سەردار حوسێن
مامۆستا عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، بەبۆنەی یادی راپەڕینە مەزنەكەی خەڵكی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردۆتەوە. پەیامەكەی بەڕێزیان كە 318 وشەیەو جگە لەو هەموو ناڕوونیی و هەڵەی چاپ و رێنووس و زمانەوانییەی هەیەتی، هەر لەسەرەتاوە لەبری پیرۆزباییكردن لە كوردستانیان، بە دەستەواژەی (هەرێمەكەتان) دەست پێدەكات، كە من لێرە تەنیا وەڵامی ئەو دەستەواژەیە دەدەمەوەو ئەوەی دیكەی بۆ خۆی و هەوادارانی جێدەهێلم.
بەڕێز عەلی باپیر لەدایكبووی هەرێمی كوردستانە و بە زمانی كوردییش دەنووسێت و قسە دەكات، لەوەتەی لە بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان جیابۆتەوە حزبی هەیەو پێشتر ئەمیر و ئێستایش سەرۆكی حزبەكەیەتی، هێندەی بۆی كرابێت بەشداری لە سیستەمی سیاسی و ئیداری هەرێمی كوردستاندا كردووە، دوای ئازادی عیراقیش لە 2003دا بەشداری لە ئیدارەدانی كاتیی ئەو وڵاتە كردووەو بەردەوامیشە. لە حكوومەت و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك لە كەسە نزیكەكانی خۆی بە وەزیر و پەرلەمانتار ناردۆتە ناو كایەی حوكمڕانی و هەركاتێكیش زانیوویەتی بارودۆخی وڵات لەرووی ئابووری، سیاسی و ئەمنی و عەسكەریدا ناسەقامگیرە، وەك ئۆپۆزیسیۆن سەنگەری لەو سیستەمە حوكمڕانییە گرتووە، كە بەشێكی خێروبێرەكەی بۆ حزبەكەی و قەوم و ئەقریباكانی بووەو ئەوەیش تەنیا قسەی من نییە، بەڵكو جێگەی سەرنج و هەڵوێست وەرگرتنی ئەندامانی حزبەكەیشی بووە.!
ئێستا مامۆستا عەلی باپیر لەپەنای پەیامێكی شەرمنانەوە هاتووە خۆی لە هەموو شتێكی ئەم هەرێمە بێبەری دەكات و بەروون و راشكاوی پێمان دەڵێت: هەرێمەكەتان.! دیارە بەڕێزیان خۆی بە خەڵكی ئەم هەرێمە نازانێت و بەلایەوە شەرمە بڵێت: هەرێمەكەمان، بەڵام ئێمە لە هەر بارودۆخێكی ئاسایی و نائاسایی هەرێمەكەمان رازین و شانازیشی پێوە دەكەین، پێویستە جەنابی مامۆستا ئەو راستییە باش بزانێت، كە (هەرێمەكەمان) مولكی خەڵكی كوردستانە و ئێمەیش خۆمان بەخاوەنی دەزانین، نە شەرم لەو راستییە دەكەین و نە رۆژێكیش نكۆڵیمان لەوەكردووە كە كەموكوڕی نەبێت، بەڵێ كەموكوڕی هەیە و لە بەرانبەریشیدا چاكسازییەكی راستەقینە هەیە، بەڵام هیچ شتێك رێگر نییە لەوەی خۆمان بە خاوەنی هەرێمەكەمان نەزانین و هەمیشەیش پارێزگاری لێ دەكەین، بۆیەش ئەوەی كە هیچ رۆژێك ئامادە نەبووە پارێزگاری لەو هەرێمە بكات، خۆی بە خاوەنی نازانێت و پێماندەڵێت: هەرێمەكەتان.!
ئەو هەرێمەی لەماوەی 31 ساڵی رابردوودا بەدەیان هەوراز و نشێوی تێپەڕاندو وێڕای سەختترین بارودۆخەكانیش پەناگەی كوردستانیانی هەر سێ پارچەكەی دیكەی كوردستان و لێقەوماوانی ئەملاوئەولاش بووە، هەرێمی كوردستان قەلغان و پارێزەرەكەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و خۆڕاگری هاونیشتیمانیانی بووە، سەركردایەتی سیاسی كوردستان و لەسەرووی هەموویشیانەوە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی لەم 31 ساڵەدا هەموو هەوڵێكیانداوە بۆ ئیدارەدانی باش، سەقامگیریی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی دانیشتووان، هەر لەسایەی ئەو پارێزگاری و سەقامگیری و هەوڵدانەیش بووە، كە بەڕێز عەلی باپیر و كەسوكارەكەی لە هیچەوە بوون بە خاوەنی هەمووشت، بۆیەش ئەمڕۆ لەبری رێزگرتن لە هەست و قوربانیدانی خەڵكی كوردستان، لەبری ئەوەی دەستباری كاری چاكە و چاكسازی بێت، گاڵتەجاڕانە پێماندەڵێت (هەرێمەكەتان).
بەڵێ.. هەرێمەكەمان، ئەو هەرێمەیە كە ئێمە خۆشماندەوێ و شانازی پێوە دەكەین، ئەو هەرێمەیە كە نەمانهێشت بكەوێتە ژێر چەپۆكی دڕندەترین دەوڵەتی تیرۆریستی و جەیش و حەشدی شەعبی، ئێستایش رێگە نادەین بستێكی خاك و وڵاتەكەمان بكەوێتە مەترسییەوەو هەموو هەوڵێكیش دەدەین بۆ باشتركردنی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و سەقامگیرییەكەیشی. ئێمە لە كاتێكدا خۆمان بە خاوەنی ئەم هەرێمە داناوە كە هۆڤانەترین جەیشی تیرۆریستی هێرشی بۆ دەهێنا و نەیتوانی بستێكی لێ داگیر بكات، بەڵام بەڕێز عەلی باپیر و نزیكەكانی نەك پارێزگارییان لێ نەكرد، بەڵكو بە قسەیش هاوهەڵوێستی خەڵك و پێشمەرگەی كوردستان نەبوون و رەنگە حەزێكی پێچەوانەوەی ئەو بەرگرییەیان هەبووبێت، بەڵام سوپاس بۆ خوا و پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان، كە ئەو حەزەیان نەهاتەدی و هەرێمەكەمان هەر بە هەرێمەكەمان مایەوە.!










