدا من نامەوێت شێوەی زمان، وێنە شیعرییە دیارەکانی نێو دەقەکە ئاماژە پێ بکەم، یان قسەی لەبارەوە بکەم. لەگوتاری شیعردا (مەبەست و پەیام و واتا) هەیە، ئەو شتانەی، کە ڕەنگە هەموو کەسێک (نەیان بینێت، یان کەسە جیاوازەکان بەهەمان ئاست و شێوە و واتا) تێی نەگەن، یان لێکدانەوەی جیاوازیان بۆی هەبێت.
(چەقی نەبینراوی دەقی پڕ شیعرییەت هەم دەتوانێت جیهانی خود و خەیاڵ و خەون و منداڵییەتی شاعیر بنوێنێت، هەم پەیوەست بەواقیعی کراوەش بێت). (سەباح رەنجدەر، ٢٠١٩، ٤١). هەستی شاعیرانەی لەخۆگرتووە، ئەو بەنەزمی (گۆران) دەیەوێت سەما بەوشە بکات، لەزماندا وەستایە و لەبیرکرنەوەدا قووڵ و لەوێناکردنی وێنە زهنیەکانی خۆیدا، بیردەکاتەوە، ئەم بیرکردنەوەیەش بۆتە هاندەر تامی شیعر بکات. هێندە سەرسامی گۆرانە، دەڵێی شێوازی گۆرانمان بۆ دەنووسێتە، بەڵام لەهەندێک دەربڕین و وێناکردندا تەنیا لەخۆی دەچێت.
ناسینەوەی ئەو شتانەی ناناسرێنەوە
لایەنە نادیارەکانی نێو دەقەکە، واتا واتادارەکان و سیمیۆلۆژیای واتاداری نێو دەقەکە یان ئەو نیشانە و هێمایانەی دەقنووس لەنێو دەقەکانیدا بەکاری هێناون. زمانی گوتاری دەقەکەمان بۆ دیاریی دەکەن و نیشانی دەدات چ جۆرە ئەرکێکیان ڕاپەراندووە. کردە قسەی نێو دەقەکە چ ئەرکێکیان بەدیهێناوە؟. ئەمەش بەو بۆچوونە دەبەستمەوە کە گوتاری زمان هەر تەنیا (شێوە نییە، بەڵکو نێوەڕۆکیشە). (ک. م. نیوتن، ١٩٨٨، ١٤٣).
ئەوەی من لەهەر دەقێکدا دەیبینم شێوەی دەقەکە نییە، بەڵکو نێوەڕۆک و واتا نادیارەکانی پشت نیشانە و هێما و واتا و وشە دیارەکانە. نازانم (د. وریا) دەیەوێت واقیع بێنێتە نێو خەیاڵی دەق، یان دەیەوێت خەیاڵ بباتە نێو واقیعی دەق. لەبەر ئەوە ناسینەوەی شتە نادیارەکان، وەکو نەناسینەوەی شتە دیارەکان وایە لەنێو دەقی شیعریدا. زۆر کەس لەبارەی دەریا نووسیویانە، هەندێکیان قەت قەتۆکێ دەستیان نەخستۆتە نێو ئارامی و ترسی دەریاوە. هەندێک باسی ئازاری مردن دەکەن، بێ ئەوەی لەدوای مردن گەڕابنەوە و بزانن پرۆسەکە چۆن بوو. ئەوەی شاعیر لەم دەقانەدا بەرجەستەی کردووە (ئەزموون و توانا و لێهاتوویی و زمانزانی و تێفکرینە بەواتای دۆزینەوەی واتای شتە دیارە نادیارەکان). ئەو گۆرانانە دەنووسێت، بەڵام وەکو خۆی بیر دەکاتەوە.
من بڕوام وایە پراگماتیک هاوکارییەکی وردی خوێنەر دەکات، باشتر لەو شتانە بگات کە زانستەکانی دیکەی زمانەوانی ناتوانن چارەسەریان بکەن. بەتایبەتی لەبارەی ئەو شتانەی کە ناتوانرێت بەئاسانی هەست پێبکرێن و بەرجەستە بکرێن. (شیکردنەوەی گوتار زیاتر جەخت دەکاتە سەر لایەنی نەگوتراو و نەنووسراو (تەنانەت نەگەیشتووش) لەناو ئەو ئاخاوتنەی خەریکە شی دەکرێتەوە. (جۆرج یۆڵ، ٢٠١٦، ١٣٦).
(د. وریا عومەر ئەمین) کاتێک دەڵێت (منداڵیم) واتە گەڕانەوە بۆ سەردەمانێک، کە چوونەوە نێو بیرەوەریی و ڕووداوەکان بەسەرچووەکانی (بەهەشت)ێکە، کەپڕە لەخۆشی، پڕ لەزەت و بێوەیی و دوورە لەئازار و فشار ئەمە واقیعی گەڕانەوەیە بۆ نێو خەیاڵ. (بەهەشتێکی زەوتکراو) ئەمە ڕێک خەیاڵی گەڕانەوەیە بۆ واقیع. لەوە دەچێت (بەهەشت) نیشانەیەکی سیمیۆلۆژیی بێت، لەهەمان کاتدا ئاماژە و هێمایە بۆ تەمەنی منداڵی، ئەو تەمەنەی ئازاد نەبووە، بەڵکو ئەم قۆناغەی ژیانی زەوتکراو بووە. دەبێت بیرەوەری منداڵی (پڕ بێت لەبیرەوەریی واقیعی، کە بەستراوەتەوە بە زەوتکراوی).
کاتێک دەڵێت (لەپێناویا هەموو شەو پێم ئەنێم لە خەوم؟). (پێ) واتای (قاچ) نییە، بەڵکو هێمایە بۆ (ئازاردانی خۆی، سزادانی خۆی و وازلێهێنان). لەم دەربڕینەدا شاعیر بەدوای واتایەکی نوێ لەنێو وشەی (پێ)دا گەڕاوە، کەواتە واتا ئاساییە دیارەکە نییە. پێ لێرەدا هێما و نیشانەیە بۆ دۆخێکی دەروونیی و بڕیارێک لەلایەن خودی شاعیرەوە، بۆ ئەوەی واز لەشتێک بهێنێت، نەک ئەو (پێ)یەی مرۆڤ پێی دەڕوات.
لە شیعری (گلەیی)دا شاعیر گفتوگۆیەکی یەک لایەنەی بێ وەرگرتنەوەی وەڵام لەگەڵ (باران) دەستپێکردووە. گوتاری ئەم دەقە پاڕانەوەیە و ئاخاوتنێکی یەکلانەیە لەنێو ناخی کەسێک، کە دەزانێت بەهۆی (قسەبۆکراو/ باران) ژینگە بە گژوگیاو و دار و درەخت و باڵندەکانیشەوە تووشی نەهاتی هاتوون. هێما و نیشانە سیمیۆلۆژییەکانی نێو ئەم دەقە بریتییە لە (ژینگە). بەشێواز و زمانی پاڕانەوە بێ ئەوەی شاعیر ئاماژە بە (خودی ژینگە) بکات و دەڵێت:
باران بۆ لێمان تۆراوی
بۆچی وەک جاران .. نەماوی
دار و درەخت هەڵپڕووکاون
کانی و جۆگەڵە بێ ئاون
گژ و گیا سیس و لاوازن
باڵندەکان بێ ئاوازن
بیرت ئەکەین.. توخوا وەرە
ببارە لەم دەشت و دەرە
خاک تینووە بە تەماتە
رزگارمان کە لەم نەهاتە. (د. وریا عمر آمین، ٢٠٢١، ٢٤).
(بێنفیست) دەڵێت (هەقیەتی خودیی کەسێک لەبەکارهێنانی زمانەکەیەتی). (ک. آوریکیونی ،٢٠٠٧، ٨٤). لەدەقی (بێتامی کرد) شاعیر وەسفی کەسێک، شتێک، دیاردەیەک، دۆخێک و دڵدارێک و بۆ (یەکێک)ی نادیار دەکات، کە بۆتە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی ئەم دەقە و ڕاپەڕاندن و بەدیهێنانی ژمارەیەک کردە قسەی لەخۆ گرتووە، وەکو:
کردەی وەسفکردن: ( بێتامی کرد… بوو بەچی هەر نەبڕاویەوە). قسە بۆ یەکێکی نادیار دەکات و لەبارەی (ئەو)ی نادیار دەئاخڤێت.
کردەی زانیاری: (ئەم دڵەی من ئاسنیش با ئەتوایەوە). زانیاریی بە کەسانێک دەدات و لەبارەی خودی خۆی دەدوێت، کە ئازار و مەینەتیی زۆری بینیوە، دڵی ئێستا تووشی کێشە بووە، چونکە ئاسنیش خۆ لەبەردەم ئەم هەموو ئازار و فشارە ڕاناگرێت و دەتوێتەوە.
کردەی ئاگادارکردنەوە: (ئاگادارنیت سەردەمێکە بۆت وەکو شێتم). قسە لەگەڵ (تۆ)ی ڕاستەوخۆ سەبارەت بەقسەکەر و (ئەو)ی نادیار سەبارەت بەخوێنەر و دیار لەنێو مێشک و دڵ و بیرکردنەوەی قسەکەر دەکات.
کردەی هوشیارکردنەوە: (خەم و تاڵیت لوتکەی خۆشی و شیرینیمە). قسەکەر/ شاعیر لەگەڵ (تۆ) قسە دەکات، ڕاستەوخۆ لەگەڵ (تۆ)ی نێو وێناکردنی فکر و دەروونی خۆی دەدوێت، کە دیسان دەیڵێینەوە لەنێو هەموو دەقەکەدا ئەم (تۆ) و (ئەو)ەیە، بۆ خوێنەر وەکو کەس و کارەکتەرێکی بزر و نادیار وایە. لەگەڵ هۆشی ئەو دەئاخڤێت و دەڵێت (خەمی تۆ خۆشی منە) و (تاڵییەکەشت شیرینی منە). ئەم کردەی هوشیارکردنەوەیە، بەم قسەیە کردەیە ڕاپەڕاندووە.
کردەی بانگەشە: (هەنسکی هەناسەساردیم.. گۆرانیمە). لەگەڵ خۆی بۆ ئێمەی خوێنەر دەدوێت، بانگەشەی ئەوە دەکات کە ناخۆشییەکانی وەکو گۆرانی لێهاتووە.
کردەی دەروونی: (گڕی سۆزت دڵی تاری ڕوناک کردووم). بە (تۆ)ی بەرانبەری خۆی دەڵێت، تۆ بە ئەشق و ئاگری سۆزت، منت بوژاندۆتەوە. ئاسودەیی و دڵنەوایی و ئارامی و ڕووناکی بەخۆی دەبەخشێت.
کردەی ناخەکی: (هۆشی چنراو بە مەراقی بێ باک کردووم). ئەو لەم دەقەدا لەگەڵ خۆی دەئاخڤێت و وەسفی ناخی خۆی دەکات.
کردەی هوشداری: (ئاواتێکی و ئەترسم ڕۆژێ بتگەمێ). بەزمانی هوشداری دان، بەواتای بەئاگاهێنانەوە، لەگەڵ (تۆ) دەئاخڤێت، ترسێکی لایە، کە بەمانای ترس نایەت، بەڵکو وەکو موچڕکێکی خۆش نمایشی ئەو وێنەیە دەکات، کە ئەگەر لەئایندەدا بەیەک بگەن، دەبێت وریای خۆی بێت، نەبادە لەخۆشیان شتێکی لێبێت. (ترس)ەکەی هۆشدارییە و ڕەتکردنەوە و خۆپارێزی نییە.
