خەبات: رۆشنا عەلی:- سیستەمی بونیادنانی تواناكان ئەو سیستەمەی كە لەرێگای ستانداردەكانی هەڵسەنگاندن بۆ ناوەندەكانی خوێندن ئەنجامدەدات و ماوەی سێ ساڵە كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام لەبەر دۆخی كۆرۆنا تەنها یەك ساڵ تا ئێستا لە ناوەندەكانی خوێندن و لەلایەن سەرپەرشتیارانەوە ئەنجامدراوە. بۆ ئەمساڵی خوێندنیش تا ئێستا لە زۆربەی قوتابخانەكان نەكراوەو لە هەندێكیش كۆتایی هاتووە.
تەوەری سەرەكی بابەتەكەش ئەوەیە ئایا ئەم سیستەمە چی لە ناوەندەكانی خوێندندا دەگۆڕێت؟ ئایا لە رێگای ئەم سیستەمەوە دەتوانین قوتابخانەی باش و خراپ لەیەكتر جیابكەینەوە؟ ئایا ئەو قوتابخانەیەی نمرەی چوار كە بەرزترین نمرەیە بەدەست دەهێنێت ئەكرێت ناوبنرێت بە قوتابخانەیەكی نموونەیی؟ ئایا پێوەرەكان راستەقینەن بۆ هەڵسەنگاندنێكی وردی زانستی لە قوتابخانەیەكدا؟ كێشەكانی بۆ بەڕێوەبەرو سەرپەرشتیاران چییەو تێگەشتن و بەرو پیرەوەچوونی پەروەدەكاران بۆ ئەم پرۆژەیە بە چ ئاراستەیەكە ؟لاپەڕەی پەروەدەو خوێندن بەچەند تەوەرێك وەڵامی ئەم پرسیارانە لە پەروەدەكاران و سەرپەرشتیارانەوە وەردەگرێت:
*دەربارەی لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەكانی ئەم پرۆژەیە ئایا لایەنی نەرێنی زیاترە لە ئەرێنییەكانی كە رەخنەیەكی زۆری لێدەگیرێت مامۆستا ژیان صالح سەرپەرشتیاری پەروەدەیی پسپۆری لە سنوری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بۆ خەبات وتی: ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەكی زورباشە و باشترین هەڵسەنگاندنەكانی پەروەردەیە ، هەموو پڕۆسەیەكی تازە كومەڵێك ئاستەنگی بۆ دروست ئەبێت یان دروست دەكرێت، ئەم پڕۆژە تازەیەش وەك هەموو پڕۆژەیەكی تر لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە ،لایەنە ئەرێنی و باشەكانی زۆر زیاترە لەلایەنە نەرێنیەكانی، وە لایەنە نەرێنیەكانیشی بە كارامەیی و لەخۆبردن ئەتوانین زاڵ بین بەسەریداو هەموو ئاستەنگەكان نەهێڵین.
*دەربارەی ئەوەی كە ئایا ئاستی قوتابخانە چۆن دیاریدەكرێت و چەند ئاست بۆ قوتابخانە دانراوە مامۆستا ژیان وتی : ئاستەكان بە پێی نمرە دیاریكراوە ئاستی یەكەم نمرەكەی لە نێوان (25-44) ە و ئاستی دووەم ( 45-62) و ئاستی سێیەم(64-81) ئاستی چوارەم (81-100) كەبەبرزترین ئاست دادەنرێت.
