دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا بانگهێشتنی وەزیری دارایی و پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق بكات، ئەمەش بەمەبەستی تاوتوێكردنی بەهای دۆلار بەرانبەر دیناری عێراقی.
ئەم بڕیارەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق دوابەدوای بانگەوازێكی موقتەدا سەدر ڕێبەری سەدرییەكانە، كە داوای كردبوو پەرلەمان بەدواداچوون بۆ چەند دۆسیەیەك بكات، لەوانەش بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرانبەر دیناری عێراقی و كاریگەرییەكانی.
لەمبارەیەوە ئەمڕۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا ڕۆژی شەممەی داهاتوو لە كۆبوونەوەیەكدا میوانداری هەریەك لە وەزیری دارایی و پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق بكرێت، بۆ تاوتوێكردنی بەهای دۆلار بەرانبەر دیناری عێراقی.










