غازی فەیسەڵ ئاغا
دامەزرێنەری پارتی دیموکڕاتی کوردستان ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی بناغەیەکی هێندە پتەوی بۆ پارتەکەی دانا بە هەزار ساڵیش ئەو بناغەیە درز نابات، مێژووی پارتی هێندە ئاسان نیە بە لەرەیەک بشڵەژێت، بارزانی بۆ خودی خۆی تێ نەکۆشا و ئەمڕۆشی بۆ خۆی درووست نەکرد! بەڵکو بۆ میللەتەکەی خەباتی کرد و خوێنی بەخشی، ئەوانەی لە دوای مستەفا بارزانی هاتن و خەباتیان بەردەوام کرد، وەک تەواوکەری کارەکانی لە ئانی ئێستادا نموونەیەکی زیندووی واقعی حاڵن، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشمەرگە ئاسا جەنگا و کوردستانێکی بەهێزی بونیات نا.
پارتی ڕۆڵەکانی خۆی لە سەر ڕێبازێک پەروەردە کرد، کە هەمیشە بوێر و ڕاستگۆ و نیشتیمانپەروەر بن، ئاخر ئەوەی لە کوردستاندا و لە ماوەی چەند ساڵی حوکمڕانیدا، بە چاوان دەبینرێت، ئاخۆ پارتی گەلەکەی بە چ قۆناغێک گەیاندووە، دەوڵەتی عێڕاق بە گەورەیی خۆی و هەبوونی سەدان ساڵەی بۆ نیشاندانی هەر پێشڤەچوونێکی سەردەمی و مۆدێرن و ناساندنی بە جیهانی دەرەوە، بە ناچاری شارەکانی هەرێمی کوردستان بە نموونەی پێشڤەچوون و جوانی و دیموکراسی و ئەمنە بەرقەراریەکەی نیشانیانی دوونیای دەرەوە دەدات.
لەو قۆناغەی ئێستاشدا، خەڵکی عێڕاق و کوردستان، بەشداری لە پڕۆسەیەکی گرنگی هەڵبژاردن دەکەن، ئەگەر خەڵکانێک بیانەوێت خۆڵ بکەنە چاوی دەنگدەرانی کوردستان، ڕەنگە نەشێن هیچ بکەن، چونکە گەلی کوردستان هۆشیارە و چاوکراوەیە، ئەوە نیە دەگوترێت ئەگەر مانگ دیار بێت پێویست بە چاولێکردن ناکات.
پارتی لەو پڕۆسەیەدا بە متمانەیەکی بەهێزەوە بۆ کوردستانێکی بەهێز سەرکەوتن بە دەست دێنێت، سیاسەتی ڕاستی پارتی، کوردستانی گەیاندە ئەم قۆناغە، خەڵکیش بە متمانەوە دەنگ بە ئازادی و خۆشگوزەرانی دەدەن.










