مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە (25ی تەممووز/ یۆلیۆی 2021) لە گوتارێکدا رایگەیاند، کە لەم مانگەوە دەست بە پڕۆسەی دابەشکردنی مووچە دەکرێت بە تەواوی و بە بێ لێبