خەبات: هاوار مورتكەیی:– لە ركابەرییەكانی پاڵەوانێتی ئۆڵۆمپیادی تۆكیۆ وەرزشوانێكی كورد لە ڕیزی هەڵبژاردەی ئێران توانی یەكەم میدالیای زێڕ لەم پاڵەوانێتییەدا بۆ ئێران بباتەوە.

جەواد فرووغی كە كوردێكی رۆژهەڵاتی كوردستانە و خەڵكی شاری ئیلامە توانی لە یاریی نیشانە شكێنی بە دەمانچە بۆ دوری 10مەتر پلەی یەكەم بەدەست بهێنێت و میدالیای زێڕ بباتەوە، كە بەرەبەیانی رۆژی شەممە بە كاتی هەولێر و لە ركابەرییەكانی یاریی نیشانە شكێنی هەواییدا میدالیای زێڕی بردەوە و سێیەم میدالیای زێڕی ئۆڵۆمپیادی تۆكیۆ و یەكەم میدالیای بۆ ئێران بەدەستهێنا.

فرووغی خەڵكی شاری ئیلامە كە بە سێیەم گەورەترین شاری كوردی لە ئێران دادەنرێت، جگە لە یاریی نیشانشكێنی فرووغی كاری پەرستاری دەكات، بۆ یەكەمجار لە 2010 دەستی بە یاریی نیشانەشكێنی كرد، پاشان لە 2018 بووە ئەندام لە هەڵبژاردەی نیشانەشكێنی ئێران. جەواد تەمەنی 41 ساڵە بە تەمەنترین وەرزشوانی شاندی ئێرانە و خاوەنی 3 منداڵە، بووە یەكەمین وەرزشوان كە مێدالیای زێڕ لە نیشانەشكێن بۆ ئێران دەباتەوە و پێشتریش دوو مێدالیای زێڕی لە پاڵەوانێتی هیند و كرواتیا بردووەتەوە و پێشەنگی وەرزشوانانی نیشانەشكێنی گرتووە لە جیهان.

یاریزانە كوردەكە كە لەگەڵ هەلبژاردەی ئێران بەشدارە، لە یارییەكەدا ریكۆردێكی مێژویی تۆماركرد و توانی 244.8 خاڵ كۆبكاتەوە و میدالیای زێڕی بردەوە، دەمیر میكیچی سربی پلەی دوەم و میدالیای زیوی بەدەستهێنا و پانگ وەی چینیش پلەی سێیەم و میدالیای برۆنزی یارییەكەی بردەوە.

دوای بەدەستهێنانی پلەی یەكەم لە لێدوانێكیدا بۆ تۆڕی بی ئێن سپۆرت جەوادی گوتی: زۆر دڵخۆشم بەوەی پلەی یەكەمم بەدەستهێنا، هۆكاری دڵخۆشی من تەنها بە هۆی بەدەستهێنانی میدالیای زێر نییە، بەڵكو بەهۆی ئەو ئاستە باشەوە بو كە پێشكەشم كرد، لەگەڵ دڵخۆشكردنی گەلی ئێران بە بەدەستهێنانی یەكەم میدالیای زێڕ بۆ ئێران لە ئۆڵیمپیادی تۆكیۆ و لە ڕكابەرییەكانی ئەم یارییەدا.

فرووغی گوتیشی: من پەرستیارم و لە نەخۆشخانە كاردەكەم، سەرەتا بۆ كات بەسەربردن لە كاتی پشووی كارەكەم لە ناو نەخۆشخانەدا دەستم بە نیشانەشكێنی كرد، دواتر لەبەر ئەوەی پێغەمبەری ئێمە فەرموویەتی خۆتان فێری تیرهاویشتن و مەلەوانی و سوارچاكی بكەن، بۆیە ئەم قسەیە بووە هاندەری من بۆ ئەوەی درێژە بەم وەرزشە بدەم، چوار ساڵە بە شێوەی پرۆفێشناڵ لەم بوارەدا كار دەكەم و شكور بۆ خوا توانیم سەركەوتوو بم و میداڵیای زێڕ لە ئۆڵمپیكی تۆكیۆ بە دەست بێنم. خۆشحاڵم كە وەك پەرستارێك لە دۆخی كۆڕۆنادا توانیم ئەركەكانم جێبەجێ بكەم و وەك تیرهاوێژێكیش توانیم سەرەڕای هەموو ئەو كێشانەی هەمبوو خۆم بگەیەنمە ئەم قۆناغە.

لە كۆتاییدا ئەو پاڵەوانە وتی: “ئەوەم لە دەموچاوی ڕكابەرەكەم بە دی دەكرد كە هەست بە نیگەرانی دەكات، ئەوەش منی خۆشحاڵ كرد و وای لێكردم ڕوبەڕوی هیچ فشارێكی دەرونی نەبمەوە بەهۆی ركابەرەكانمەوە”.

ئۆڵۆمپیادی تۆكیۆ 2020، چەند رۆژێكە دەستی بە وەشانی كردووە و لە سەرانسەری جیهان یاریزانان بە بەرگ و ئاڵای وڵاتەكەیانەوە ركابەری لەسەر بەدەستهێنانی میدالیایێك دەكەن و بە بەدەست هێنانی نازناوێكیش ناو و ناوبانگی خۆیان و وڵاتەكەیان دەخەنە لاپەڕەی مێژووەوە.