ئەمڕۆ هەینی 25-2-2022، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە: باڵوێزخانەی عێراق لە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا بەردەوامە لە کارەکانی خۆی.
ئەحمەد سەحاف هەروەها رایگەیاندووە: وڵاتەکەی بەردەوام چاودێریی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا و سەلامەتیی گیانی هاووڵاتیانی لەو ئۆکراینا، دەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ژمارەی هاووڵاتیانی عێراقی (بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیشەوە) لە ئۆکراینا ئاشکرا کردووە و رایگەیاندووە:پێنج هەزار و 537 هاووڵاتی لە ئۆکراینا دەژین کە 450 کەسیان قوتابیی زانکۆن.
ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرەڕای ئەوەی لە 12-2-2022 داوایان لە هاووڵاتیانی عێراق لە ئۆکراینا کردووە ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ هاووڵاتییەک داوای هاوکاری لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق نەکردووە بۆ گەڕانەوە.










