حکوومەتی بەریتانیا ئاشکرای دەکات کە رووسیا دەستی بە کشاندنەوەی هێزەکانی لە باکووری ئۆکراینا کردووە.

ئەمڕۆ هەینی 8-4-2022، وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا رایگەیاندووە: بۆردومانی هێزەکانی رووسیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینا بەردەوامە.

وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ئاشکرای کردووە، رووسیا دەستی بە کشاندنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی سوپای وڵاتەکەی لە باکووری ئۆکراینا بە ئاراستەی بێلاڕووس کردووە و بەشێک لەو هێزانە دەبرێنە رۆژهەڵاتی ئۆکراینا.

ئەو لێدوانەی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا دوای لێدوانێکی لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا دێت کە رایگەیاندبوو: ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا دەستبەرداری بیرۆکەی دەست بەسەرداگرتنی کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا بووە بۆ ئەوەی سەرنجی تەواو بخەنە سەر ناوچەی دۆنباس لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە.