خەبات: رۆشنا عەلی:- پرۆسەی بنادنانی تواناكان ئەو پرۆسەیەی سێ‌ ساڵە كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوەو لەبەر دۆخی كۆرۆنا تەنها یەك ساڵ كاری پێكراوە، بریارە ئەمساڵیش كاری پێبكرێت و لەدهۆك و هەولێر لە زۆربەی قوتابخانەكان پرۆسەكە تەواو بووە، بەڵام لە سلێمانی تا ئێستا جێبەجێنەكراوەو بەڕێوەبەری سەرپەرشتیكردنی پارێزگای سلێمانیش ئەو دەنگۆیە رەتدەكاتەوە كە گوایە لە سلێمانی پرۆسەكە بۆ ئەمساڵ جێبەجێناكرێت لەمبارەیەو لاپەرەی پەروەردە راپۆرتێكی ئامادەكردووە:

*سەرەتا دەربارەی ئەوەی كە ئایا ئەو دەنگۆیە راستە كە پرۆسەكە رەتكراوەتەوە یان تەنها دواكەوتووە نەرمین حسێن بەڕێوەبەری سەرپەرشتیكردنی پارێزگای سلێمانی بۆ خەبات گوتی :پرۆسەكە نە دوا كەوتووە و نە رەتكراوەتەوە لە رانیە دەستی پێكردووە لەو شوێنانەی ژمارەی خوێندنگاكان زۆرن و ژمارەی سەرپەرشتیاران كەمە زووتر دەستیان پێكردووە بۆ ئەوەی فریابكەون ، چونكە هەندێك قوتابخانە هەیە بەلایەنی كەمەوە سێ‌ بۆ چوار رۆژی ئەوێت بەپێی ئەو دابەشكردن و بەرنامە رێژییەی كراوە ئێمە دەسەڵاتەكانمان داوەتە سەرپەرشتیارانی یەكەم كە خۆیان بە پێی خشتەیەك كاتەكان دیاری بكەن بە پێی پلانی خۆیان كە لەكەیەوە دەتوانن دەست بە هەڵسەنگاندن بكەن ، پێمان وایە تا رۆژێك درەنگتر دەست بە هەڵسەنگاندن بكەن قوتابخانەكە باشتر دەتوانێت ئامادەكاری بكات.

*دەربارەی ئەوەشی ئایا هیچ قوتابخانەیەك هەڵسەنگاندنی بۆ كراوە؟ مامۆستا نەرمین گوتی: بەڵێ‌ لە رانیە دەستی پێكردووە و لە سلێمانیش لە 2/ 6 وە دەست پێدەكات ، چونكە تا ئەو كاتە تاقیكردنەوەكانە هەندێك شوێنی وەك باخچەكان كە تاقیكردنەوەیان نییە لە 2/2 وە دەست بە پرۆسەكە دەكەن لە هەر یەكەیەكیش لیژنەی كوالێتی و كۆنترۆڵمان هەیە سەرپەرشتیاری یەكەم لەگەڵ دوو سەرپەرشتیار دوو كادری لێهاتوو كە خولەكانییان بینیوە لیژنەی كوالێتی كۆنترۆڵن ، لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی خۆم سەرۆكی لیژنەكەم دوو ئەندامی ترمان لەگەڵە سەرپەرشتی هەموو لیژنەكان دەكەین كە لە 15 یەكە پێكهاتووە سەردانیان دەكەین و بەدواداچوون دەكەین بۆ كەم و كوڕیەكانیان تا ئێستا زۆر بە ئاسایی رۆشتووە.

