سەلام عەبدوڵڵا

ئەمڕۆ(63)ساڵ بەسەر یەکەمین ژمارەی “خەبات” زمانحاڵی پارتی دیموکراتی کوردستان تێپەڕ دەبێت و دەبێتە دێرینترین رۆژنامەی سیاسیی کوردی لەمێژووی رۆژنامەگەریی کوردیدا و دەبێتە تۆمارگەی مێژووی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان کە ئەمڕۆ دەتوانرێت بۆ نووسینەوە و لێکۆڵینەوە لە مێژووی خەباتی بەردەوامی گەلەکەماندا سەرچاوەیەکی زۆر بەبایەخ و گرنگ و بێ وێنە بێت.

خەبات لەو ماوە دوورودرێژەی خەباتیدا هەڵگری ناسنامەی گەلەکەمان و خەبات و تێکۆشانی بووە و بووەتە قوتابخانەیەکی مەزن بۆ پێگەیاندنی هەزاران تێکۆشەر و قوربانیدەری گەلەکەمان و هەڵگری بیری نەتەوایەتی و دیموکراسی و یەکسانی و داکۆکیکەرێکی بەردەوامی داخوازیی رەوای گەلەکەمان و شۆڕشەکانی بووە.

خەبات، لەم خەباتە دوورودرێژەیدا، هەمیشە سەنگ و بەهای بیری نەتەوایەتی و زمانی پاراوی وەک دروشمی سەرەکی خۆی هەڵگرتووە و بە زمانێکی سەردەمیانەی دوور لە توندوتیژی هاتووەتە مەیدانەوە و داکۆکی لە گەل و خاک و نیشتمانی پیرۆزمان کردووە.

خەبات وەک تۆمارگەی مێژووی خەبات و تێکۆشانی گەلێک، ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی بەوەیە کە هەموو ژمارەکانی بە ئەلەکترۆنی بکرێ و ئەرشیفێکی سەردەمیانەی بۆ بکرێ کە لە دەستڕەسی هەمواندا بێت، چونکە لەراستیدا ئەم ئەرشیفە مەزنە بەتەنیا ئەرشیفی پارتی دیموکراتی کوردستان نییە، بەڵکو ئەرشیفێکی پڕبەها و بەنرخی گەلەکەمانە کە دەبێ جێی شانازی نەوە لەدوای نەوەی گەلەکەمان بێت.

لێرەدا سپاسێکی گەرم بۆ هەموو ئەو کادر و رۆژنامەنووس و تەکنیککار و ئیدارەی رۆژنامەی خەبات چ ئەوانەی تا ئەمڕۆ لە کاردا چالاک و چ ئەوانەی رۆژانێک خاوەنی ئەو مەشخەڵە رووناک و رۆشنە بوون دەنێرین و دەستخۆشییان لێدەکەین.

خەبات لە خەباتیدا هەر بەردەوام دەبێت.