یونس حەمەد – ئۆسلۆ
سبەی پارتی دیموکراتی کوردستان پێ دەنێتە 75 ساڵە، بێگومان چ مرۆڤ یان لایەن یا خود هەر گڕووپ و کۆمەڵەیەك ئەگەر تەمەنی بگاتە سەرووی هەفتا هەوراز و نشێوی زۆر بەخۆیەوە دەبینێت، چونکه ژیان بەمجۆرەیه، چەند گەورە بیت، گەورەتر دەبینرێی، چەند گەورە بیت ئەوە شارەزایی له ژیانی ڕۆژانه و مانگانه و ساڵانەدا وەردەگری، تەمەن واتا دێرینی، تەمەن بەو واتایەی زیاتر له ژیان گەیشتوو…، بەڵام زۆرجارانیش دەبینرێت تەمەن له بچووکییەوە گەورەیه، وەك ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان له تەمەنی ژیانی سیاسیدا هەر لەسەرەتاوە به گەورەیی خۆی ناساندووە، لەسەرەتای دامەزراندنییەوە به گەورەیی سەیر و تاماشا کراوە، چونکه بەو پێیەی کەسایەتییەکی مەزن و گەورەی وەك مستەفا بارزانیی نەمر دامەزرێنەری بووە، بۆیە پارتی له مێژووەوە تا ئەمڕۆ گەورە و گران و سەنگینه، له مامەڵەدا بۆچوون دەخاتە ڕوو و بەرلەوەی هەنگاو بهاوێژێت بیر دەکاتەوە، بیرکردنەوەیەکی زۆر قوڵ تا دەگاتە ئەنجام، پارتی بیری نەتەوەیی و نیشتمانی وەك پرێنسیپێکی نەگۆڕ له کاری کوردایەتی پەیڕەو دەکات، بەم بیرە نەتەوەیی و نیشتمانیەی توانیوێتی ببێتە ژمارە یەك چ له کوردستان و هەروەها لە مامەڵەکردنی دەرەوەشدا، بڕیاری پارتی وەك پارتەکانی جیهانی مۆدڕێن خاوەن یەک بڕیارە، ئەمەش وەك ( ئەتەکێتی) کار له کاری خۆیدا پەیڕەوی دەکات، بەو واتایەی ( ئەتەکێتی) پارتایەتی و کوردایەتی بۆ گەل و خاك و نەتەوە و نیشتمانه.

ئەو پەیڕەوەش لەلایەن پارتییەوە پارێزراوە، بەو هۆکارەی بڕوای تەواوی به پرسی نەتەوە و نیشتمان و خاک هەیه و بۆ جارێکیش لەم ڕێگا و ڕێبازەدا لای نەداوە. پارتی خاوەن بڕیارە، له مێژووی دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ حەکیمانە و سرووشتییانه کار بۆ ئەجیندای کوردایەتی دەکات، خاوەن بڕیارە له کاتی سەردەم و گونجاودا، له سەرەتای شەستەکانی سەدەی بیستدا پارتی بڕیاری هەڵگیرساندنی شۆڕشی دا و لێی سەرکەوتوو بوو، ئەنجامی شۆڕش ئۆتۆنۆمی بوو کە ڕژێمی ناچار کرد ددانی پێ بنێت، له خواکوڕکی گوڵاندا چۆکی به دوژمندا و نەیهێشت بگووترێت جەنگی هەشت ساڵەی عێڕاق – ئێران تەواو، ئیتر شۆڕشی کورد کۆتایی هات، وای نیشاندا بۆ جیهان کە پرسی کورد بەردەوامه تا دەگاتە ئامانج.

فیدڕاڵی وەک ئەزموونێكی حکومڕانی، پارتی خاوەنی ڕاستەقینەی بوو، پارتی لەوەشیان سەلماندی، سەرۆك مەسعود بارزانی فیدڕالیتەی کردە بڕیار و دیڤاکتۆیەك که هەموویانی بۆ ئەم بڕیارە ملکەچ کرد. ئەوەی تا ژیان مابێت کورد شانازی پێوە بکات ریفڕاندۆمی سەربەخۆیی کوردستانه، ئەویش پارتی وەك بڕیاری مێژوویی سەلماندی که بەڵێ کورد هەرکات دەرفەتی بۆ بڕەخسێت ئەوە دەیسەلمێنێت که له ئاستی ئەم دەستکەوت و مافەدایه. 75 ساڵ مێژوویەکی پڕسەروەرییە که ڕێبازی بارزانی وەك هێما و سیمبول نەوەک به تەنیا بۆ گەلی کورد، بەڵکو تەواوی ئەو گەل و ئایین و ئاینزایانەی له کوردستاندا دەژین ئەوە متمانەیان به پارتی دیموکراتی کوردستان هەیه، ئەمەش بۆ ئەو مێژووە دەگەڕێتەوە که پارتی به بڕوابوون به خۆی وای کردووە تەمەنی چەند گەورە بێت ئەوە به دڵێکی لاو و گەنجانه درێژه به خەبات و تێکۆشان بدات له پێناو کوردستانێکی ئازاد وسەربەخۆ و سەرفراز.