*دەربارەی ئەو كێشانەی كە دێنە رێگای سەرپەرشتیاران یان ناوەندەكانی خوێندن بۆ ئەم پرۆسەیە ئەو بەڕێوەبەرە گوتی: ئێمە دوو یەكەی ئامادەییمان هەیە لە پارێزگای سلێمانی كە سەرپەرشتی كۆمەڵێك قەزا دەكەن بنەرەتییەكان هەریەكەو لە ئاستی خۆی یەكەی خۆی هەیە كێشەمان نییە، بەڵام كارمان بۆ ئەوە كردووە سەرپەرشتیارەكان لە قەزایەك كە سەرپەرشتیانكردووە بنێرین بۆ قەزایەك ئەوانەی تریش بنێرینە قەزاكەی تر واتە ئاڵ و گۆڕمان كردووە لە نێوانیان واتە هەمان سەرپەرشتیارەكانی خۆیان هەڵسەنگاندن ناكەن بۆ ئەوەی پرۆسەكە بە پاكی و باشترین شێوە بەرێوە بچێت خاڵێكی تر كێشەی كەش و هەوا ئەگەر لە دواتریش حاڵەتی وا رووبدات ئێمە ئەگەری ئەوەمان داناوە كە چەند رۆژێك پرۆسەكە دوابكەویـَت.

*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا پڕۆسەكە چڕو ئاڵۆزە تاچەند كێشە بۆ سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەرەكان دروست دەكات ؟ئەو بەڕێوەبەرە گوتی : ئێمە دەبوو پێشتر خولێكی چرو پڕمان بكردایەتەوە بۆ سەرجەم سەرپەرشتیارەكان ، بەڵام لەبەر لایەنی مادی نەمانتوانی ، بەڵام لە رێگای سیمینارو خولی سێ‌ رۆژەو چوار رۆژە هەموو یەكەكان و سەرپەرشتیارەكان خولیان بینیوە و چوونەتە سمینارەوە تا ئێستاش ئێمە سەرجەم یەكەكانمان ئاگادار كردۆتەوە لەهەر یەكەیەك پێویستییان بە سیمینار و كۆر هەبوو ئێمە كادرەكان دەنێرین پرۆسەكە زۆر بەرەو باشتر رۆشتووە و ئاساییتر بووە.

*دەربارەی دواكەوتن لە پرۆسەكە مامۆستا سەردار حەمە رەشید صۆفی سەرپەرشتیاری یەكەمی یەكەی سەرپەرشتیكردنی ئامادەیی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بۆ خەبات وتی: لە مانگی 11 وە لیژنەكانمان دابەشكردووە بەسەر سێ‌ بەش ئەو بەشانەی تر كاری خۆیانكردووە ئەوەی ماوە هەڵسەنگاندنی دەركییە، سەرەتا ئێمە دابەشكارییەكەمان نارد بۆ یەكەی سەرپەرشتیاری وتیان دەبێت تێكەڵاو بێت وابێت كە سەرپەرشتیاران بچنە هەموو قوتابخانەو ناوچەكان ببین ئێمە دابەشمانكرد، بەڵام سەرپەرشتیاری واهەبوو دوو پەروەردە یان سێ‌ پەروەردەی بەركەوتبوو دوای ئەوە لە بەرێوەبەرایەتی سەرپەرشتیكردنەوە كاری لەسەر نەكراو هەڵوەشایەوە، لەبەر ئەوەی وتیان ئەو سەرپەرشتیارانەی لە دەرەوەن بۆ ئەوەی كێشەی ئیفادو رۆشتنیان نەبێت هەر دەرەوەیان بۆ دابنێن ئێمەش چاوەرێی رەزامەندی و بریارەكانمان دەكرد لە 16 ی مانگ نوسراومانكردووە بۆ بەرێوەبەرێتی سەرپەرشتیكردنی پارێزگای سلێمانی تا ئێستا نوسراوەكە نەكراوە بۆ بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە تا بەرێوەبەری گشتی رەزامەندی بدات لەسەر ئیفاد كردنی ئەو سەر پەرشتیارانەی دەچنە دەرەوەی شار ئێمەش لە بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژئاوا كە پێنچ پەروەدەمان لە ئەستۆیە رۆژئاوا ، قەرەداغ ، چەمچەماڵ ، شارباژێر و دوكان بۆیە ئەوانە پێویستیان بە بریاری ئیفادە، چونكە سێ‌ رۆژ دەچنە ناوەندەكان خوێندن ئەمرۆ قسەمان لەسەر كردووەو چاوەرێی بریارەكەین.

