وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە قسەکانی هه‌ورامان گه‌چێنه‌یی، پەرلەمانتاری کوردستان بڵاوکردەوە.

لە روونکردنەوەیەکەی وەزارەتی پەروەردە دا هاتووە: لە ٢٤ی١٠ی٢٠٢١، هه‌ورامان گه‌چێنه‌یی، پەرلەمانتاری کوردستان له‌ کۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ دەکات كه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ چه‌ند بابه‌تێكی وه‌ك (بنچینه‌كانی باوه‌ڕ، هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر (دخ)، ڕۆژی دوایی، دادپه‌روه‌ری، حوكم له‌ ئیسلام، و سوێند خواردن)یان لابردووه‌ له‌ پڕۆگرامەکانی خوێندنی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی بۆ ئەمەش تەنها کتێبی پۆلی نۆی بنەڕەتی بەنموونە دەهێنێتەوە، ئێمە لێرەدا به‌ چه‌ند خاڵێك وه‌ڵامی ده‌ده‌ینه‌وه‌.

دەقی روونکردنەوەکە:

بابەت / وەڵامی پەرلەمانتار بەڕێز “هەورامان گەچێنەیی”

لە ڕێکەوتی ( ٢٤/ ١٠/ ٢٠٢١ ) به‌ڕێز (هه‌ورامان گه‌چێنه‌یی) پەرلەمانتاری کوردستان له‌ گۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسیدا ئاماژه‌ به‌وه‌ دەکات كه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ چه‌ند بابه‌تێكی وه‌ك (بنچینه‌كانی باوه‌ڕ، هاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر (دخ)، ڕۆژی دوایی، دادپه‌روه‌ری، حوكم له‌ ئیسلام، و سوێند خواردن)یان لابردوه‌ له‌ پڕۆگرامەکانی خوێندنی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی بۆ ئەمەش تەنها کتێبی پۆلی نۆی بنەڕەتی بەنموونە دەهێنێتەوە، ئێمە لێرەدا به‌ چه‌ند خاڵێك وه‌ڵامی ده‌ده‌ینه‌وه‌.

یه‌كه‌م: بەڕێز پەرلەمانتار هه‌ورامان گه‌چێنه‌یی سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان باشتر وابوو كه‌ ڕێگا و ڕێكاره‌كانی كاری په‌رله‌مانتاری بگرتایه‌ته‌ به‌ر لەوەی بکەوتایەتە هەڵەوە ،کە بریتیین لە:

– ناردنی نووسراوی فەرمی بۆ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

– بانگێشتكردنی نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بۆ پەرلەمانی کوردستان / لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە مەبەستی پرسیار و وەڵام و ڕوونکردنەوەی پێویست.

– ئەندامانی لیژنەی پەرلەمانی کوردستان لە چوارچێوەی کاری پەرلەمانتاری دەتوانن سەردانی وەزارەتی پەروەردە/ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پڕۆگرام و چاپەمەنییەکان بکەن بە مەبەستی بەدواداچوون و ئەرکی چاودێری.

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هیچ یه‌كێك له‌م كارانه‌ی ئه‌نجام نه‌داوه‌ بەتەلەفۆن پرسیاری لەسەر لابردنی (کۆی پرۆگرامی پەروەردەی ئیسلامی) کردوە لە هەموو قۆناغەکانی خوێندن و وەڵامدراوەتەوە کە ئەو بابەتە هیچ بنەمای نییە . و په‌له‌ی كردوه‌ له‌ وروژاندنی هەستی گشتیی له‌سه‌ر بابه‌تێك كه‌ هیچ بنه‌مای نییه‌، وه‌ك له‌ خاڵی دووه‌م بە ووردی ڕوونی ده‌كه‌ینه‌وه‌.

دووه‌م: پڕۆگرامه‌كانی خوێندنی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی جێگای بایه‌خی وه‌زاره‌تمانه‌ و ئه‌و بابه‌تانه‌ی به‌ڕێز مامۆستا هه‌ورامان گه‌چێنه‌یی باسیان ده‌كات له‌ پڕۆگرامه‌كانی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی بوونیان هه‌یه‌، چونكه‌ به‌ڕێزیان لێیان ورد نه‌بۆته‌وه‌ و مه‌به‌ستێكی دیكه‌ی هه‌یه‌، بۆیه‌ به‌م شێویه‌ باسی كردووه، بفەرموون بە داتا و دۆکیۆمێنت دەیخەینەڕوو‌:

1- سه‌باره‌ت به‌ (بنچینه‌كانی باوه‌ڕ ) له‌ پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی له‌ وانه‌ی شه‌شه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 18، له‌ پۆلی شه‌شه‌می بنه‌ڕه‌تی‌ له‌ وانه‌ی چوارده‌یه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 43، باس كراون، واتا له‌ دوو پۆلی خوێندن كه‌ پۆلی یه‌كه‌م و شه‌شه‌می بنه‌ڕه‌تین.

