نێردەی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر، دەکات.

ئەمڕۆ پێجشەممە 17-3-2022، لە هەژماری تایبەتیی نێردەی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاو کراوەتەوە، وڵاتەکەی داوای کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایی نێودەوڵەتی بۆ ”ئیدانەکردن“ی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، کردووە.

نێردەی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر بە ”هێرشی بێشەرمانە و بێ پاسا“ کە کراوەتە سەر شوێنێکی نیشتەجێبوونی مەدەنی لە هەولێر، وەسف کردووە.

نێردەی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشیوایە ئەو هێرشە پێشلکارییەکی ستەمکارانە بوو بۆ سەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق و ”پێویستە“ ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش ئەم هێرشە ئیدانە بکەن و ئێران وەک بەرپرسیاری هێرشەکە بناسێنن و  ”پێویستیشە پاڵپشتی دیموکراسییەت و سەروەریی عێراق بکەن“.

بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 13-3-2022 کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بە ژمارەیەک مووشەک کرایە ئامانج و زیانی ماددی بە دەوروبەری کونسوڵخانەکە گەیشت.

دژەتیرۆری کوردستان لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە: هێرشەکە بە 12 مووشەک کە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق و لە رۆژهەڵاتەوە ئاراستە کراون، ئەنجام دراوە.

هەر هەمان رۆژ، سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی لەئەستۆ گرت.