خەبات: رۆشنا عەلی:- سیستەمی بونیادنانی تواناكان ئەو سیستەمەی كە لەرێگای ستانداردەكانی هەڵسەنگاندن بۆ ناوەندەكانی خوێندن ئەنجامدەدات و ماوەی سێ‌ ساڵە كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە ، بەڵام لەبەر دۆخی كۆرۆنا تەنها یەك ساڵ تا ئێستا لە ناوەندەكانی خوێندن و لەلایەن سەرپەرشتیارانەوە ئەنجامدراوە. بۆ ئەمساڵی خوێندنیش تا ئێستا لە زۆربەی قوتابخانەكان نەكراوەو لەهەندێكیش كۆتایی هاتووە.

تەوەری سەرەكی بابەتەكەش ئەوەیە ئایا ئەم سیستەمە چی لە ناوەندەكانی خوێندندا دەگۆڕێت ؟ ئایا لە رێگای ئەم سیستەمەوە دەتوانین قوتابخانەی باش و خراپ لەیەكتر جیابكەینەوە؟ ئایا ئەو قوتابخانەیەی نمرەی چوار كە بەرزترین نمرەیە بەدەست دەهێنێت ئەكرێت ناوبنرێت بە قوتابخانەیەكی نموونەیی ؟ ئایا پێوەرەكان راستەقینەن بۆ هەڵسەنگاندنێكی وردی زانستی لە قوتابخانەیەكدا ؟ كێشەكانی بۆ بەڕێوەبەرو سەرپەرشتیاران چییەو تێگەشتن و بەرو پیرەوەچوونی پەروەدەكاران بۆ ئەم پرۆژەیە بە چ ئاراستەیەكە ؟لاپەڕەی پەروەدەو خوێندن بەچەند تەوەرێك وەڵامی ئەم پرسیارانە لە پەروەدەكاران و سەرپەرشتیارانەوە وەردەگرێت:

*تەوەرێكی تری هەڵسەنگاندنی دەرەكی نمرە بەخشینە بە قوتابخانەكان بەپێی ئەو ستانداردانەی ئەم سیستەمە دەیخوازێت پرسیاری سەرەكی ئەوەیە نمرەی چوار كە بەرزترین نمرەی ئەم هەڵسەنگاندنەیە بەچ پێوەرێك دەدرێتە قوتابخانەیەك ؟ لەمبارەیەوە مامۆستا رابیعە حەمە ئەمین قادرسەرپەرشتیاری پەروەدەیی پسپۆری بیركاری لەیەكەی ئامادەیی و پیشەیی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بۆ خەبات وتی: ئێمە كە دەچینە قوتابخانەیەك لیژنەیەكی سێ‌ كەسین و هەڵدەسین بە كۆكردنەوەی بەڵگە فۆرممان پێیە بۆ كۆكردنەوەی بەڵگە لەسەرجەم 25 ستانداردەكە ئەم بەڵگانەش بە رێگای سەرنجدان و پرسیاركردن و دیكۆمێنت و راپرسی دەچینە وانەكانیشەوە واتە هەرسێ‌ سەرپەرشتیار بەڵگە كۆدەكەینەوە بۆ هەرستانداردێك نمرەیەك دادەنێین لەسەر بنەمای بەڵگەكانی لامانە دواتریش بەڵگەكان یەكئەخەین هەر قوتابخانەیەكیش یەكێك لەسەر پەرشتیارەكان سەرۆكی لیژنەی هەڵسەنگاندنە پرسیار لەو نمرانە دەكەین كە بۆ هەریەك لە ستانداردەكان بەپێی بەڵگەكان دامانناوە.

*دەربارەی ئەوەی تاچەند لە بەڵگەكانتان بینای قوتابخانە رۆڵی هەیە ؟مامۆستا رابیعە حەمە ئەمین وتی : بینای قوتابخانە هیچ رۆڵی نییە ، چونكە كاتی خۆی كە وەك تێست كردمان یەكەم ساڵ قوتابخانەمان هەبوو دووساڵ بوو دروستكرابوو خێرخوازێك دروستی كردبوو بێ‌ كەم و كوری تاقیگەی زۆر پێشكەوتوو كتێبخانە ئەگەر بە بینای قوتابخانە بوایە ئاستی چواری وەرئەگرت، دوای كۆكردنەوەی بەڵگە ئاستی دووی وەرگرت، چونكە ستافەكەی ئەیبرد بەرێوەو وانەكانە كە ئەوترانەوە بەپێی پێویست نەبوو ، بەڵام مەكتەبیشمان هەبوو هەر بیناكە وەختی خۆی زیندان بووە هیچ شتێیەكی نەبووەو لەو شتانەی وەك تاقیگەو كتێبخانە بەڵام كاتێك بەڵگەمان كۆكردەوە ئاستی سێی وەرگرت.