2- جێنشین وهاوه‌ڵانی پێغه‌مبه‌ر (دخ) له‌ چه‌ندین پۆلدا به‌ ورده‌كارییه‌وه‌ باس له‌ ژیان و به‌سه‌رهاته‌كانیان كراوه‌، وه‌ك له‌ پۆلی چواره‌می بنه‌ڕه‌تی له‌ لاپه‌ڕه‌ 32، له‌ پۆلی پێنجه‌می بنه‌ڕه‌تی وانه‌ی سێزده‌یه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 36 و وانه‌ی پازده‌یه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 40 و وانه‌ی شازده‌یه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 43، هه‌روه‌ها له‌ پۆلی شه‌شه‌م وانه‌ی ده‌یه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 31 و وانه‌ی دوازده‌یه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 38 و له‌ پۆلی هه‌شته‌م وانه‌ی بیست و دووه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 64 و وانه‌ی بیست وسێیه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 67 و وانه‌ی بیست و چواره‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 69 و باسی شوێنكه‌وتوانیش له‌ وانه‌ی بیست وپێنجه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 73 كراوه‌.

3- سه‌باره‌ت به‌ (دادپه‌روه‌ری و دادگه‌ری) له‌ پۆلی هه‌شته‌م له‌ وانه‌ی چواره‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 12 و له‌ پۆلی دوازده‌یه‌م له‌ وانه‌ی چواره‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 21 باسیان كراوه‌ و وانه‌یان بۆ ته‌رخان كراوه‌.

4- سه‌باره‌ت به‌ (ڕۆژی دوایی) له‌ پۆلی شه‌شه‌م له‌ وانه‌ی چوارده‌یه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 45 و هه‌روه‌ها له‌ پۆلی ده‌یه‌م له‌ وانه‌ی سێیه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 14 و له‌ وانه‌ی سێزده‌یه‌م (به‌ڵگه‌كانی بوونی ڕۆژی دوایی) له‌ لاپه‌ڕه‌ 38 و وانه‌ی چوارده‌یه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 41 و وانه‌ی پازده‌یه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 44، زۆر به‌ وه‌رده‌كاری باس له‌م بابه‌ته‌ كراوه‌.

5- سه‌باره‌ت به‌ (حوكم له‌ ئیسلامدا) له‌ وانه‌ی چواره‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 21 و وانه‌ی یازده‌یه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 47 و وانه‌ی دوازده‌یه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 49 و هه‌روه‌ها له‌ وانه‌ی سێزده‌یه‌م له‌ لاپه‌ڕه‌ 55 له‌ پۆلی دوانزه‌یه‌م زۆر به‌ وه‌رده‌كاری باس له‌م بابه‌ته‌ كراوه‌.

6- سه‌باره‌ت به‌ (سوێند خواردن) لیژنه‌ی پسپۆڕی پڕۆگرامه‌كان بڕیاری داوه‌ كه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ ئاستێكی پێشكه‌وتوتر له‌ قۆناغی یازده‌یه‌می ئاماده‌یی بخوێندرێت له‌ ساڵی خوێندنی (2022-2023).

‌باشتر بوو بەڕێزیان هەر ١٢ کتیبەکەی پەروەردەی ئیسلامی بخوێنیتەەوە بیزانیایە کەئەو بابەتانەی بەریزیان باسی لێدەکات هەمووی بونی هەیە لە کتیبەکانی پەروەردەی ئیسلامی بە شێوەی زانستی و دروست رێکخراون. ئێمە وەکو وەزارەتی پەروەردە داواکارین لەم بابەتانە یاری به‌ هه‌ست و سۆزی موسڵمانان نه‌كرێت به‌ بێ بنه‌ما .
وەزارەتی پەروەردە – بەرێوەبەرایەتی گشتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەکانی
٢٤ی١٠ی٢٠٢١