*دەربارەی ئەوەی ئایا ئەم پرۆژەیە تەنها هەڵسەنگاندنە یان ئاراستەكردنیشە، چونكە ئەگەر ئاراستەو بونیاد نەبێت هەموو توانای قوتابخانەكە سێ رۆژی هاتنی لیژنەكە بەردەوام دەبێت ئێستاش ئەمە جێگای رەخنەیە ؟ لەم بارەیەوە مامۆستا ژیان وتی: ئەم پڕۆژەیە كار لەسەر تاك بە تاكی پەروەردەكاران دەكات، چ لە ناو ناوەندەكانی خوێندن چ لە دەرەوەی ناوەندەكانی خوێندن سەرپەرشتیاران ناوەندەكانی قوتابخانە ئاڕاستە دەكات بۆ ئەوەی بە بەردەوامی بەرەو پێشەوە بچن، ئەمەش بە دیاری كردنی خاڵە بەهێزو لاوازەكانی مامۆستایان و دەستەی كارگێڕی و كارمەندانی ناوەندەكانی خوێندن لە دووتوێی فۆڕمێكا كە لە ٢٥ ستاندارد پێكهاتووە و خۆی دەبینێتەوە لە (٥) بواری ئەدا.
ئەدای یەكەم: سەركردایەتی و بەڕێوەبردن، كە ستانداردەكانی (١،٢،٣،٤،٥،٦،٧،٨،9) ە و ئەدای دووەم فێركردن و فێربون، كە ستانداردەكانی (١٠،١١،١٢،١٣،١٤،١٥) ئەدای سێَیەم: بایەخ دان بە قوتابیان و پشتگیری كردنیان، كە ستانداردەكانی (١٦،١٧،١٨،١٩) ە و ئەدای چوارەم: بەشداری پێكردنی كومەڵگا كە ستاندەردەكانی (٢٠،٢١) ە و ئەدای پێنجەم: ئەنجامەكان و دەرهاوێشتەكان ،كە ستانداردەكانی (٢٢،٢٣،٢٤،٢٥) كە خاڵە لاوازەكان و خاڵە بەهێزەكان دیاری دەكرێت و خاڵە لاوازەكان بە پلانێكی پەرەپێدانی پیشەیی وەك تاك ئاست و توانای خۆیان بەرەو پێشەوە ئەبەن و قوتابخانەش وەك دامەزراوەیەكی پەروەردەیی هەمان پڕۆسە ئەنجام دەدەن لە دوو توێی پلانی پەرەپێدانی قوتابخانە دەخرێتە كار ئاستی قوتابخانەش بەرز ئەكرێتەوە وەك دامەزراوەیەكی پەروەردەیی.
یەكێك لەو خاڵە گرنگانەی كە سیستەمی بونیادنانی تواناكان كاری لە سەر ئەكات ئەوەیە كە بەڕێوەبەری كارگێری كە تەنها كاری سەرپەرشتی و تۆماركردنی تۆمارەكان بوو؛ بە پێی بونیادنانی تواناكان بەڕێوەبەر ئەبێتە سەركردە و ئەركی زۆرتری ئەكەوێتە سەری و سەركردایەتی سەرجەم كارمەندانی دامەزراوە پەروەردەییەكە دەكات.
*دەربارەی ئەوەی كە هەندێك جار باس لە گۆڕانكاری دەكرێت لە پرۆسەكە چ لایەنێكی ئەم پرۆسەیە پێویستی بە گۆڕانكارییە كە مایەی كەم و كوڕی پرۆسەكەیە؟ لەمبارەیەوە ئەو سەرپەرشتیارە بۆ خەبات وتی: یەكێك لەو خاڵانەی كە پێویستە دەستكاری بكرێت و فۆڕمی تایبەتی بۆ دابنرێ ئەویش پێویستە وانە پڕاكتیكیەكان وەك وانە وتنەوە لە تاقیگە و لە گۆرەپانی قوتابخانە و هۆڵەكانی كاركردن وەك بەشەكانی دارتاشی و میكانیك و كانزاكان و ئەلیكتڕۆن و كارەبا لە ئامادەییە پیشەسازیەكان و كیڵگەكانی پەلەوەری و ڕووەكی ئامادەییە كشتوكاڵیەكان و خوێندنە پیشەییەكانی تر.
