کەشناسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی داهاتوو لە بەشی زۆری ناوچەکان بەتایبەت لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە پێشبینی بەفربارین دەکرێت.

فازڵ ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی لە هەرێمی کوردستان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: پێشبینی دەكرێت لە ڕۆژانی ئاینده‌دا تا ڕۆژی شەممەی داهاتوو هەرێمی كوردستان بكەوێتە ژێر كاریگەریی بارستە هەوایەكی سارد و پلەکانی گەرما بکەوێتە ژێر سفرەوە، هاوکات کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێتئ”ئەگەر بارانبارین بەم شێوەیە بەردەوام بێت هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ مەترسیی وشکەساڵی تێدەپەڕێنێت”.

ئەوەشی خستۆتەڕوو “پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی چوارشەممە، پێنجشەممە و هەینی داهاتوو پلەکانی گەرما لە سەنتەری شاری دهۆک دەگاتە -3، هەولێر -2 و سلێمانی -4 پلەی سیلیزی دەبێت و لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان پلەکانی گەرما بۆ -10 پلەی سیلیزی دادەبەزن”.

ئاماژەی بەوەشکرد “سەبارەت بە ئەگەری بارانبارینی بەخوڕ و مەترسی دروستبوونی لافاو یان پەنگخواردنەوەی ئاو لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی داهاتوو لە بەشی زۆری ناوچەکان بە تایبەت لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە پێشبینی بەفربارین دەکرێت، بەڵام پێشبینی بارانبارینی بەخوڕ لە هەرێمی کوردستان ناکرێت و بارانبارین ئەگەر هەبێت بە شێوەی ئاسایی دەبێت”.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لەو شەپۆڵە سەرماییە چەند ڕێنماییەک بە هاووڵاتییان دەدات:
• پۆشینی جلوبەرگ، گۆرەوی، كڵاو، دەستەوانەی ئەستوور و لەپێكردنی پێڵاوی شیاو كە لەگەڵ كەشوهەوای داهاتوودا بگونجێت، بەتایبەتیش بۆ منداڵان و بەساڵاچووەكان.
• پێویستە لەسەر سەرجەم شوفێران، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەكان، تا بكرێت بۆ كاری زۆر پێویست نەبێت دەرنەچن و ئۆتۆمبێلەكانیان لێ نەخوڕن و ئەگەر ناچاریش بن، ئەوا زنجیر لە تایەكاندا ببەسترێن، بەتایبەتی لەكاتی كەوتنی شەختەدا تا لە خزین و خلیسكان پارێزراو بن.
• تا زووە پشكنینی بوونی ئاستێكی گونجاوی ماددەی (ئەنتی فریز – دژە بەستان) لەنێو ڕادێتەری ئۆتۆمبێلەكان بكرێت.
•پێش دەرچوونیان لە ماڵەوە بۆ قوتابخانە منداڵەکان ئامۆژگاری بكرێن كە لەكاتی كەوتنی شەختە بە هیچ شێوەیەک بەسەر ئەو بارستانەدا نەڕۆن و خۆیان لێ بەدوور بگرن، لە ڕۆیشتنیش هەنگاوی خێرا نەهاوێژن و ڕانەكەن لە پێناو سەلامەتیان و دووركەوتنەوەیان لە هەر ڕووداوێكی نەخوازراوی خزین خلیكسان و بەربوونەوە.
• تا بكرێت شلەمەنیی گەرم بخورێتەوە، چونكە پارێزگاری لە گەرمیی لەش دەكات و بڕی پێویستی یەكەی كایلۆریشی پێ دەبەخشێت، بۆ پاراستنی لەش لە دابەزینی پلەكانی گەرما.
• بە هیچ شێوەیەک نابێ هاووڵاتییان بیر لە ئەنجامدانی گەشت لەكاتی بارینی بەفر بكەنەوە، بە تایبەتیش بۆ ناوچە شاخاوی و تەنانەت زوورگییەكانیش، چونكە گۆڕانی دراماتیكی، خێرا و چاوەڕواننەكراو لەو ناوچانەدا ڕوودەدەن و هیچ دەرفەتێک بە ڕزگاربوون نادات و تەنانەت تیمەكانی فریاكەوتنیش بە سانایی ناگەنە ئەو ناوچە و شوێنە سەخت و دژوارانە.
• برایانی جوتیار و بەخێوكارانی ئاژەڵەكان بەتایبەتی، ئامادەكاریی پێشوەختەیی خۆیان وەربگرن بۆ ئەوەی تا پێیان بكرێت بەروبووم و ئاژەڵەكانیان لە نزمبوونەوەی زۆری پلەكانی گەرما بپارێزن.
• خاوەن نەمامگە و خولیایانی بەخێوكردنی ئاژەڵ و باڵندەكان پێویستە تا بكرێت دارودرەختە ناسكەكان و قەفەسی گیاندارەكانیان بەشێوەیەكی تەندروست دابپۆشن یان ئەگەر دەكرێت دووریان بخەنەوە لەو شوێنانەی كە كراوەن یان زۆر زوو سارد دەبنەوە تا لە هەڕەشەی بەستانیان بپارێزن.
• بۆ ئەو ماڵانەی كە دەكەونە نێو ناوچە شاخاوییەكان كە بێگومان پلەی گەرمیی زۆر تیایدا نزمتر دەبێتەوە، پێویستە بڕێک ئاوی پاكی خواردنەوە لە ژوورەوە دابنێن كە لانی كەم بۆ ماوەی 2 تا 3 رۆژی خواردنەوە و پێداویستیی سەرەكیی ئەندامانی خێزان دابین بكات تا شەپۆلەكە كۆتایی پێ دێت.
• تیمەكانی تایبەت بە ڕاماڵینی بەفر لە ئامادەباشیدا بن.
• تیمەكانی شاخەوانی لە كاتی چالاكبوونی بەفر بارین بە هیچ شێوەیەک بیر لە ئەنجامدانی گەشتی تایبەتی خۆیان نەكەنەوە ئەگەر بۆ مەودایەكی نزمیش بێت.