بەرپرسی بەشی سیاسی – ئابووری لە كونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریكا لە هەولێر، سەردانی وەزارەتی کارەبای کرد و ئامادەیی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەی بۆ بەشداریکردن لە پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان بە وەزیری کارەبای راگەیاند.

ئەمڕۆ سێشەممە 14/12/2021، وەزارەتی کارەبا لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە: “کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا و دو تیانتاواچ، بەرپرسی بەشی سیاسی – ئابووری لە كونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریكا لە هەولێر، کۆبوونەوە و لە دیدارەکەدا باسیان لە بەشداریکردنی کۆمپانیاکانی ئەمریکا لە پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر و راکێشانی هێڵی 400 کەی ڤی و هەروەها بەرهەمهێنانی کارەبا بە گازی بەفیڕۆچووی کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، پرۆژەی سکادا و هەماهەنگیی نێوان هەردوو وەزارتی کارەبای هەرێم و فیدراڵ کرا”.

ئەوەش خراوەتە روو، وەزیری کارەبا رایگەیاند: “لە زاخۆ، سۆران، گەرمیان و راپەرین دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژەکانی هایدرۆپاوەر بۆ بەرهەمهێنانی 300 مێگاوات کارەبا دەکرێت و داواشی کرد کە ئەمریکا پەیوەندییەکانی خۆی بۆ دامەزراندنی وێستگەکانی کارەبا لە شێخان، مەخموور و جەبارە لە ناوچەکانی مادەی 140 لە رێگەی عێراقەوە بەکار بێنێت”.

ئاماژە بەوەش کراوە کە وەزیری کارەبا باسی لەوەش کرد ئەو قەرز و یارمەتییانەی کە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بە کەرتی کارەبای عێراق دەدەن، تا ئێستا پشکی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستانی نەدراوە.

روونیشکراوەتەوە، نوێنەری ئەمریکا دوو پرۆژەی گرنگی کەرتی کارەبای هەرێم وەک بەرهەمهێنانی کارەبای بە گازی بەفیڕۆچووی کێڵگە نەوتییەکان و پرۆژەی پێوەری زیرەک گرنگ نرخاند و گوتی: “نوێنەرایەتی ئەمریکا لە عێراق بە جیدییەوە دەڕوانێتە ئەم پرۆژانە”.