گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایدەگەیێنێت، رۆژانی پشووی نەورۆز تیمەکانیان دەچنە شوێنە گەشتیارییەکان و هەرکەسێک چەک بەکاربهێنێت و تەقە بکات رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

موقەدەم هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە رادیۆی رووداوی راگەیاندوه‌ : “ئەوانەی لە سەیراندا چەک بەکار بهێنن و تەقە بکەن، ئەوا هێزەکانمان لە سەیرانگەکاندا رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگرنە بەر.”

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر داوای لە هاونیشتمانییان کرد لە بۆنەکاندا چەک نەبەنە دەرەوە و بەکاری نەهێنن.

بە گوتەی هۆگر عەزیز، لە هەموو بۆنە ئایینیی و نەتەوەییەکاندا پلانی تایبەتیان هەیە بۆ ئەوەی رێکاری ئەمنی بگرنە بەر بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بە ئاسوودەیی کاتەکانیان بەسەر ببەن.

گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، تیمەکانیان دەچنە شوێنە گەشتیارییەکان بۆ ئەوەی ئاسایشی ئەو شوێنانە بپارێزن. هاوکات کاتێک هاونیشتمانییان دەچنە دەرەوە بۆ سەیران، هێزەکانیان بە کۆڵانەکاندا دەگەڕێن.