کردەی ڕەتکردنەوە: (لەئاسمانی ساماڵتا ببمە تەمێ). (د، وریا عمر آمین، ٢٠٢١، ٢١). لەم دەربڕینەدا، کە کردەی ڕەتکردنەوەی تێدایە، ناڕاستەوخۆ پێمان دەڵێت (لەوە دەترسم ببمە تەم و تیشکی نێو ئاسمانی ساماڵت داپۆشم و ببمە کێشە بۆت). ئەمەش پەیوەندی بەوە هەیە لە گوتاری ناڕاستەوخۆدا پەناو وەبەر هێما و پێکچوواندن و پێوانەکردنی ناڕاستەوخۆ دەبردرێت (لەگوتاری ناڕاستەوخۆ شتەکان ئاماژەین). (ک. آوریکیونی، ٢٠٠٧، ٨٥).
ئەم کردانە لەهەر یەکێک لەم نموونانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکردووە، دەکرێت شوێن و ئەرکیان بگۆڕێت، یان هەر یەکێک لەم وێناکردن و ڕستە و دەربڕینانە لەنێو هەر کاتێکدا پتر لەئەرکێک و مەبەستێک بەرهەم بهێنێت. ئەمە فرە ئەرکییە، توانا و دەسەڵاتی بەکارهێنانی وشە و ڕستەکان بەهێز و ئەرکردارتر دەکەن. لەکردەوەدا ئەرکی زمان لەنێو دەقی ئەدەبیدا ئەم (فرە واتایی و ئەرک و ڕەوانبێژییە) لەخۆ دەگرێت، کە پێوانە و چەمک و توانای دەقەکە فراونتر دەکات.
گوتاری شیعریی لەبنەڕەتدا گوتارێکە لەسەر بنەمای خۆشەویستی و گوڵ و ناسکیی و ئافرەت و نیشتمان و بوون و مردن و شۆڕبوونەوە بۆ ناخی مرۆڤ و مێژوو و بیرەوەریی و ئەو جۆرە شتانە پێکدێت، کە دەبنە سەرچاوەی بیرکردنەوە لای مرۆڤ. گوتاری ئەدەبی هەر تەنیا پەیامێک بە وەرگرەکانی ناگەیەنێت، بەڵکو دەرفەتی بیرکردنەوە لە (واتا و وێنە و مەزەندە و لێکدانەوە) دەڕەخسێنێت، کردەی پەیوەندیکردن ئەنجام دەدات و خۆی گوتارەکە گوتارێکی نوێ بەرهەم دەهێنێتەوە.
ئێمە لەڕێگەی (جوانی درەختێک) و (بۆنی گوڵێک) و (ئازارەکانی ژیان) و (وەسفی سروشت) و (خۆشەویستی)، (بوون) و (مردن) وێنەیەک، کە پەیوەندی بەمێشک و دەروون و مەزەندەکانمانەوە هەیە دروست دەکرێت. واتە لەنێو دەقدا ژمارەیەکی بێ کۆتایی لەهێما و نیشانەی سیمیۆلۆژیی بەکاردەهێنرێت.
بۆ نموونە شاعیر دەڵێت:
ئاواتێکی و ئەترسم ڕۆژێ بتگەمێ
لە ئاسمانی ساماڵتا ببمە تەمێ. (د. وریا عمر آمین ٢٠٢١، ٢١).
لە گوتاری شیعرییدا پێویستە ئاماژە بەپێکهێنەرێکی گرنگ بکەین، کە (شیعر بریتییە لەدەربڕین و گوازرشت و نێوەرۆک، ڕەنگە بایەخی گوزارشت لەنێوەڕۆک پتر بێت). (د. محمد مفتاح، ١٩٩٢، ٢١). پێچەوانەی هەموو ڕەچاوکردنەکان لەم گوتارەدا (خۆشییەکان بە ناخۆشی، مانەوە بە نەمانەوە) وەسف دەکات. ئەو ترسی هەیە بەخۆشەویستەکەی بگات و لەئەنجامی ئەم بەیەک گەیشتنە، لەخۆشیان هەموو خۆشییەکان بەتاڵ ببنەوە و خۆشییەکەیان لەئاسمانی ساماڵی ئەودا ببێتە (تەم)، واتە ببێتە هیچ. ساماڵ ببێتە تەم، خۆشی ببێتە ناخۆشی، شادی ببێتە دڵتەنگی، ئەمە شێواز و هونەری بەکارهێنانی زمانە لای شاعیر. دەسەڵات و هێزی دەربڕین و واتا لەم دۆخەدا کاری خۆی دەکات. ئەم گوزارشتە لەنێوەڕۆکی سروستی وشەکان لەپێشترە، پلەیەکی باڵاتری هەیە، (تەم) هیچ واتایەکی هێندە نەرێنی دروست ناکات، مەگەر تەنیا لەوێنە شیعرییەکی گوزارشت ئامێزی وەکو ئەم وێنە شیعرییە نەبێت. (ئاسمانی ساماڵ) چۆن (تەم)ی لێ پەیدا دەبێت. بەیەکەوە بەستنەوەی دوو دیاردەی سروستی ناکۆک لەپێناو دروستکردنی گوتارێکی شیعریی لەچوارچێوەی وێنەیەکی گونجاوی لەبار، کە هاودژن دەرخەری توانای شیعرییە لای شاعیر. وەکو گوتمان ئەم هاودژییە واتاییە، کە زهنی خوێنەر بەرەو مەبەستێک دەبەن، (د. وریا) وەکو مرۆڤێک کە بەدوای (بەیەکگەیشتن)دا دەگەڕێت، بەڵام (ترسی) هەیە ئەم بەیەکگەیشتنە کە خۆشە و سافە وەکو (ئاسمانی ساماڵ)، ببێتە (تەم)، کۆسپ دروست ببێت، ڕوناکی و جوانی و سافی ساماڵی لێ تێک بدات.
گریمانەی ئەوە دەکەم شاعیرێکی ئاسایی ڕەنگە بیگوتبایە لەخۆشیان دڵم ڕادەوەستێت و هەتا هەتایە لەئاسمانی تۆ دەمێنمەوە. کەچی (د. وریا عومەر ئەمین) لەوێناکردنێکی هەڵگەڕاوەی واتایی و بەدەربرینێکی پڕ لەوزە و گوزارشت لەدۆخێکی دەروونی کە (پڕە لەگەڕان و پشکنین و دۆزینەوە)، کە لەئاکامی (شادی) دروستبووە، بەڵام گریمانە و گومانێکی دژواری وێناکردووە، لەپێناو دەرخستنی توانینی شاعیریەتی خۆی. ئەو لەشێوەی گۆراندا بیری لە شێوە و قافیە و ئاواز و ڕەزمی شیعری کردۆتەوە، شیعر بە لەبەرکردن و خزانە نێو کۆگای بیرهاتنەوە دەبەستێتەوە، بەڵام لەبیری نەکردووە ئەو لەسەردەمی (واتا و لێکدانەوە و وێناکردن) دەژیت، ئەو لەسەردەمی ئابوورە زمان دەژیت، نابێت هیچ وشەیەکی زیاد و هیچ دووبارەبوونەوەیەکی بێزارکەری بێ ئەرک بەزۆری زۆردارەکی بئاخنێتە نێو گوتارە شیعرییەکەی.
لێرەدا بەیەکگەیشتن دەبێتە بەیەک نەگەیشتن، (ترس) بریتییە لە (بیرکردنەوەیەکی قووڵی فکری و پڕ لەگومان و لێکدانەوە و شیکردنەوە کێشەکان و ئاکامی ئەو پرۆسەیە مەرج نییە ڕووبدات، چونکە گرێ و کێشەی زۆری لەپێشە). ئاخر مرۆڤ بە (گومان) دەگاتە (یەقین). بە (ترس) دەگاتە (نەترسان). دەقنووس ترسی هەیە (خۆشییەکەی) ببێتە (ناخۆشی و تەم).
پێویستە دان بەوەدا بنێم، کە کێشەی ئەدەب کێشەی زمانە، یان بەشێوەیەکی دیکە ئەمە بڵێین (کێشەی ئەدەب، پەیوەستە بەسروشتی بەکارهێنانی زمانەکە). ئەم شێوازی بەکارهێنانەی لەم دەقانەدا بەرجەستەیە، بەستانەوەی خوێنەرە بە (بیرکردنەوەی قووڵ، فکر، لێکدانەوە و شیکردنەوە)، ئەمانەش خۆی لەخۆیدا سازاندنی کەشوهەوای کرانەوەی دەقە لەبەردەم خوێنەردا.
هەندێک کەس شیعر و فەلسەفە بەیەک دەچووێنن، هەندێک دەقی شیعری بە دەقی پیرۆز دەچوێنن، هەیانە شیعر دەخەنە پێش فکر و ئایدیۆلۆژیا و خودی مرۆڤیشەوە.
(فەیلەسوف کار دەکات دیاردەکان بەیاسای سادە و ساکار شیکار بکات، بەگەڕانەوە بۆ بەرهەمهێنانی قسەکردن و لێکدانەوە). (د. محمد مفتاح، ١٩٩٢، ٨). وەلێ شیعر گەڕانە بەدوای شتە ئاڵۆزەکان و ئەو فکرانەی وەکو بۆمب وان، وروژان و بیرکردنەوەیان لەخۆگرتووە.
گوتاری خۆشەویستی
(حەمەسەعید حەسەن) دەڵێت (جیاوازیی نێوان غەزەل و شیعری ئەوینداری ئەوەیە، لە یەکەمیاندا کیژەکان نزیکەی هەموویان لەیەک دەچن، وەلێ لەدووەمیاندا هەر کەنیشکە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە). (حەمەسەعید حەسەن، ٢٠١٣ ،١٣). لەنێو دەقەکانی (د. وریا عومەر ئەمین)دا شتێک بەناوی (ئافرەت) وەکو تایبەتمەندی نابینرێت، بەڵکو (مرۆڤ) هەیە (سروشت) هەیە و (ڕۆح) هەیە. پەیوەندی مرۆڤ بەمرۆڤەوە هەیە، ئەمەش وەکو خۆشەویستییەکی فکری، وەکو خۆشەویستییەکی ڕۆحی و پەیوەندی نێوان خواپەرست و خوایە. گەڕان بۆ دزۆینەوەی (خۆشەویستەکەی) گەڕان نییە بەدوای دۆزینەوەی (ڕەگەزێک و بوونەوەرێک و شتێک وەکو سێکس)، نەخێر خۆشەویستی لەچوارچێوەیەکی فراوانتر لەئەویندارییەکی چەقبەستووی گڕدان وێناکراوە. ئەو شیعری ئەوینداری و غەزەل نانووسێت، بەڵکو هەستی مرۆڤانەی خۆشەویستی وەکو (فکر و فەلسەفە و تێڕوانین و ڕێزگرتن و یەکتر قبوڵکردن) بەکاردەهێنێت.
لەبارەی وێنەی شیعریی و بەکارهێنانی زمان (هەر وێنە بە وشە ناکێشێت، وزەی نوێیش لەوشەکاندا دەدۆزێتەوە). (حەمەسەعید حەسەن، ٢٠١٣، ٥٦). لەم چەند دەقەی خوێندمەوە دەقنووس هەر تەنیا بەوشە وێنە ناکێشێت، بەڵکو سەما بەوشەکان دەکات و وزە بەبیرکردنەوە دەبەخشێت و خوێنەر دەباتە نێو قووڵایی شتێک، کە ئاسان نییە قەپێلکی شتەکان کون بکرێت، بۆ ئەوەی تێیدا بچینەوە ژوورەوە. بەواتای ئەوەی ئەو گوتارێکی شیعریی بەزمانێکی ساکاری ئاسایی و سروشتی بێ دەستکاریی (سروستی وشەکان) پێکهێناوە، بەڵام کە لەنێو تیرۆژی وشەکاندا بەدوای سەرچاوەی تیشکەکاندا دەگەڕێین، واتا و مەبەست و وێنە و فکر و لێکدانەوەی دیکەمان دێنە پێش و ناچار دەبین وزەی پتر بۆ دۆزینەوەیان بەکاربهێنین.