*دەربارەی ئەوەشی كە زۆربەی سەرپەرشتیاران باس لەوون بوونی رۆڵی پسپۆری لە پرۆسەكەدا دەكەن و پێیان وایە لایەنەنەرێنییەكەی پرۆسەكەیە ، چی بكرێت بۆ پڕكردنەوەی كەلێنی پسپۆڕی؟ لەمبارەیەوە ژیان صالح وتی: پێم باشە پڕۆسەی هەڵسەنگاندنی دەرەكی هەندێك دەستكاری شێوازەكەی بكرێت بەوەی سەرپەرشتیاران بە دوو ئەرك بچنە قوتابخانەكان یەكەم وەك هاورێی ڕەخنەگر دووەم وەك سەرپەرشتیاری پسپۆڕی، هەرچەندە ئێمە لە یەكەی سەرپەرشتیاری پسپۆری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی بە و دوو شێوەیە سەرپەرشتیاران دابەش كراوه، بەڵام سەردانە پسپۆڕیەكان كاتێك ئەتوانین بچین و ڕێپیدراوین، دەبێ لەسەر داوای هاوڕێی ڕەخنەگر یان بەڕێوەبەری قوتابخانە داوا بكات لە هاوڕێی ڕەخنەگری قوتابخانە سەرپەرشتیارانی پسپۆری سەردانی قوتابخانەكە بكات.
*دەربارەی ئەوەشی وەك باس دەكرێت رۆتینیاتێكی زۆری هەیە ئەم پرۆسەیە بە تایبەتی بۆ ئیدارەی قوتابخانە دەكرێت ئەم رۆتینیاتە بەجۆرێك كەمبكرێتەوە كە كاریگەری لە پرۆسەكە نەكات و چۆن ؟ لەمبارەیەوە ئەو سەرپەرشتیارە وتی: ئەگەر ئەم هەڵسەنگاندنە بكرێتە دوو ساڵ جارێك و شێوازی هەڵسەنگاندنە دەرەكیەكان پشت ببەستن بە هەڵسەنگاندنی سەرپەرشتیارانی پسپۆری و ئەمەش بەشێوەیەك ڕێكبخرێت و سەرپەرشتیاری پسپۆری لە كۆرسی یەكەم سەردانێك بكات بۆ ڕێنمایی كردن و لە كۆرسی دووەم سەردانێك بكات بۆ بەدواداچوونی ڕێنماییە پسپۆریەكەی بۆ ئەم مەبەستەش فۆڕمێك ئامادە بكرێت و لە ساڵی دووەم لە ساڵی خوێندنی تازە لە مانگی ١٠ هەڵسەنگاندنی پسپۆری ئەنجام بدرێت و فوڕمەكە رادەستی لیژنەی هەڵسەنگاندنی دەرەكی قوتابخانەكە بكرێت لە ڕێگای لیژنەی كوالێتی یەكەی سەرپەرشتیاری، لەم حاڵەتەشدا ڕەچاوی گواستنەوەی مامۆستایان بكرێت گەر گواستنەوەكەش لە نێوان پارێزگاندا بێت و كاری پێبكرێت، بەمەش لیژنەی هەڵسەنگاندنی دەرەكی كارەكانیان كەمیك ئاسانتر دەبێت و مامۆستایانی پسپۆر ڕێنمایی لە پسپۆری خۆیانەوە وەرئەگرن.
وە ئەگەر هەڵسەنگاندنەكەش هەموو ساڵێك بێت دەتوانرێت هەر سەردانی سەرپەرشتیارانی پسپۆری پیادە بكرێت، بەڵام كاتێك دەڵێین دوو ساڵ جارێك مەبەستم بۆ ئەو قوتابخانانەیە كە ئاستی (٣) و بەرەو ژووریان هێناوە، بەڵام ئەو قوتابخانانەی كە ئاستی (١،٢) یان بەدەست هێناوە پێویستە سەردانەكان زیاتر بێت و هەڵسەنگاندنەكان هەموو ساڵێك بێت.









