سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق کۆبوونەوە و دوایین گۆڕانکاریی و پەرەسەندنەکانی عێراق و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێیان تاوتوێکرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە مارک برایسن ریچاردسن، باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق کرد و لە کۆبوونەوەکەدا کە دەیڤد هانت، کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق تاوتوێکرا.

هەروەها هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پێکهێنانی حکوومەتێک کردەوە کە خزمەتی گشت هاووڵاتییان و پێکهاتەکانی عێراق بکات و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیش لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکات.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی بابەتی کۆچبەران کرا و ئاماژە بە گرنگیی برەودان بە هەماهەنگیی نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەریتانیا درا، بەتایبەتی لە رووبەڕووبوونەوەی تاوانی ڕێکخراو و ڕێگریکردن لە کۆچکردن بە ڕێگەی نایاسایی.

چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە بەتایبەتی لە بواری وەبەرهێناندا، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.