یەکەم جار ئەم شیعرانەم خوێندەوە، چاوم ڕێنوێنی کردم و بەئاسانی خوێندمەوە هەر وشەم دیتن و ڕستەکان و یاساکانی دەربڕینم دۆزییەوە، کە دووەم جار خوێندمەوە دڵم ڕێنوێنی کردم، عیشق و خۆشەویستی و مرۆڤ و سروشتم تێدا دۆزییەوە، کە سێیەم جار خوێندمەوە عەقڵ ڕێنوێنی کردم، کەوتمە نێو جالجالۆکەیەکی ئاڵۆز، فکر و بیرکردنەوە و واتای نوێ و شتی نوێم دۆزییەوە، کە لەنێو قەپێلکی ئاسایی وشەکاندا شاردراونەتەوە. کەوتمە دوای هەڵدانی مەتەلەکانی نێو دەقە شیعرییەکە.
خۆشەویستی بۆ کچ
خۆشەویستی بۆ گوڵ (سروشت)
خۆشەویستی بۆ خۆشەویستی (فکری و دەروونی)
خۆشەویستی بۆ ژیان (فکر و لێکدانەوە)
خۆشەویستی…… بۆ هیچ (ڕەخنەگرانە)
خۆشەویستی بۆ مردن (بیرکردنەوە لەژیان)
ئەمانە کۆدی نێو گوتاری ئەم چەند شیعرەن، کە پتر لەشەست ساڵە دەنووسرێن و ژمارەیان زۆر لەژمارەی ساڵەکان کەمترە، ئەو وشانە ژمارەیان زۆر لەژمارەی ڕۆژەکانی نێو ساڵەکان کەمترە، ئەو ڕستانە ژمارەیان لەمانگی ئەو ساڵانە کەمترە، کە شیعرەکانیان تێدا نووسراوە.
گوتاری وێنەی شیعری و زمان
(لەگەڵ بایەخی زۆری وشەیشدا، بەڵام شیعر لەوشە پێک نایەت، لە زمان پێک دێت، زمانێکی نوێ، کە ناسنامەی شاعیرەکەیەتی. وشە بۆ ئەوەی کەڕوو هەڵنەهێنێت، دەبێت خۆی بە خەرمانەی مێتافۆر دابپۆشێت و داهێنانی مێتافۆری نوێیش، شتێکە تەنیا شاعیرانی گەورە بەدەستی دێنن). (حەمەسەعید حەسەن، ٢٠١٣، ٥٦).
دەقنووس دەڵێت:
لەڕۆشنایی بوونی لێڵدا تارماییێک بوو
لە تاریکستانی نەبوونیدا برووسکەیێک بوو (د. وریا عمر آمین، ٢٠٢١، ٤٨).
ئەمە وشە نییە دەقەکەیان دروست کردووە، بەڵکو واتا و وێنەکانن هێز و ڕۆحیان وەبەر وشەکان ناوە، ئەمە خوازەیە شتەکان لەشتێکی ئاسایی و سادە و سروستی، بۆ شتێکی نائاسایی و ئاڵۆز و دروستکراو لەنێو هزردا دەگۆڕێت. (ڕۆشنایی، لێڵ، تارمایی) سێ دۆخ و شت و بیرۆکەی هاودژی یەکن، یان ناتوانن بەیەکەوە ببەسترێنەوە. (تاریکستان و نەبوونی و برووسک) ئەمانەش هاودژی یەکترن. لەم وێنەیەدا، کە خوازە شتەکانی دروستکردووە، وشە وەکو خۆی لەقالب و شێوەی وشە سروشتییەکە نەماوەتەوە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ (واتا و مەبەست و وێنە).
(حەمەسەعید حەسەن) لەڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەدا لەبارەی مێتافۆر و زمان و وێنەی شیعریی دەڵێت: (شیرین تەشی دەرێسێ) تەنیا لەبەر ئەوەنا، ئەوەی دەیڕێسین خورییە نەک تەشی، لەبەر ئەوەشی، ئەوە ڕستەیەکی خەبەرییە نەک شیعری. شیعر ئەوەیە بڵێین: (شیرین قژی هەور دادەهێنێ). ئەوە (قژی هەور)ە کە مێتافۆرە، وێنەیەکی شیعریشی پێکهێناوە. (حەمەسەعید حەسەن، ٢٠١٣، ٥٧). وەکو (د. وریا) دەڵێت:
ئەستێرەکانت … قژی شەوینت
سەرنجی مەستی پڕ لە ئەوینت
گوڵالەسوورەی.. گەشی پڕ ژینت
بزەی گوڵینت.. لەنجەی کەوینت (د. وریا عمر آمین، ٢٠٢١، ٥٢).
لەم دەقانەدا (د. وریا عومەر ئەمین) بەزمانێکی سادە بە وشەیەک، کە هەموومان دەزانین ئەم وشانە چین و چۆنن، بەڵام کە دەچینە نێو دونیای تێڕوانینە قووڵەکان، کە تێی دەفکرین بۆمان ڕووون دەبێتەوە ئەو باسی هەست و دۆخی دەروونی خۆی و وەسفی بەرانبەرەکەی بەشێوەیەک دەکات، مەگەر ئێمە لەڕێگەی لێکدانەوە تێیان بگەین و بەخاوەنیان بکەینەوە، خۆی لەنێو دەقەکاندا هەر تەنیا نائاخڤێت، بەڵکو واتای بوونی ناخ و هەستەکانی خۆیمان بۆ دەنەخشێنێت، خۆی بەشی سەرەکی وێنە شیعرییەکانە، چونکە شاعیر لەدەقەکە جیانابێتەوە، بێ ئەوەی لەبیری بکات (خۆی) دەکرێت (ئێمە)یش بین، دەکرێت (ئەو) (ئەوان)یش بێت، بەڵام کۆشاوە لەڕێگای وێنە و دەستەواژە و واتای خوازەئامێزدا لەدەقێکی ئاسایی بپەڕێتەوە بۆ دەقی شیعریی. لای هەندێک ئەم پرۆسەیە، کە پەڕینەوەیە دوور نییە پەڕینیشی تێبکەوێت.
لەشیعری (چەند تابلۆیێکی داستانی چلەی ژیانم). (د. وریا عمر آمین، ٢٠٢١، ١٦)، دەڵێت:
(هەور هات و نەباری، گزنگ لەبار چوو، کۆرپەی ساوا، بەچاو و زار چوو، منداڵی بەهەشتی زەوتکراو، فرمێسکی خوێنین وشک نەبووە، فێی بەدبەختی بەری نەداوە، تامی تاڵاو پڕ زاریەتی، نرکەی گریان ئاوازی دڵە، هەستی وشک، دڵی پیر، ناخ ڕادەچلەکێنێت، برینەکان دەکوڵێنەوە، بۆی ئەگەری و بەزەیی بەخۆیدا دێتەوە، دۆزەخی کوێرەوەری، بەهەشتی ئەو بوو، ڕۆژەکانی خۆزگەن و شەوانی پڕ هەژان، چل زستانی کردە بەهار گوڵی نەدی، ئاواتی کەسەرکوژی نەهاتە دی، هەر ڕۆژێک ساڵەها بوو، ڕێگای توناوتوون بوو، کۆترێکی دەستی منداڵان بوو، بەهاری ترس و خەمە و مەینەت لەدوای مەینەت، نە منداڵی منداڵیی بوو، نەگەنجی، کەوتنە داوی کارەساتەوە). ئەمە ڕێک وێنەکانی خۆیەتی لەنێو وێنە شیعرییەکاندا بۆخۆی بەزمانێکی سادە کێشاونی، بەڵام لەشێوەی وێنەیەکی شیعری جوان، پڕ واتای خوازە و پڕ لەلێکدانەوە. ئەو (لەئەنجامی بەکارهێنانی کردەی خوازەدا، لەتەک هەر خۆشییەک، ناخۆشییەکی چنیوەتەوە. چل ساڵ لەتەمەنی خۆیدا هەموو زستانەکان دەکاتە بەهار، بەڵام گوڵێک تەنیا گوڵێک نابینێت. ئەمە خۆی لەخۆیدا کارەساتەکانی ژیانی ئەومان بۆ وێنە دەکات. ئەو (خۆی ژیانی خۆی) بەزمانێکی شیعریی، لێکداوەتەوە و لەڕێگەی خوازەوە جوانێک بە ناشیرنێک، باشێک بەخراپێک و ئومێدێک بە ترس و گێژاو و ناخۆشییەک دەبەستێتەوە.
تەنیا ئەو دەڵێت (وەک کۆترۆکەی باڵشکاوی دەس مناڵان بووم، بەهاوار و ناڵەی بێ دەنگ لە ئێش و ژان بووم). دەقنووس وێنەیەکی لەرێگەی خوازەوە دروستکردووە و خۆی بە (کۆترۆکە)، هەم بچووک و هەم بەستەزمان و هەم لاواز و ئینجا بچووکردنەوە و ناسک نیشان داوە، لەکاتێکدا ئەو (مرۆڤە و کۆترۆکە) نییە، گاڤێک خۆشی بەم کۆترە چوواندووە، لەم پێکچوواندنەدا، دۆخێکی دەروونی، ناخێکی جیاوازیی لەنێو ناخی خۆیدا وێناکردووە، کە تەنیا بەکارهێنانی زمان، وەکو زمانی ئاخاوتن و پەیوەندیکردنی ئاسایی دەرەقەتی نایێت، بەڵکو لەڕێگەی بەکارهێنانی وشەی (کۆترۆکە)، هەر تەنیا وێنەیەکی سروشتی کۆترێکمان بۆ ناخوازێت، تاکو خۆی بە کۆترێک و ئاشتیخوازێک و لاشەڕێک و کەسێکی میهرەبان و دڵفراوان وەسف بکات، نەخێر ئەو دەگەڕێتەوە نێو بیرەوەرییەکانی سەردەمی منداڵی خۆی و لەنێو بیرەوەرییەکانی خۆیدا، بیر لەخۆی دەکاتەوە، بەڵام چ بیرکردنەوەیەک. ئەو وێنەیەکی ناخەکی، دەروونیی و قۆناغێکی سەخت، بەڵام پاک، بێ دەسەڵات و بوونێکی جوان، بارێکی دەروونی سەخت، بەڵام گێڕانەوەیەکی چڕ و بوونێکی گەرم. ئەو لەڕووی دەروونی (کۆترۆکە)ی بەخۆی چوواندووە، یان بەپێچەوانەوە خۆی بەم کۆترۆکە چوواندووە، چونکە ئەو لەنێو (هاوار و ناڵەی بێ دەنگ لەئێش و ژان بووم). هاوار واتە دەرچوون و بیستنی دەنگ، ناڵە بەهەمان شێوە دەنگێک لای مرۆڤ دروست دەکات، کە دەربڕی ئازار و ژانە، بەڵام هەموو ئەو شتە دەروونییە لەوێنەی (بێ دەنگ) هەڵگێڕاوەتەوە. وێنەی سەردەمێکی سەخت و دژواری دەروونی و کۆمەڵایەتی و خودی منداڵێکمان بۆ مەزەندە دەکات، کە چۆن ئەو لەناخی خۆیدا لەبەر (بچووکی، لاوازیی، بێ دەسەڵاتی و بەستەزمانی وەکو کۆترۆکەیەک) لەناخی خۆیدا بە بێ دەنگی هاواری کردووە و ناڵاندوویەتی، یان هاوارەکەی بریتییە لەبێدەنگیی.
لەم دەقە شیعرییەدا لەرێگەی وێنە شیعرییەکانەوە دوو دۆخ بەدی دەکرێت (کارەسات و دڵتەنگی و گریان و ناخۆشی)، وێنەیەکی دیکەی پێچەوانەی ئەم وێنەی پێشترمان بۆ دەنەخشێنێت کاتێک دەڵێت: (ژیانم هەمووی تاڵی بوو، کەچی ڕووی خۆم بەزەردەخەنە پۆشیبوو. ژەهراوم دەکرد شەکراو، گریانی کردە گۆرانی و فرمێسک بۆ گوڵاو، ئەوانەی خۆیان لەو مەلاس دابوو، خستیانە سەرچاو، لەجیاتی ڕق تێگرتن، ئەو گوڵی تێگرتن، خۆی کردە پرد، گەلێ پێ لێنرا، تیشکی هەرگیز بۆ خۆی نەبووە، وەکو ژێری چرا، بەدڵخۆشی خەڵک دڵخۆشبووە، ئاسۆی تاری بە ئەستێرەی گەش چنیوە). ئەم وێنە خوازراوانەی باس لەدۆخی بیرکردنەوە و کەسایەتی و هەڵوێست و تێڕوانینی خۆی دەکات، هەرچی خراپەیەکی بەرانبەر کرابێت ئەو بە (گوڵ و دڵفراوانی و لێبوردەیی و ئاسودەیی و پێ خۆشبوونی خۆشی ئەوانی دیکە) وەڵامی داونەتەوە. ئەو لەم وێنە شیعریانەدا، نەک لەزمانی سادەی دەقەکەدا پێمان دەڵێت ئەو (ڕەشبینی و کارەسات و دۆزەخ و کەتنەکانی ئەوانی دیکەی) گۆڕیوە بۆ وێنەیەکی ئەرێنی (متمانەدار بەخودی خۆی، لێبوردە، کەسێکی بەخشندە و هاریکاری ئەوانی دیکە و دڵخۆش و بەختەوەر و ڕوو بەخەندە و هاوبەشی خەمی خەڵک)، تاکو لەدوایین دێڕدا کە پەیامی سەرەکی گوتاری شیعرەکەمان بۆ دەردەخات، دەڵێت:
ئاسۆی تارم بە ئەستێرەی گەش گەش چنیبوو
لەو شوێنە خۆم ئەدۆزیەوە لووتکەی ونی بوو. (د. وریا عمر آمین، ٢٠٢١، ١٨).
گوتاری ئەم دەقە دەکرێت لەم چەند خاڵە سەرەکییە چڕ بکەینەوە:
یەکەم (من) قسەکەر و نووسەر و کارەکتەر و وێنەی وێنە بۆکێشراوی نێو دەقەکەیە و هەر (من) خوازەیە و هەر خۆشی بخوازی هەمان خوازەیە، کە وێنەی خۆی لەسەر چەندین شێوەی وەکو (منداڵ، بەهەشتی زەوتکراو، گریان، بەر نەدانی فێ، دڵی زار، هەستی وشک و دڵی پیر، گیانی سڕ، بەزەیی بەخۆدا هاتنەوە… گەشبین و زەردەخەنە، شەکراو، گوڵاو، سەرچاو، تێگرتنی گوڵ، خۆکردنە پرد، وەکو تیشکی چرا….) وێناکردووە.
ئەو لەم دوو دێرەی کۆتاییدا دەڵێت: (ئاسۆی تارم) بە (ئەستێرەی گەشە گەش چنیوە) واتە لەبێ ئومێدیی و تاری بەرەو گەش و گەشبوونەوە چووە. تاکو دەڵێت (لەو شوێنە خۆم ئەدۆزیەوە)، کە (لووتکەی ونی بوو). ئەمە هەڵگێڕانەوەیە لەواتا و مەبەست هەموو ئەو کارەسات و گریان و تاریکی و پێلێنان و بێ متمانەیی و بێ ئومێدی و ناسۆریی و ئازارانەی هەیە و پێشتر تووشی هاتووە، چونکە ئەو لە (لوتکەی ون بووندا) واتە لەو شوێنەی ئیدی دەگاتە لوتکەی (نەمان و خۆسڕینەوە و لەبیرکردن و لەناوچوون و کۆتایی پێهاتن) لەو چرکە ساتە یەکلاکەرەوەدا (خۆی دەدۆزێتەوە).
ئەم وێنە شیعرییە وێنەیەکی فکری ناخەکی و هوشیارانەیە، چونکە دەقنووس لەو کاتەی دەگاتە ساتی (نەمان و ونبوون)، ئا لەو ساتەدا لەگوتاری دەقەکەیدا پێمان دەڵێت (ئەوەی باسم کرد من نەبووم، یان ئەگەر منیش بووبم) ئیدی لێرەدا من (کەسێکی بەهێزی بڕوا بەخۆم) لەئەنجامدا (من هەم، من خۆم دەدۆزمەوە). بەواتایەکی دیکە لەنێو تاریکدا (چرایەکی گەشە بۆ هەمووان نەک خۆی) ، ئەگەر (ئاسۆ)شی تاریک و لێک و پڕ کێشە بێت، ئەو (گەش گەش) ئومێد دەچێنێت.
ئەرکی زمان و کردەی گوتاری شیعر
من باسی خودی زمان ناکەم لەنێو گوتار، بەڵکو باسی ئەرکی زمان دەکەم، کە لای دەقنووس زمان ئەرکە لەپێناو (وێناکردن و وێنەکێشان بەوشە و دەربرین و گوزارشت و فکر) لەپێناو گەیاندنی پەیامێک، کە بریتییە لە(گێڕانەوەی خودی خۆی و بەسەرهات و هەست ونەستی مرۆڤانەی خۆی). ئەو کردەی گێڕانەوەی لەچوارچێوەی زماندا ئەنجام داوە. زمان دیاردەیەکی ئاڵۆزە، ئەویش وەکو زانایەکی دیاری بواری زمانەوانی دەزانێت چۆن ئەرکە فکری و ئەخلاقی و دەروونی و ناخەکییەکانی زمان لەنێو دەقدا بەرجەستە بکات، یان دەزانێت ئەرکی زمان چۆن مەبەستەکان ڕادەپەرێنێت. (مارتنی) سێ ئەرکی زمانی دەستنیشان کردووە لەوانە (پەیوەندی بەرقەرارکردن و قسەی دڵ و جوانی داهێنان) و (بۆلەر)یش دەڵێت ئەرکی زمان سێ شتە لەوانە (دەرکەوتن و دەربڕین و وروژاندن)ـە. (هالیدەی)یش دەبێژێت زمان ئەرکی (هزری و نێوکەسی و دەق)ی هەیە. (پاکۆپسن) لە دیاریکردنی شەش ئەرکدا کۆی دەکاتەوە و پێی وایە نێرەر پەیامێک لەڕێگەی کەناڵی پەیوەندیی بۆ وەرگر دەنێرێت، ئەو پەیامەش کاتێک کاریگەر دەبێت، کە واتایەکی هەبێت و دەبێت لەلایەن نێرەرەوە بکرێت بە کۆد و لەلایەن وەرگرەوە کۆدەکەی لێک بدرێتەوە. (دلێر سادق کانەبی، ٢٠٠٩، ٢٢).
لەهەمان کاتدا شیعر ئاماژە و کارکردنە لەنێو زمان و ئەو شتانەی لەنێو ناخی ناوەوەی زماندا هەیە، چونکە (شیعر بەناوەوەی زمانەوە بەندە). (دلێر سادق کانەبی، ٢٠٠٩، ٣٠).
د. وریا عومەر ئەمین دەڵێت:
لەگەڵمای و بیرت ئەکەم
لەدڵتام و بۆت ئەسووتێم
بەقەد مەنگیی سەرنجەکەت
لێت دڵنیام و… ئەترسێم. (د. وریا عمر آمین، ٢٠٢١، ٩).
من نامەوێت دەقی تەواوی شیعرەکە شیکار بکەم چونکە پێویستی بەلێکدانەوەی زۆر و درێژ دەبێت، چونکە لەنێو هەر بڕگە و ڕستە و دەربڕین و وشە و وێنەیەکی وێناکراوی نێو دەقەکە و ئەوەی لەنێو هزر و واتای شاراوەی دەقەکەدا هەیە. لەنێو ئەم دەقەدا ئەگەر ئەرکەکانی زمان و پەیامی گوتارەکە لێک بدەینەوە، وەکو ئاوی دەریا بنی نایێت، چونکە هەر یەکێک لەئێمە دەتوانێت بەشێوازی جیاوازی خۆی ئەو تێگەیشنەی لەخوێندەوەی دەقدا بۆی دروست دەبێت شیکاری شتەکان بکات و لەهەمان کاتیشدا هەر کەسێک بەجیاواز دەتوانێت لێکدانەوەی هەمەلایەنە بۆ یەک دەق بکات.
ئەرکی زمان لەنێو ئەم وێنە شیعرییەدا شۆڕبوونەوەیە بۆ نێو هەناو و ناوەوەی وشە و دەق. دەقنووس قسە لەگەڵ (تۆ)ی بەرانبەر خۆی و (ئەو)ی بەرانبەری ئێمەی خوێنەر و تەنیا خودی خۆی دەکات. ئەو دیار نییە کێیە و چ نەژاد و تەمەنێکە و لەچ ئاستێکی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییە، بەڵام ئەو کردەی پەیوەندیکردنێکی پتەو لەنێوان خۆی و ئەو دروست دەکات، چونکە هێندە لای خۆشەویست و گەورەیە، کە (لەگەڵیشی دایە، بەڵام هەر بیری دەکات) واتە کردەی بیرلێکردنەوە کرەیەکی ناوەکییە، دەقنووس لەناخی خۆیەوە قسە لەگەڵ قسە بۆ ئاراستەکراو دەکات. ئەوان لەدۆخێکدا دەژین و پێکەوەن، کەچی هەمیشە و بەردەوام بیری لێ دەکاتەوە، بیرلێکردنەوەیەکی ئەرێنی. تاکو دەگاتە ئەوەی بڵێت (من)ی شاعیر لەدڵی تۆم، بەڵام هێشتا دڵم ئاو ناخواتەوە و تامەزرۆیی تۆ هانم دەدات، تا دەگاتە ئەوەی بۆ تۆ بسووتێم، بەجۆرێک (خوازەی) (سووتان) بەواتای بەئاگر سوتانی هەقیقی نییە، بەڵکو لەناخەوە ئەشقبوون و شەیدا و بیر لێکردنەوەیەکی گڕدارە. لەهەمان کاتدا وێنەیەکی دروستکردووە، لەجیاتی (کچەکە) لەنێو دڵی (کوڕەکە) یان (قسەبۆکراو لەنێو دڵی قسەکەر بێت، دەقنووس دەڵێت (من لەناو دڵی تۆم) و (من بۆت دەسووتێم).
ئەو پەیوەندیی و ئەرکە لەناخی شاعیردا ڕەنگی داوەتەوە و دەڵێت بەقەد (مەنگی سەرنجەکە)ی ئەو لێی دڵنیایە، ئەو لەم دڵنیاییەدا بەهێز و متمانەدارەی دەترسێت، لەخۆشیان دەترسێت، نەک گومانی لێ پەیدا بکات، ترسی ئەوەی لەخۆشیان و لەدڵنیایی شتێک بقەومێت. واتە (ترس) وەکو ئاماژەیەکی ناوەکی ئەرکی (بەکردەوە ترس) نیشان نادات، بەڵکو جۆرێک (لەحەماسەت و ورژوان و خۆشیی و گومان) وێنا دەکات. ئەمە ئەرکی زمانی شیعرییە، کە هەمیشە وشە سروشتی و ئاسایی و باوەکان، بۆ (واتا و مەبەست و پەیام و وێناکردنی نوێ) دەگۆڕێت، گۆڕانەکە لەشێوەی زمانەکەیدا نییە، لەنێوەڕۆک و ناخ و مانا و مەبەستی دەربڕین و وێناکردنە ناوەکییەکەی دایە.
لەم دەقەدا کاتێک سەیری پەیامی گوتارەکە دەکەین دەبینین (وێنەیەک و پێچەوانەی هەمان وێنە) لەهەر وشەیەک و ڕستەیەکدا بەرجەستەیە، ئەرکی (پەیوەندیکردن لەنێوان دەقنووس و خوێنەرەکانی و لەنێوان ئەزی نێو دەقەکە و ئەوی نێو دەقەکە)دا پەیوەندییەکی ڕۆحییە. دەقنووس دەیەوێت لە (ئەو)ی گوێگری نێو دەقەکەی بگەیەنێت، کە (ئەو لەدۆخێکی ناخەکی و دەروونییە، وەکو ئەوەی ئاگری تێی بەربووبێت، ئاگرێک، کە نایسوتێنێت، بەڵکو دەیهەژێنێت و کاری تێ دەکات و دەیچوزێنێت)، چونکە (ئەم تێئاڵانە، نەک خودی ئاگرەکە وەکو ئازاری ئاگرەکە لای دەقنووس خۆشە). ئەو (ئاگر بەهۆکارێکی ئەرێنی) و(ئازارەکەیشی بەخۆش) دەچووێنێت. دیقەت لەم دەربڕینە بدەن و لێکی بدەنەوە، کە دەڵێت:
ئاگرێکە و تێم بەربووە
خۆشە بەقەد ئازارەکەی. (د. وریا عمر آمین، ٢٠٢١، ٩).
ئەمە پەیوەندی بەرقەرارکردن و قسەی دڵ و جوانی داهێنان و (دەرکەوتن و دەربڕین و وروژاندن) و ئەرکی (هزری و نێوکەسی و دەق و پەیوەندی نێوان نێرەر و وەرگر و دروستکردنی کۆد، نیشان دەدات)، کە دەبێت خوێنەر لێکیان بداتەوە.
ئەرکی زمان هەمەلایەنە، وەکو چۆن کردەی گوتاریش هەمەلایەنەیە. دەقنووس لەبارەی شیعرەکانی دەڵێت: (شیعرەکانم هەموو لەکانگەی دڵمەوە هەڵقوڵاون و هەستی پاکی بی گەردی ناخ و دەروونمن.. زمانی بوونمن، نامەی عیشق و دەربڕی خۆشەویستیی ڕاستەقینەمن بۆ ژیان و جوانی و نیشتمان و خاکە شیرنەکەم کوردستان). (د. وریا عمر آمین، ٢٠٢١، ٦).
واتە شاعیر ناڵێت زمانی شیعریم، ئەو شتێکی بەناوی زمانی شیعر ئاماژە پێ نەکردووە، بەڵکو باسی دیاردە و بیرکردنەوە و شتەکان لەنێو زماندا دەکات، بەڕوونی دەڵێت (زمانی بوونمن). واتە زمانی شیعرکانی بریتییە، یان یەکسانە بەبوونی ئەو. (جان کۆهین) پێی وایە دیاردەی شیعر لەدەرەوەی زمان بوونی هەیە، لەدنیای هونەر و تەنانەت لەسروشتدا شیعر بوونی هەیە، هەر لەهەڵفڕینی باڵندەیەکەوە تاکو تابلۆی شێوەکارێک. بۆیەشە کاتێک، کە کەرەستەیەک لەکەرەستەکانی وەکو زمان و تابلۆ و سەما و وێنە تێکەڵ بە شیعر دەبن، ئەوە دەبێت وشەی شیعر وەکو وەسفکردن و تایبەتکردن بخەینە پاڵیان و بڵێین (زمانی شیعری، تابلۆی شیعری، سەمای شیعری، وێنەی شیعری…). (محەمەد عەبدولکەریم ئیبراهیم، ٢٠١٢ ، ١٠). زمان بەواتا گشتییەکەی هەر زمانە، بەڵام کاتێک تایبەتمەندی بەشێوە و شێوازی بەکارهێنانی زمانەکە دەبەخشین، دەکرێت بڵێین (زمانی شیعریی)، ئەمەش پەیوەندی بەچۆنیەتی بەکارهێنان و دەبڕین و وێناکردن و لێکدانەوەی شاعیرەکانەوە هەیە، لەچۆنیەتی بەرهەمهێنانی گوتاری شیعردا.
(د. وریا عومەر ئەمین) شتەکان هەڵدەگێڕێتەوە لەنێو زمانە ئاساییەکەدا، دەبینین لەڕێگەی بەکارهێنانی (نە)یەک هەموو (وێنە و مەبەست و پەیام و گوتارێکی) دەگۆڕێت. لەگوتارێکی پاڵپشت و ئەرێنی و پێخۆشبوونەوە بۆ گوتارێکی دژ و نەرێنی و دڵگرانییەوە، ئەو دەڵێت:
زۆر لەمێژە..
تامی دڵداریم .. نەچەشتووە
زۆر لەمێژە
لەتاو دووریی خۆشەویستا
هیچ فرمێسکم نەڕشتووە
(نە) تێکڕای وێنە شیعرییەکە دەگۆڕێت، گوتاری شیعرەکە دەگۆڕێت، خەڵک و دەقی ئاسایی لەبەر عەشق و دووری لەخۆشەویستەکەی (ئازار دەکێشن و فرمێسک دەڕێژێن)، کەچی ئەم شاعیرە لەمێژە دوور لەخۆشەویستی نە ئازار و نە فرمێسک ڕشتنی هەبووە. خوێنەر چاوەڕوان دەکات دەقنووس لەسایەی خۆشەویستی وێنەی ئازار و فیغان و نوکەنووک و پاڕانەوە و ئازار بچێژێت، بەمەش خوێنەر ڕەنگە لەزەت لەئازارەکانی دەقنووس وەربگرێت و وێنەی کەسێکی خەمبار و دڵتەنگ و ئازار چەشتووی لادروست ببێت. بەپێچەوانەی ئەمانە (د. وریا عومەر ئەمین) دەڵێت من لەبەر ئەوەی (لەمێژە) ئەم ئازارەم نەچەشتووە ئەمەش وایکردووە دوور بم لە گریان، ئەم دوورییە دۆخێکی ئەرێنی دروست نەکردووە، بەپێچەوانە لێکدانەوەی نەرێنی بەرهەمهێناوە، وەکو:
یەکەمیان: خۆشەویستی لەبیرەوەری ئەودا نەماوە، یان پچڕاوە، هیچ جۆرە پەیوەندییەکی بە خۆشەویستی نەماوە، بۆیە بەم دابڕانە دوور لەئازار و فرمێسک دەژی.
دووەمیان: گریمانەی ئەوەی لێ دەکرێت، ئەو بەردەوام لەنێو دەریای خۆشەویستییەکی ئەبەدیدا دەژیت و خۆشەویستی لێی دوور نییە، لەناخی ئەودا خۆشەویستییەکی بەهێز دەژیت، بۆیە ئازاری بەدەست دووری ئەم خۆشەویستییە نییە.
ئەمەیە ئەرک و هێزی زمان پەیوەندییەکی پتەو و هەمەلایەنی لەنێوان (خۆی و ئەو) بەمەبەستی (خۆشەویستی و نەبوونی ئازار و فرمێسک) دروستکردووە. لەنێو گوتاردا (نێرەر/ شاعیر/ من/ خۆی) و وەرگر (خۆشەویستەکەی و ئەو) کۆدەکان دروست دەکەن و کۆدەکانیش شی دەکەنەوە.
زمانی وێنە شیعرییەکە، مەبەستی زمانە شیعرییەکە و ئامانجی پەیوەندییە شیعرییەکە، ئەو کاتە دروست دەبێت، کە شاعیر قسەیەکی جیاواز لەزارگوتن و ئاخاوتنێکی ئاسایی خەڵک دەردەبڕێت، یان شتێک دەوروژێنێت و بەشێوازێک قسە دەکات، کە خوێنەر و وەرگرەکانی چاوەڕوانی ناکەن.
دەقنووس لەڕێگەی تەنیا بەکارهێنانی (نە)یەک، هەموو وێنەکانی سەراوژێر کردۆتەوە، هەموو مەزەندە و چاوەڕوانیی و لێکدانەوە و گریمانە و پێشگریمانەیەکی خوێنەر و وەرگرەکانی کردۆتە فشەی گۆمەگڕووی. ئەو ئەم (نە)یە وەکو کردەی ڕەتکردنەوە و نەفی بەکارنەهێناوە، بەڵکو ئەم (نە)یە بەمەبەست و واتایەکی دیکە بەکارهێناوە، کە لەشێوەدا (نەفییە)، کەچی لە گوتاری شیعرەکەدا وێنەیەکی (بەڵێ و هەبوون و ساخکردنەوەی) پێ بەخشراوە. گاڤێک دەڵێت تامی دووریم (نە)چێشتووە، واتە ئەو خۆشەویستی هەیە، پڕا و پرە لەخۆشەویستی، ئەو هەر لێی نزیکبووە. کە دەڵێت لە(تاو) دووریی خۆشەویستی هیچ فرمێسکم نەڕشتووە، ئەوەمان پێ دەڵێت ئەو (لەخۆشەویستی (دوور نییە، ئەم (تاو)ە واتە لەدەست ئازار و فشار و کاردانەوەی لەدووریی نایەت، بەڵکو مانای ئەوەمان پێ دەبەخشێت، کە ئەو دوور نییە، و (هیچ) و (نە) لێرەدا واتای (هەبوون)ی خۆشی و نەبوونی ئازار و نەڕشتنی فرمێسک دەگەیەنن.
دەسەڵاتی زمانزانین لەوە دایە، تۆ چۆن دەتوانیت لەنێو هەر وشەیەکدا، چەند وشەیەکی دیکە و چەند واتایەکی دیکە و چەندین مەبەستی پێچەوانەی مەبەستە شێوەدیارە قاڵبکراوەکە دروست بکەیت. ئەمەیە زمانی شیعریی، لێرەدا مرۆڤ و شیعر و مانا و گوتار لەنێو دەقی زماندا دەژین، زمان هەمیشە زیندووە، زمان هەمیشە شتێکمان پێ دەڵێت، کە ڕەنگە لەنێو بیرەوەریی و بوون و فکری ئێمەدا لەم ساتەی دەگوترێت ئامادەیی نەبێت، یان سڕابێتەوە و یان شتێکی ناشیرن و قێزەوەن بێت. پێویستە ئاماژە بەشتێکی گرنگ بکەم، ئەو شتانەی لەبارەی شیعرەکانی (د. وریا عومەر ئەمین) نووسراون پتر قسەکردنن لەسەر شێوە و قاڵبی دەقەکان و خودی شاعیر، جۆرێکە لەڕەخنەی کلاسیکی ئەدەبی، من وای دەبینم، خوێندەوەی دەقەکانیان خستۆتە پشت کەسایەتی خودی نووسەرەوە. مەرج نییە هەموو زمانزانێک نووسەر و شاعیرێکی باش بن، یان مەرج نییە هەموو زمانزانێک بتوانێت ئەرک و پێگەی زمان بگوازێتەوە نێو دەقی شیعرییەوە. ئەگەر وابووایە دایکم دەبووایە باشترین شاعیر بووایە، چونکە بەخۆرسک زمانگۆیەکی لێهاتووە. (ڕەخنەی ئەدەبی کوردی ڕەخنەیەکی وەسفی بووە نەک پراکتیکی، ئینجا ڕەخنەیەکی ڕامانی (ئینتباعی) بووە نەک زانستی. بەگشتی قسە لەسەر دەوروبەری دەق کراوە وەکو ژیانی شاعیر و ئەو زمانانەی کە دەیزانێ و ئەو قاڵب و کێشانەی بەکاریهێناون). (محەمەد عەبدولکەریم ئیبراهیم، ٢٠١٢، ٣٦).
