خەبات: هاوكار كەلهوری:- بەمەبەستی هێشتنەوەی مباپی بۆ ماوەیەكی دیكە بەرپرسانی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی پێشنیارێكی تازەیان لەڕێگەی بەڕیوەبەری یانەكە خستوەتە بەردەم مباپی بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەكی دیكە بمێنێتەوە و بەخۆڕایی نەڕوات.

بەگوێرەی رۆژنامە فەرەنسییەكان لیۆناردۆی بەڕێوەبەری پاریس سانجێرمان لەگەڵ كیلیان مباپی بە تەنها گفتوگۆی كردوە و پێی ڕاگەیاندووە كە ناكرێت ئەو بەخۆڕایی بچێتە ریال مەدرید بۆیە پێیوستە بۆ ماویەكی كورتیش بێت گرێبەستێك واژۆ بكات تا بتوانن بە بڕێك پارە بە ریال مەدریدی بفرۆشنەوە.

ئەم هەواڵە لە میدیاكانی ئیسپانیا سەدای هەبوو هەردوو ڕۆژنامەی ئاس و ماركای نزیك لە ریال مەدرید لەمبارەیەوە ئاماژەیان كردوە كە ڕیال مەدرید هێمنە و دڵنیایە كە مباپی پەیوەندی بە ریال مەدرید دەكات و ڕێكەوتنیش هەیە كە مباپێ لەگەڵ هاتنی بەخۆڕایی بری 40 ملیۆن یۆرۆ وەك پاداشت وەربگرێت جگە لەوەش گرێبەستی لەگەڵ ڕیال مەدرید بۆ 6 ساڵ دەبێت و ساڵانەش 21 ملیۆن یۆرۆ تەنها مووچە وەردەگرێت جگە لە چەندین تایبەتمەندی دیكە و خەلاتەكانیش كە بەپێی ئاست و ژمارەی گۆڵەكان و ئەنجامی یانەكە دەبێت.

جێی ئاماژەیە، مباپێ ئەم هاوینە گرێبەستی كۆتایی پێ دێت و دەتوانێت بچێتە هەر یانەیەك كە بیەوێت، لە ئێستاشدا مافی ئەوەی هەیە گفتوگۆ لەگەڵ یانەكان بكات.