*دەربارەی ئەوەشی كە پرۆسەكە لە سلێمانی رەتدەكرێتەوە بەتایبەتی كە دەلێن ئەمساڵ ساڵێكی نائاساییە ؟مامۆستا سەردار وتی: راستە گلەیی هەبوو لەلایەن بەرێوەبەری قوتابخانەكانەوە كە ئەم پرۆسەیە پرۆسەیەكی قورسە و داواكاریش ئەوە بوو كە ئەمساڵ جێبەجێنەكرێت، بەڵام جەنابی وەزیرو بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی سلبێمانی كۆبوونەوە و دواتریش لیژنەی كوالێتی یەكەكەمان چەند كۆرو سمینارێكمان كرد توانیمان بەرچاو روونییەكی زیاتر بدەین بەسەرجەم بەرێوەبەری قوتابخانەكان و زیاتر لە 13 سیمینارمان ئەنجامداوە بۆ پەروەردەكانی خۆمان و هەندێكیشیان بە كۆڕی چوار كاتژمێری ، ساڵێكی نائاسایی نییە، بەڵام گرفتی هەموومان ئەوەیە پێویستە ئەو پرۆسەیە خولێكی بۆ بكرایەتەوە بۆ سەرپەرشتیارو بەرێوەبەرەكان ، چونكە پێش سێ‌ ساڵا خولێك كراوەتەوە دووساڵە بە هۆی كۆرۆناو نەخۆشییەوە جێبەجێنەكراوە و هەندێك گۆڕانكاریشی تێدا كراوە كە پێویستی بە روونكردنەوە هەیە بۆ سەرپەرشتیاران و بەرێوەبەرەكان، هەوڵ دەدەین دوای تاقیكردنەوەكانی دواخراوە لیژنەكانمان دەست بە سەردانیكردن و هەڵسەنگاندنی دەرەكی بكەن.

*دەربارەی ئەوەشی ئایا ئەم كاتە درەنگ نابێت بۆ هەڵسەنگاندنی دەرەكی لە كاتێكدا وەرزی دووەم كورتە ؟ مامۆستا سەردار وتی : پێشتر ئێمە سەردانی خێرامان هەبوو لە رێگای فۆرمێكەوە هەموو كەم و كوری قوتابخانەكەدیاری دەكرا ، بەڵام ئێستا بووە بەم پرۆسەیە ئەم پرۆسەیەش پێویستە بریاری ئیشكردنی سەرپەرشتیاران لە 1/9 دەربچێت و كاربكەن ، چونكە ئێمە سێ‌ سەردانمان هەیە سەردانێكیان پسپۆری سەردانێكمان هەیە هاورێی رەخنەگرو هەسەنگاندنی دەرەكی پسپۆرییەكان نەركراوە و دابەشیشمان كردووە چونكە بریارەكەیان لە 3/10 دەرچووەو لە 15/ 11 هەڵسەنگاندنی دەرەكییە ئەی لەم 15 رۆژە قوتابخانەو یەكەكان فریای چی ئەكەون میلاكی تەواو نەبووەئاماری قوتابی تەواو نییە هێشتا بۆیە ئەم پرۆسەیە ئەكرێت ئەمساڵ لە 1/ 9 دەست بە سەردانی سەرپەرشتیاران بكرێت بۆ ناوەندەكانی خوێندن.

*دەربارەی ئەوەی كە ئایا ئەمساڵ پێوەرەكان هەروەك ساڵانی رابردووە تارادەیەك ئەو تێگەشتنە دروستبووە هەڵسەنگاندن روخسار نییە ؟ هەڵسەنگاندنی ئێمە ئەمساڵ زیاتر كار لەسەر ئاستی زانستی قوتابخانەكان ئەكەین جا ئەو قوتابخانەیە لە ئاستی زانستی چی ئەكات بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانستییەكەی؟ چۆن مامۆستاكان ئاراستە دەكات؟ تیمەكانیان چۆن كاریان كردووە؟ بۆ ئەوەی ئاستی زانستی بەرز بكەنەوە نەك دید و پەیام بگۆرێ‌ و قوتابخانە بۆیاخ بكات با دیدو پەیام بە فلێكس نەبێت لەسەر كارتۆنێك بینوسێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئیشی لەسەر بكات و پلانەكان خۆی جێبەجێ بكات.

مامۆستا نەرمین حوسێن

 

مامۆستا سەردار حەمە رەشید