لەنێو ئەم دەقە شیعریانەی (د. وریا عومەر ئەمین) زۆر شت لەبەرگی وەسفدا بۆ لۆمە، یان لە بەرگی لۆمە بۆ وەسفی شتێکی باش گوتراون، دەقنووس لەبەرگی لۆمە کۆمەڵە پەسنێکی خراپ، بۆ شتی، یان یەکێ ئاراستە دەکات، بەڵام لەپاشان بەشێوەیەکی تر بڕیار دەدات و دەری دەخات، کە ئەو گوتنانەی پێشووی کە لەبەرگی لۆمە دەبینران، نەک بەلایەوەی لۆمە نەبووە، بەڵکو وەسف بووە. (د. ئیدریس عەبدوڵڵا، ٢٠١٢، ١٢٢).
تۆ خەمی منی.. تۆ شادیی منی
تۆ بەندیخانە و ئازادیی منی
تۆ پرسەی منی.. تۆ شایی منی
تۆ دڵنیایی و ڕاڕاییی منی. (د. وریا عمر آمین، ٢٠٢١، ٤٤).
لەگوتاری ئەم گوتنانەدا بۆمان دەردەکەوێت چۆن وەسف دەبێتە لۆمە، یان لۆمە دەبێتە وەسف و پەسندکردن. (خەم) لۆمەیە و (شایی) پەسندکردنە، هەروەها (پرسە) لۆمە و ناخۆشییە، (شایی) پەسندکردن و وەسفە. ئەم دیاردە شیعرییە لەنێو گوتنەکاندا چەندین جار بەشێواز و مەبەست و ئامانجی جیاواز دووبارە دەکرێنەوە. هەر یەکەشیان وێنە و مەزەندە و بیرکردنەوەیەکی جیاواز لەخۆی دەگرێت.
دەقنووس وێنەی هەستیی و ناخەکی و تێڕوانین و لێکدانەوەی بۆ ژیان و مردن هەیە، نەک خۆی ئەزموونی مردنی کردبێت. ئەو وێنەیە لەناوەوەی خۆی هەیەتی، لێکدانەوە و هەستە نەبینراوەکانی خۆی لەبارەی مردن بەم جۆرە وێنا کردۆتەوە کە دەڵێت:
بۆنی مردن
هەموو ساڵێ بەو ڕۆژەدا تێئەپەڕم
بێ ئەوەی دەرکی پێ بکەم، تێیدا ئەمرم
پێی بزانم وەکو ڕۆژی لە دایک بوونم
بۆی ئەگێڕم ئاهەنگی لە ژیان دەرچوونم. (د. وریا عمر آمین، ٢٠٢١، ٤٩).
ئەمە هەقیقەتە یان خەیاڵ، بیرکردنەوەیە یان وێناکردن و مەزندەیەکی شیعریی، یان دەقنووس دەیەوێت وەسفی مردنمان بۆ بکات، یان وەسفی هەستی ناخی خۆیمان بۆ بکات لەبارەی مردن. ئەرکی زمانی شیعر، گوتاری شیعر گواستنەوەی کردەی زمان نییە، بەڵکو پەیوەندیکردنە لەنێوان ناخی شاعیر و مەبەستە نادیارەکانی نێو دەق لەگەڵ خوێنەرەکانی. وێناکردنێکی زهنی و ناوەکییە.
لەگوتاری ئەم شیعرەدا، لەوە تێ دەگەین (بۆنی مردن وەکو پرسیار، بۆنی مردن وەکو گریمانە و بۆنی مردن وەکو نهێنییەکی تۆقێنەر) بەدوای دەقنووسەوەیە، کە لەڕاستیدا ئەمە (بۆنی مردن) نییە، بەکو (پرسی مردنە). هەموو کاتێک وەکو سێبەر لەگەڵیەتی، گورگە، منجڕە و واز ناهێنێت. شاعیر لەم گوتارەدا پێمان دەڵێت (من دەزانم مردن چی لەم داوە). ئەمە خاڵی بنەڕەتی ئەم دەقەیە، کە مردن مردنی لەزیندووێک دەوێت. دەقنووس بەخوێنەرەکانی دەڵێت: (من دەزانم مردن لەگەڵمە، واز ناهێنێت و گورگ ئاسایە و بۆنی دەکات و بۆنی مردن کاسی کردووە).
زمانی ئەم شیعرە قووڵبوونەوەیە بەناخی مرۆڤ، وێناکردنی هەست و دۆخی دەروونی و تێڕامانی خودی مرۆڤە لەبارەی مردن، لەبارەی ژیانێک، کە مردن کاسی کردووە. مردن گورگە واتە دڕندەیە، گیانەوەرێکی دەم خوێنینەوە و جیاش نابێتەوە لە مرۆڤ.
لێرەدا باسی خودی دەقنووس ناکەم، بەڵکو باسی خودی دەقەکە و زمانی دەقەکە دەکەم، ئەو زمانەی وێنەیەکی شیعریی، تابلۆیەکی پڕ لەنیگەرانیی و دوودڵی و بیرکردنەوەی ناخەکی لەخۆگرتووە، زمانی تابلۆیەک، کە (مردن بەگورگ چوێنراوە، وەکو سێبەر لەگەڵی دەژیت). ئەمە تابلۆیەکە (ترس، نائارامی دەروونی، تێڕوانین و بیرکردنەوەی بەردەوامی لەخۆگرتووە)، ئەمەیە زمانی شیعریی، کە لەنێو یەک وشەدا چەندین وێنە و چەمک و دەربڕین و مەزەندە و مەبەستمان بۆ دروست دەکات. بۆنموونە (گورگ) هەم (گیانەوەرە)و (هەمیش ئازاربەخش و دڕندە و تۆقێنەر). سێبەر لە (ڕۆژی بەڕۆژ و تیشک و ڕووناکی) پەیدا دەبێت، کە سوود بەخشە، کەچی ئەم سێبەرە کاسکەرە (مردن) لەگەڵ (گورگ و لەترس و کاسبوونەوە) پەیدابووە، واتە سێبەرێک کە لەتاریکی و ڕەشبینی و ناخۆشییەوە سەرچاوەی گرتووە.
یان لەشیعرێکی دیکەدا دەڵێت:
ڕۆژانێک بوو … هیچم نەبوو .. ئومێد نەبێ
ئێستاکەش هیچ نییە نەمبێ.. ئومێد نەبێ. (د. وریا عمر آمین، ٢٠٢١، ٥٠).
لەم دەقەدا باسی (هیچ و هەبوون و نەبوون) دەکرێت، کێ دەتوانێت لەنێو گوتاری دەقدا مەبەستی ئەم دەستەواژانە ببینێت، مەگەر لەڕستەدا نەبێت. لەڕابردوودا، لەکاتی دوور و لەسەردەمی کۆندا (هیچم نەبوو) بەواتای ئەوەی شتێکی نەبووە، تەنیا (ئومێد نەبێت)، ئەم (نەبێت)ـە لێرەدا بەواتای سەلماندنی کردە و فەرمانی(هەبوون) بەکارهێنراوە. لەبەشی دووەمی ڕستەکەدا هاتووە: (هیچ نییە نەمبێ) لەکاتی (ئێستادا هەنووکە و لەم سەردەمەدا) هەموو شتێکی هەیە. (نییە و “نە”)ی پێش وشەی (مبێ) بەواتای (هەبوون) دێن. لەگەڵ ئەوەشدا، کە هەموو شتێکی لەم سەردەمەدا کە هەیەتی زۆر باشە، بەڵام لەهەمان کاتدا (ئومێدی نییە).
گوتاری ئەم دوو تابلۆ شیعرییە شتێکمان پێ دەڵێت: کە دیار نییە، مەبەستێکمان بۆ ئاشکرا دەکات، کە دیارنییە، دیاردە و دۆخێکی دەروونی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و کەسیمان بۆ نەخش دەکات، کە هەموو کەسێک ناتوانێت بەم شێویە دەری ببڕێت. ئەو ئاماژە بە (کات) سەردەمی (ڕابردوو و ئێستا) دەکات، باسی (خۆی/ من) دەکات، وەسفی خۆی دەکات، کە لەڕۆژانێکدا (هیچی نەبووە، تەنیا ئومێد نەبێت)، کەچی (ئەمڕۆ هەموو شتی هەیە، تەنیا ئومێد نەبێت). ئەرکی ڕاگەیاندنی هەندێک زانیاری ئەنجام دەدات، کە بەخوێنەرەکانی دەڵێت (هیچم نەبوو ئومێد نەبێت، هەموو شتم هەیە ئومێد نەبێت). لەهەمان کاتدا ئەو باسی خۆی دەکات، بەڵام دەیەوێت وێنەی واقیعی ژیانی کۆمەڵگا، وێنەی تاکەکەسی بگشتێنێت. ئەو لەم گوتارەدا دەیەوێت پەیامێکی ناخەکیمان پێ ڕابگەیەنێت کە ئەویش (نەمانی ئومێدە) هەرچەندە (خەڵک ژیانی گۆڕاوە و هەموو پێویستییەکی ژیانی هەیە، بەڵام ئومێدی نەماوە). نەبوونی ئومێدیش دەبەستێتەوە بە (بڕانەوەی هەرچی جوانی و گەشی و تینی ژیانە).
لەناخی ئەم وێنە شیعرییەدا گوتارێکی ڕەخنەگرانە، یان کردەی ئامۆژگاریی و هوشداریی و بەئاگاهێنانەوەی بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەرجەستە کردووە، چونکە ئەو دەڵێت ئەگەر (ئومێد لای مرۆڤ نەما) ئیدی (جوانی و گەشی و تین)یش نامێنێت و ئەو شتانە ناڕوێنەوە. بەواتایەکی دیکە بنەمای گوتارەکەی ئەوەیە کە (مرۆڤ بێ ئومێد ناژیت).
(جان کۆهین) لەبارەی زمانی شیعر و پەیام دەڵێت: (شاعیر دەیەوێت پەیامێک بگەیەنێت و مەبەستیەتی خەڵکی تێی بگەن، بەڵام تێگەیشتنێک بە ڕێگایەکی جیاواز). (محەمەد عەبدولکەریم ئیبراهیم، ٢٠١٢، ١١٩). دەقنووسی ئێمەش دەیەوێت بەشێوەیەکی دیکە تێمان بگەیەنێت کە نەمانی (ئومێد) لەسەردەمی هەبوونیدا جێگای پرسیار و لێکدانەوەیەکی فکری و دەروونی و ئەخلاقییە.
گوتاری ڕەمز لەنێو شیعردا
ئەدەب بێ ڕەمز و نیشانە نابێت، نیشانە بەواتای سیمیۆلۆژیا، بەکارهێنانی زمان خۆی لەخۆیدا نیشاندانی ژمارەیەک نیشانەی (کۆمەڵایەتی و مێژوویی و دەروونی و فکری و ئەخلاقی و سیاسی و زمانییە… تاد). سیمۆلۆلۆژیا زانستێکە لە دیاردەی نیشانەکان لەنێو زمان و دەقدا دەکۆڵێتەوە.
لەنێو دەقەکانی (د. وریا عومەر ئەمین)دا نیشانەی زمانەوانی، نیشانە وەکو هێمای شتەکان، ئەو شتانەی نابینرێن، یان خۆیان لەپشت وشە دیار و ئاشکرایەکاندا شاردۆتەوە هەست پێ دەکرێت. نیشانەکان دوو بەشن (نیشانەی دیار و هەقیقییەکان) و (نیشانەی نادیار و خەیاڵی و مەزەندە و وێناکردنی ناخی ئەو شتانەیە، کە پتر بەستراونەتەوە بە مانا و خوازەوە). (ڕەمز پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ خوازەدا هەیە، بەجۆرێک ناوەڕۆکی خوازە پێکدێنێت و بەپێی پەیوەندییەکانی نێو دەق دەسەڵاتی بەسەردا هەیە، بەجۆرێک هەموو خوازە بەکارهاتووەکان لەخزمەتی ڕەمزدان، ئەمەش ڕۆڵی گواستنەوەی ئیحاکانی بۆ وەرگر هەیە. (هێمن عومەر ئەحمەد،٢٠٠٨. ١٧٤).
نیشانەی کۆمەڵایەتی:
لەشیعری (ژوانی کۆڕۆنا) دەڵێت:
لەڕێگا بتبینم خۆم لە تۆ لا ئەدەم
ناهێڵم ماچم کەیت دەس خەیتە ناو دەستم
(خۆ لادان) لەسەردەمی کۆرۆنا وەکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ خۆپاراستن بەکار هێنرا، واتە پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهۆی پەتای کۆرۆناوە سنووردار کراوە، (ماچ کردن)یش یەکێکە لەدیاردە کۆمەڵایەتییە دەروونییەکان. (درۆی نیسان) (خۆشەویستی)یش بەهەمان شێوە بریتین لەنیشانەی کۆمەڵایەتی لەنێو دەقدا.
بەکارهێنانی زاراوەی نابەجێی کۆمەڵایەتی
(فشەفش) و (خوێڕییە، بوونگەنیوە، دەبەنگە، خەتمایل و گێڕگۆڕین). (گلەیی). بەشێکی دیکەن لەو نیشانە کۆمەڵایەتیانەی لۆمەی مرۆڤی پێ دەکرێت.
نیشانەی سیاسی:
لەڕێگای بەکارهێنانی ئەم وشانە و ژمارەیەک دەستەواژەی دیکە نیشانە سیاسییەکانی بەرجەستە کردووە، لەوانە: (فیدایی سەدام) و (جلی زەیتونی) و (ئەنفال) و (کاکە عودەی)، (سەدام بەزی) ، (خەتمایل و پێشمەرگە)، (نەورۆز). (بەعسی بوو)، (ڕاپۆرت نووسین لەسەر خوشکی خۆی). ئینجا بەکارهێنانی (بیروڕاو)، خۆشەویستی بۆ گەل و خاک.
نیشانەی دەروونی:
لەتەک نیشانەکانی دیکەدا ژمارەیەکی نیشانەی دەروونی بەکارهێناوە، کە من لێرەدا تەنیا هەندێک لەو وشانەم تۆمار کردووە، کە ڕەنگدانەوەی نیشانەی دەروونین، لەوانە: (خەرەندی نەمان)، (خەزانی تەمەن)، (سەرسامی و بێ ئومێدی و کەسەر)، (لەتەنیایی خۆم ئێستا تەنیام)، (لۆمە)، (دەرد و پێکەنین و گریان و خەم و ئاوات و پرسە و دڵنیایی و ڕاڕایی و شاییی، ترس، برسیەتی) .. تاد.
نیشانەی سروشتیی:
لەم بوارەدا دەتوانم بڵێم ڕێک وەکو هەڵسوکەتی ئاسایی خۆی بایەخی بە نیشانە سروشتییەکان داوە. ئەوەی من دەزانم (د. وریا) خۆی گوڵپەڕستە، تۆوی گوڵ لە شوێنێک بۆشوێنێکی دیکە دەگوازێتەوە و دەیانچێنێت، هەندێک لەم نیشانە سروشتیانەم لێرەدا داناوە، کە هەموویان نین، لەوانە: (گوڵ). (ئەستێرە)، (پشکۆ)، (تریشقەی ئاسامان)، (پەلکەزێڕینە)، (خوڕەی ئاو). (خاکی زێڕین)، (خوناو)، (باڵدار)، (تریفیە مانگەشەو)، (مانگ)، (ئاگر) و(شەو)، (مانگەشەو)، (تاریکی) (ڕۆژ). تاد. سەرباری (باران، دار و درەخت، کانی و جۆگەلە، گژوگیا، خاک).
نیشانەی گیانەوەر:
لەم بوارەشدا شتی دیکەی وەکو نیشانەی گیانەوەر بەکارهێناوە، لەوانە: (کۆترۆکە)، (بەرخۆلە)، (مەل)، (باڵدار).. تاد.
چۆن لەدەق بگەین، ڕێگە و شێوازی تێگەیشتن لەدەق لای هەر خوێنەرێک جیاوازە، تەنیا ئەگەر نووسەر بەسادەیی ویستبی تەنیا یەک (شت و واتا و مەبەست) بڵێت، بەڵام کاتێک خوێنەر لە(شوێن و کات و تەمەن و چین و ئاستی ڕۆشنبیریی) جیاواز هەمان دەق دەخوێننەوە، ئاساییە واتای جیاواز لەنێو گوتاری هەمان دەقدا دەستنیشان بکەن، وەکو چۆن نووسەر لەبەرکارهێنانی یەک وشەدا، واتا و مەبەستی جیاواز دروست دەکات.
دەق هەندێک شت دەڵێت و بەکاردەهێنێت و ئاماژەی پێ دەکات، کە مەرج نییە ئەو شتانە بێت، کە نووسەر بەشێواز و لەدۆخ و بواری جیاوازدا بەرهەمی دەهێنێت. دەوروبەری بەکارهێنانی وشە، بایەخ و ئەرک و واتا و گوزارشت و ئەرکی وشە بەکارهێنراوەکانمان بۆ دیاری دەکەن.
دەقنووس دەڵێت:
کێ خۆی لە من مەلاس دابا ئەمخستە سەرچاو
پەلیم ئەگرت مەبادا خۆی بکەوێتە داو. (د. وریا عمر آمین، ٢٠٢١، ١٨).
لەم گوتنەدا (هەواڵ و زانیارییمان) پێ دەدات، کە کەسانێک خۆیان لەو مەلاس داوە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو شتێکی لەبارەیان نەگوتووە. ئێمە دەبێت ئەوە بزانین کە (کەسانێک خراپ و تێکشكێنەر و ڕاپۆرتنووس و سەدڕوو و نەگریسن و ناڕەسەنن و نانەجیبزادە)ن، کەچی دەقنووس دەڵێت ئەو کەسانەی خراپەکارییان لەگەڵ دەکردم، من بەپێچەوانە هەمیشە بەباشە وەڵامم دەدانەوە. ئەو ناڵێت من کەسێکی باشبووم، بەڵام (پیلگرتن) لێرەدا ئەوەمان نیشان دەدات، ئەو لەجیاتی چارەسەری خراپە بەخراپە، هەوڵی داوە، خراپە بەچاکە چارەسەر بکات. ویستویەتی (ڕق) بە (خۆسەویستی) چارە بکات، (تۆڵە) بە (هاوکاری) نەهێلێت، ئەو مێژووی کەسانێک دەگێڕێتەوە کە (خراپەکارییان) کردووە، بێ ئەوەی ئاماژە بەپاشخان و ناوی هیچ کەسێک بکات.
ئەرکی لێکدانەوە و خوێندنەوەی دەق ئەوەیە، کە چۆن شتە نەگوتراوەکان و شتە بەکارنەهێنراوەکان دەدزۆنەوە، چۆن وێنەی سەردەمێکمان بۆ نەخش دەکات، کە کەسانێک خراپ و سەدڕوو بوون. من لام گرنگ نییە هەموومان چۆن و بە چ شێوازێک وێنەیەک لەنێو دەقەکێکدا دەبینین و هەستی پێ دەکەین و لەزەتی لێ وەردەگرین، بەڵکو لای من ئەوە گرنگە، کە هەندێک شتی نەگوتراو لەنێو دەقەکەدا خۆیان شاردۆتەوە، ختوکەمان دەدەن، ڕامان دەکێشن، بەڵام بەئاسانی ناتوانین بیانگیرن و ڕایانکێشینە دەرەوەی دەقەکە، کارێک کە پێمان بکرێت لێکۆڵینەوەیە لەم شتانە، نەک پێناسە و ئاماژە بە ڕستە دیارەکان و کەسایەتی نووسەر و دەوروبەرێک، کە هەموومان دەیزانین.
(د. وریا عومەر ئەمین) شەیدای (گۆران)ـە، نەک لەشیعرەکانیدا ئەمەی تێدا بەدی دەکرێت، بەڵکو لە نێو هەست و وێناکردن و مەبەستەکانیشدا، لە گوتاری شیعرەکانیدا ئەمە بەرجەستە کراوە، ئەمە هەموومان دەیزانین، بەڵام لای (د. وریا) سروشت، خۆشەویستییە، گوڵ خۆشەویستییە، ئافرەت خۆشەویستییە، تەنیا مردنیش خۆشەویستییە، ئەو لەنێو خۆشەویستیدا بەدوای خۆشەوستییەکی نادیاردا دەگەڕێت و لەنێو ڕقدا بەدوای خۆشەویستیدا دەگەرێت و لەنێو خراپەکاریدا خۆشەویستی ڕۆ دەنێت و بیر لەتۆڵە ناکاتەوە.
گوتاری بەهەڵەبردن
مەبەستمان لە بەهەڵەبردن (فریودان) نییە، بەقەد ئەوەی نووسەر لەڕێگەی گوتنێک سەرەتا زەینی خوێنەر بەرەو ئاراستەیەک دەبات، کە لەکۆتاییدا شتێکی دیکە و پەیامێکی دیکە مەبەستە. یان (سەرەتا لەمێشکی بەرانبەردا واتایەک دروست دەکات، بەڵام کە قسەکەر قسەکانی تەواو دەکات، ئینجا بۆ بەرانبەرەکەی دەردەکەوێت، کە بەهەڵەچووە، ئەگینا مەبەست بەتەواوی پێچەوانەی ئەو واتایەیە، کە یەکەمجار بۆی دروستبووە). (د. ئیدریس عەبدوڵڵا، ٢٠١٢، ١٤٧).
(د. وریا عومەر ئەمین) لەڕۆژی لەدایکبوونی ئیڤانی نۆبەرەیدا دەڵێت:
چ تاوانێ بوو کردم دەرحەق تۆ
پەنجە ئەگەزم.. ئەمەم بۆ کرد .. بۆ
تۆم هێنایە ئەم ژینە شێواوە
ڕووە سپیەکەی زەرد هەڵگەڕاوە
ئەستێرە گەشەی ئێوارەی ژینم
لەمەودوا هەر بۆ تۆیە گرینم. (د. وریا عمر آمین، ٢٠٢١، ٤٣).
کە باسی (تاوان) دەکات، واتە هەڵەیەکی کوشندە و کەتنێکی تاوانکارانەی خراپی کردووە، (تاوان) یەکسانە (بەشکاندنی یاسا و کوشتن و خراپەکارییەک کە قەرەبووکردنەوەی قورسە)، کەچی دواتر زەینی خوێنەر دەباتە سەر ئەوەی، ئەو لەسەردەم و کاتێکی خراپدا دەژیت، کۆمەڵگا خراپبووە و ژیان شێواوە و جەنگ و ماڵوێرانی هەیە. لەهەمان کاتدا دەڵێت (تۆ ئەستێرە گەشەی ژینم)، لێرەدا خوێنەر هەست و لێکدانەوە و وێنەیەکی پێچەوانەی ئەو وێنەی پێشووتری لای دروست دەبێت کە بەستراوەتەوە بە (تاوان) لەئاکامدا (پەنجەی پەشیمانی دەگەزێت).
ئەرکی زمانی شیعریی دروستکردنی ئەم وێنە واتادارانەیە، کە خوێنەر دەخاتە بەردەم لێکدانەوە و بیرکردنەوەی جیاواز و هەمەلایەنە. لێکدانەوە و تێڕوانین لەدەق ئاشکراکردنی ئەو لایەنە شاراوانەمان بۆ دەردەخات، کە نووسەر بەشێوەیەکی نادیار و ناڕاستەوخۆ بەرهەمی هێناوە.
