ئەسرین عاسی شوانی
لە مێژووی کورد و کوردستان و بزاڤە ڕزگاریخوزەکەیدا زۆر جووڵانەوە و حیزب دروست بوونە بە مەبەستی تێکۆشان لە پێناو دەستەبەرکردنی مافەڕەواکانی گەلەکەماندا، بەڵام زۆربەی زۆری یان دەکرێت بوترێت سەرجەم ئەو بزاوتانە تەنها بۆ مێژوو ماونەتەوە و هیچ ڕۆڵێکیان لە خەباتی گەلەکەمان نەنەخشاندووە و هاتوون و تێپەڕیون، لەبەر چەند هۆکارێک لەوانە نەبوونی بەرنامەیەکی تەندروست و هەڵێنجاوی ناو هەناوی کوردەواری و قەیرانی سەرکردەیەک کە لەگەڵ ڕەوتی سیاسەتی ناوچەکە و دەوروبەر و جیهان ڕێ بکات، بۆیە گەر بۆ مێژووی کۆن و نوێ بگەڕێینەوە دەبینین چەندین جووڵانەوە هاتوونەتە بوون و کەمترین گێژەلۆکە لە ڕەگەوە هەڵیکەندوون و هیچ ئاسەوارێکیشی لە دواوەی خۆی جێ نەهێشتووە، تا لە 16ی ئابی 1946 کاریزمایەک بە هاوکاری ژمارەیەک تێکۆشەری گەلەکەمان پارتێک ڕادەگەیەنن بە ناوی پارتی دیموکراتی کورد لە باشوری کوردستان بە ڕابەرایەتی مستەفای بارزانی.

ئەمڕۆ 16ی ئاب، 75 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا تێدەپەڕێت کە لە ساڵی 1946 بە سەرکردایەتیی مەلا مستەفای بارزانی دامەزرا لە باشوری کوردستان. تا ئێستا سەرەڕای سەدان کۆسپ و تەگەرە و موئامەرەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی و جیهانی، پارتی هەر لەسەر پێی خۆیەتی و ڕۆژ بە ڕۆژ و ساڵ دوای ساڵ لە گەشەکردن و گەیشتن بە لوتکەیە، بە پێچەوانەوە دەبینین چەندین حیزب دروست بوونە و بە تێپەڕینی کات لاپەڕەیەکیان لە مێژووی گەلەکەمان نەنەخشاندووە، بەڵام دەبینین پارتی لە گەشەی بەردەوام و گەیشتن بە لوتکەی کوردایەتییە و دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش شاهیدی ئەو سەروەرییەیە کە ئەمەش بۆ ئەوە

دەگەڕێتەوە کە سەرکردەیەک ئەو حیزبە بەڕێوە دەبات کە سیمبولی کوردایەتییە و هەر ئاواش دەمێنێتەوە.
بۆیە ئەمڕۆ 16ی ئاب یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانە بە سەرۆکایەتیی مستەفای بارزانی، سەرەتا بەناوی پارتی دیموکراتی کورد دامەزرا پاشان لە کۆنگرەی سیێیەم کە لە 26/1/1953 لەشاری کەرکووک بەسترا ناوی گۆڕا بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان کە مستەفای بارزانی ڕابەرایەتی دەکرد، تا ساڵی 1979 ڕابەری ڕۆحی کۆچی دوایی کرد سەرۆک مەسعود بارزانی بە سەرۆکی پارتی هەڵبژێردرا.

پارتی لە نێوان ساڵانی 1946 تا 2011 سیانزە کۆنگرەی خۆی بەستووە، لەوانە چوار کۆنگرەی لەبەغدا و چوار کۆنگرەی لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستانی باشوور و دوو کۆنگرەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سێ کۆنگرەشی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەستووە و لە ئامادەکاریشە بۆ بەستنی کۆنگرەی چواردەهەم کە دڵنیام دوا کونگرە بەرهەمی زۆر ناوازە بۆ کوردایەتی فەراهەم دەکات، وەک چۆن لە کوردستان حیزبی ژمارە یەکە لە ناوچەکە و جیهانیش جێگای تێڕامان و نیشانەی پرسیار دەبێت، لە یادی دامەزراندنی پارتی سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدە سەربەرزەکان دادەنوێنم و دەستی تێکۆشەرەکانیشی بەگەرمی دەگوشم.