دوای دەرکردنی ئافرەتێک لە خانووەکەی لە هەولێر، پارێزگاری هەولێر گرفتەکە چارەسەر دەکات و خانووەکەی بۆ دەگەڕێنێتەوە.
هەفتەی ڕابردوو ئافرەتێکی هەولێر لە ڕێگەی دادگای بەرایی هەولێرەوە ئاگادار کرایەوە کە خانووەکەی چۆڵ بکات، چونکە ”زەویی خانووەکە بە نایاسایی مامەڵەی پێوە کراوە“.
ئەمڕۆ یەکشەممە 27-2-2022، ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند: لەنزیکەوە ئاگاداری کێشەکەن، ئەو زەوییە بەبێ ئاگاداریی خاوەنەکەی چوار جار کڕین و فرۆشتنی پێوە کراوە، لە کۆتاییدا ئەم ئافرەتە بەتەمەنە کڕیویەتی، بەڵام دواتر خاوەنەکەی بەناوی باسل گۆرگیس حەنا داوای زەوییەکەی کردووەتەوە و دادگا لە بەرژەوەندی ئەو بڕیاری دا خانووەکە لەو ئافرەتە وەربگیرێتەوە.
ئومێد خۆشناو هەروەها رایگەیاند: لەگەڵ خاوەنی زەوییەکە قسەیان کردووە و ئێستا ئەو ئافرەتە بەتەمەنە دەچێتەوە ناو خانووەکەی خۆی.
ئافرەتەکە کە ناوی نەرمین محەمەد عومەرە، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری هەولێری کرد لەپای بەدەنگەوەهاتنیان بۆ ئەو کێشەیە و چارەسەرکردنی.
باسل گۆرگیس حەنا خاوەنی بنەرەتیی خانووەکە بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: [ئێمە کە کریستیان و عێراقین، هەولێر بە ماڵی خۆمان دەزانین، دەمانەوێ هەولێر هەمیشە بە ئارامی و پارێزراوی و پێشکەوتوویی بمێنێتەوە“.
ئەو هاووڵاتییە مەسیحییە عێراقییە ئاماژەی بەوەش کرد، رێگە بەخۆی نادات بەهۆی ئەوەوە ئافرەتێکی بەتەمەن ”کە وەک خوشکی من وایە“ بکەوێتە سەر شەقام و ”من خۆم جارێکی دیکە دەرگای خانووەکەی بۆ دەکەمەوە و دەیبەمەوە ماڵەکەی خۆی“.