گوتاری بنەڕەتی ئەم گفتوگۆیە دەقنووس لەڕێگەی وەسفی کاتی بوونی(ئیڤان)ی نۆبەرە بەرهەمهێناوە، خودی (ئیڤان) نییە، بەڵکو ئاماژەکردنە بەسەردەمێکی خراپ و (ڕوو زەردهەڵگراو). ئەو لەڕێگەی ئیڤانەوە پێمان دەڵێت ئەمڕۆ سەردەمێکی خراپ و پڕکێشەیە، چونکە ژیان گۆڕاوە و هەموو شتێک تۆقێنەر و خراپە. ئەمە گوتاری دەقەکەیە، نەک خودی (ئیڤان). شاعیری کارامە ئەوەیە، شتێکمان پێ دەڵێت، کە خوێنەری بیری لێ نەکردۆتەوە، شتێک ئامادە دەکات بۆ ئەوەی دوای چەندین ساڵ بیخاتە نێو بیرەوەریی خوێنەرەکانی، کە ئەو کات هیچ یەکێک لەخوێنەرەکانی بیریان لێ نەکردۆتەوە.
ئەو قسەکانی بۆ ڕۆژی لەدایکبوونی ئیڤان نییە، بەڵکو گوتارەکەی ئاراستەی سەردەمێکە کە (ئەو کات)، (هێشتا نەهاتووە، لەئایندەدا وەکو بیرەوەریی و مێژوو) دەخوێندرێتەوە. ئەو پێمان دەڵێت (ئێستا) ڕۆژی ١١ئازاری ٢٠٢١، لەبیرتانە ئەو ڕۆژەی ئیڤان لەدایکبوو، عێراق و ئێمە و مرۆڤەکان بەگشتی لەچ دۆخ و سەردەم و شێوەژیانێکی سەخت و نالەبار و مەترسیدار و قورس و ئاڵۆز و شێواو بووین. گوتمان گوتاری شیعر شتە بینراوەکان ناگێڕێتەوە، بەڵکو شتێکمان بۆ دەگێڕێتەوە کە ئێمە لەنێو شتە دیارەکان هەستی پێ ناکەین.
ئێمە (ئیڤان) دەبینین، هەستی پێ دەکەین و خودی قسەکەری نێو دەقەکەش، کە خودی (د. وریا عومەر ئەمین)ە دەبینین، وشەکانیش دەبینین، بەڵام هیچ ئاسان نییە (کێشە و مەبەست و ئامانجە) بنەڕەتییەکەی نێو دەقەکە، کە ئەمڕۆ لای من (وەسفی ئەو کاتی سەردەمێکی خراپە) ببینین، کە (مرۆڤ بەدەستییەوە گیرۆدە) دەبێت.
پوختە و سەرخەرمانی قسە
(د. وریا عومەر ئەمین) مامۆستا و زانایەکی گەورەی زمانەوانییە، لەئاکامی شۆڕبوونەوە بەنێو قوڵایی فکر و وێناکردن لەنێو زماندا شیعریی نووسیوە، یان باشتر وایە بڵێم (هەست و نەست و بیرکردنەوە و وێناکردن و لێکدانەوەکانی خۆی) لەبارەی (خۆشەویستی، ژینگە، گوڵ، ژیان، هەست و نەستی تاک و بیرەوەری و کوڕە نۆبەرەکەی، کەلەڕاستیدا وەسفکردنی سەردەمێکی غەدارە) لەنێو چەند وێنەیەکی هونەریانەی شیعریی نووسیوەتەوە. ئەو شیعری نووسیوە، شیعر نووسیش شاعیرە.
لەخوێندنەوەی دەقەکاندا ئەز خودی (د. وریا) وەکو جەستە نابینم، بەڵام هەست و نەست و ناخی ئەو لەنێو شیعرەکاندا بەڕوونی و وەکو گیانێکی زیندوو دەبینم، قسەم لەگەڵ دەکات و بیرکردنەوەی ئەو بۆ تێڕوانین لەبارەی ژیان دەبینم. وەستاکارانە زمان بەکاردەهێنێت، وشەی نوێ دادەتاشێت، لەخۆشەویستییەوە لەڕق و خراپەکاریی و تێکچوونی ژیان و بوون و هەتا مردنیش دەڕوانێت. ئەو مردن بەسێبەری بەردەوامی ژیان دەزانێت. واتە ئەو نەهاتووە لەبەر ڕق بەدوای خۆشەویستیدا بگەڕێت، بەپێچەوانەوە، لەخۆشەویستیدا بەدوای هۆکارەکانی (تێکچوونی پەیوەندییە مرۆییەکان، ژینگە، نەمانی گوڵ، تێکچوونی سیستەمی سروشت، خراپبوونی ژیان و ئەخلاقی مرۆڤەکان) دەگەڕێت.
ئەو لەهەر خراپەیەکدا باشییەک دەبینێت و لەهەمان کاتدا لەهیچ چاکەیەک خراپەیەک نابینێت، ئەم تێڕوانین و وێنانەی ئەو دروستی کردووە، بەکردەوە لێکدانەوەی فکریی و دەروونین. ئەو لەبەر ئەوەی بیر دەکاتەوە، لەبەر ئەوەش بەدوای دەربڕینی مەبەستەکانیەتی لەنێو گوتاری شیعردا.
کۆدەکانی گوتاری شیعریی لەلایەن (قسەکەر کە خودی شاعیر)ە، ئاراستەی (خوێنەر و وەرگر) کراوە، لەپێناوی بەدیهێنانی کردەی پەیوەندیکردن، دەرفەتی بیرکرنەوە دروست دەکات، ئەم دەرفەتە بواری لێکدانەوە و ناسینەوەی وێنەکان باشتر دەکات.
گوتاری دەقەکە پەیام و مەبەستی ئاشکراو شاراوەی تێدایە، لەڕاستیدا لەئاماژەکردن بەخۆشەویستی، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ وەسفی قەیرانی ئەخلاقی نەبوونی خۆشەویستی، بێ متمانەیی و دڵتەنگی و نیگەرانیی و ترس و پەشیمانی لەژیان دەکات. باسی هەڵچوون و داچوونی ناخی مرۆڤ دەکات. ئەو لەنێوان خەیاڵ و واقیعدا وێنەیەکی مرۆییانەی بەرزی دروستکردووە، کە وێنەیەکی ناخەکی ناسک و جوان و میهرەبانە.
بەکردەوە ئەرکی زمانی گوتاری ئەم دەقە، وەسفکردنی خودی مرۆڤ و هەست و نەستەکانیەتی، ئەو تەنیا باسی مرۆڤ وەکو مرۆڤ دەکات، نەک مرۆڤ وەکو شتێکی دڕندە و تۆقێنەر. ئەو دەیەوێت لەم گوتارە شیعرییەدا لایەنە شاراوەکانی ناوەوەی مرۆڤمان بۆ شی بکاتەوە، ئەمەش کارێکی ئاڵۆزە پێویستی بەڕاستگۆیی هەیە، وەکو ئەوەی (د. وریا عومەر ئەمین) لەگەڵ خۆی و دەقەکەی کردوویەتی. ڕاستگۆیی لەنێو واقیعی شێواو و شێوێندراو دروست دەبێت، بەڵام دەقنووس لەچوارچێوەی گوتاری شیعردا جارێکی دیکە بەشێوەیەکی هونەریی و وێناکردن و مەزەندەکان ڕاستگۆیی لەناخی پاکی خۆیدا بەرهەمهێناوەتەوە، کە ئەویش بریتییە لەخۆشەویستی و گوڵ و مرۆڤبوون.
بۆیەش دەڵێم (گوتارە شیعر)، چونکە چۆن زمان ئەرکی هەیە، شیعر و گوتاریش ئەرکیان هەیە، ڕاستە ئەرک و شێواز و پەیامیان جیاوازە، بەڵام دەقنووس گوتارێکی شیعریی هەیە، کە ئەوەی لەنێو زماندا نەیگوتووە، لەم چەند شیعرە بەرجەستەی کردووە. بڕوام وایە مرۆڤ، کە مرۆڤانە ژیا، هەمیشە شێوەی ژیان و هەڵسوکەت و ئەخلاق و گوتار و قسەکانیشی شێوەیەکی شیعریانە لەخۆ دەگرن. (د. وریا عومەر ئەمین) ڕاستگۆیانە لەگەڵ ناخی خۆی و هەست و نەست و دەوروبەر و خودی دەقە شیعرییەکانیشدا گوتارە شیعریانە هەڵسوکەتی کردووە.
سەرچاوەکان:
* جۆرج یۆڵ، مەبەستناسی (پراگماتیک)، وەرگێڕانی د. ڕەحیم سورخی، ناوەدنی توێژینەوەی ئەدەبیی عەبدولرەحمان زەبیحی، چاپخانەی تاران، چاپی یەکەم ٢٠١٦.
* حەمەسەعید حەسەن، شیعر لە زاری ژنەوە، خانەی موکریانی بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، چاپخانەی موکریانی هەولێر، چاپی یەکەم ٢٠١٣.
* د. محمد مفتاح، تحلیل الخطاب الشعری استراتیجیة التناص، المرکز الثقافی العربی، الدار البیضاء، بیروت، طبعة ٣، ١٩٩٢.
* د. وریا عمر آمین، سەیرانێکی شیعرستان، دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی، بەغدا، ٢٠٢١.
* د. ئیدریس عەبدوڵڵا، جوانکاری شیعری نوێی کوردی، دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی، چاپخانەی هێڤی هەولێر، چاپی یەکەم ٢٠١٢.
* دلێر سادق کانەبی، هەندێ لادانی زمانی لای سێ شاعیری نوێخوازی کورد، دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی، چاپخانەی خانی دهۆک، چاپی یەکەم ٢٠٠٩.
* دەریا سابیر حەمەد، ڕۆژان نوری عەبدوڵا، شیکردنەوەی پڕاگماتیکی چەند دەقێکی شیعری “فەرەیدون عەبدول بەرزنجی” بە پێی تیۆری کردە قسەییەکان، گۆڤاری زانکۆی گەرمیان، ژمارە ٣ ساڵی ٢٠٢٠.
* سەباح ڕەنجدەر، چوار کتێب لەبارەی شیعرەوە، چاپخانەی ڕۆشنبیری، هەولێر، . ٢٠١٩
* ک. آوریکیونی، فعل القول من الذاتیة فی اللغة، ترجمة محمد نظیف، دار افریقیا الشرق، المغرب،٢٠٠٧.
* ک. م. نیوتن، نظریة الادب فی القرن العشرین، ترجمة عیسی العاکوب، عین للدراسات والبحوث الانسانیة والاجتماعیة، ١٩٨٨.
* محەمەد عەبدولکەریم ئیبراهیم، پێکهاتەی زمانی شیعری لە ڕوانگەی ڕەخنەی ئەدەبیی نوێوە ئەزموونی شاعیرانی هەشتاییەکانی هەولێر وەکو نموونە، دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی، چاپخانەی موکریانی هەولێر، چاپی یەکەم ٢٠١٢ .
* مصطفی الجوزو، نظریات الشعر عند العرب (الجاهلیة والحصور الاسلامیة)، دار الطلیعیة للطباعة والنشر، بیروت، لبنان، ١٩٨٨.
* هێمن عومەر ئەحمەد، چەند لایەنێکی شیعرییەت لە کۆ چیرۆکی نامەکانی ژاکۆنی جەبار جەمال غەریب، نامەی ماستەر، کۆلیژی زمان، زانکۆی سەڵاحەدین، ٢٠٠٨.