*دەربارەی ئەوەشی چی بكرێت بۆ ئەوەی ئەم شێوازی هەڵسەنگاندنەی ئێوە بەم جۆرە باسی ئەكەن كە زۆرباشە وەك خۆی جێبەجێبكرێت ،چونكە تا ئێستا ناروونی سیستەمەكە باشی و خراپییەكەی شاردۆتەوە ؟ ئەو سەرپەرشتیارە وتی: هەموو گۆرانكارییەك كە سەرەتا دەكرێت كاردانەوەی هەیە یەكەمجار باش نییە تێگەشتنیش لێی كەوتۆتە سەر خۆمان راستە گۆرانكاریەكە كراوە كەواتە دەبێت خۆتی لەگەڵ رابهێنیت نەك هەر بڵێین نابێت و ناكرێت ئەمە وات لێدەكات كارەكەی سارد بیتەوە و ئاستی قوتابخانەكانیش وەك پێویست دەستنیشان نەكەی.

*دەربارەی ئەوەشی ئایا هیچ ناسیاوی بەرێوەبەرو سەرپەرشتیارو لایەنی تر رۆڵ نابینێت لە دانانی نمرە یان هەر بابەتێكی تر ؟ لەم بارەیەوە مامۆستا رابیعە سەرپەرشتیاری پەروەدەیی وتی : ئەوە ناكرێت ، چونكە سێ‌ كەسن هیچ شتێیەك رۆڵ نابینێت ،چونكە ئەبێت بەڵگە هەبێت ئەگەر بەرێوەبەرێك ئاستەكەی خۆی بەدڵ نەبوو بۆی هەیە پەڵپ بگرێت پەڵپەكەش رەنگە لیژنەیەكی تر رابسپێردرێت.

*دەربارەی ئەوەی ئایا ئەكرێت ئێمە قوتابخانەی نموونەیی بەم سیستەمە دەستنیشانبكەین كە پێشتر قوتابخانەیەكیان ناو ئەنا نموونەیی تەنها قوتابی نمرە بەرزی وەرئەگرت ئایا ئەم سیستەمە قوتابخانەی نموونەییمان بە ماناكەی خۆی بۆدەستنیشاندەكات؟ بەڵێ‌ دەستنیشانی دەكات لە بواری یەكەم كە سەركردایەتی و بەرێوەبردنە ئەگەر بەرێوەبەر تەنها بەرێوەبەر نەبێت، سەركردایەتی و رابەر بێت، چونكە بەڕێوەبردن تەنها بەرێوەبردنی قوتابخانەكە نییە، بەڵكو دەبێت ئاستی زانستییەكەی بەرز بكاتەوە و كارەكان دابەش بكات. وبەدواداچوونی بۆ بكات و هەڵسەنگاندنیشی بۆ بكات، هەمووی خۆی نەیكات ئەم سیستەمە باشییەكەی ئەوەیە هەموو ئەو كەسانەی لە قوتابخانەكەدان دەكەونە چوار چێوەی هەڵسەنگاندن و بەرپرسیارێتییەوە سیستەمەكە زۆر باشە لەبەر ئەوەی كۆمەڵیك قوتابخانە كە گوایە نموونەیین و ناویان هەبوو لەم هەڵسەنگاندنە كە چووینە ناوەرۆكەكەی بینیمان وەك پێویست نەبوو باشییەكی تری ئەوەیە هەموو ئەوانەی لە قوتابخانەكەدان وا لێدەكات كە هەست بەبەرپرسیارێتی بكەن بۆنموونە من كە هاورێی رەخنەگری قوتابخانەیەكم بە مامۆستاكان دەڵیم ئەگەر قوتابخانەكە باش بوو باشی هەموومانە خراپ بوو خراپی هەموومانە و تەنها بۆ بەرێوەبەر نییە ، یەكێكی تر لە خاڵە ئەرێنییەكانی ئەوەیە هەموو قوتابخانەكان دەكەونە كێبڕكێ‌ بۆ ئاستەكان سەردانی یەكتر دەكەن.