مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی خولی ١١ و ١٢ی زانکۆی کوردستان – هەولێر گوتارێکی پێشکەش کرد و لە میانەدا وێڕای پێرۆزبایی لە دەرچووان رایگەیاند”ئێوە هێز و خاوەنی ئەو وڵاتەن و دەبێت سوود لە تواناتان وەربگیرێت”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند: “پیرۆزباییەکی گەرم لە قوتابیانی دەرچوو دەکەم، قوتابیانی خۆشەویست وێرای دەستخۆشیم و پیرۆزباییم لە سەرکەوتنتان هیوادارم چۆن ئەو قۆناغە گرنگەی خوێندنتان تێپەراند لە هەموو قۆناغەکانی ژیانی داهاتووشتان سەرکەوتوو بن”.

گوتیشی: “میوانانی ئازیز قوتابیانی ئازیز و بەڕێز مایەی شانازییە کە ئەمڕۆ بەشدارم لەو مەراسیمە، ئەمڕۆ ئێمە هەموومان لێرەین بۆ ئەوەی ئاهەنگ بگێڕین بەبۆنەی دەرچوونی ئەو ژمارە قوتابییە”.

مەسرور بارزانی راشیگەیاند: “من پێموایە بەشێک لە ئێوە رەنگە یەکەم کەس بن لەنێو خانەوادەکاتان کە دەردەچن هیوادارم دوا کەس نەبن من دەزانم کۆرۆنا وای کرد کە دۆخی قوڕستان بۆ بێتە پێش و وانەکانتان بوونە ئۆنڵاین کە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کاریگەری بخاتە سەر پەیوەندی نێوان قوتابیان و مامۆستایان بەڵام سەرباری ئەمە ئێوە توانیتان پارێزگاری لە پێگەی خۆتان بکەن و کەسایەتییەک دروست بکەن کە شانازی پێوەبکرێ”.

مەسرور بارزانی بۆ دەرچووانی زانکۆی کوردستان – هەولێر راشیگەیاند: “من ئامادەم هاوکاریی ئێوە بکەم کە بۆ ئەوەی داهاتووی خۆتان و هەرێمی کوردستان بنیات بنێن، ئێمە پێویستمان بە ئێوەیە و ئێمە ئێوەمان دەوێ و دەمانەوێ ئێستا کاتی ئەوەیە کە ببنە داهێنەر و بەشێک لە پێشخستنی ئەو ماڵە گەورەیەی ئێمە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان”.

گوتیشی: “ئێوە هێز و خاوەنی ئەو وڵاتەن و پێویستە سوود لە توانا و هێزتان وەربگیرێت و ئێستا کاتی ئەوەیە کە داهێنان بکەن”.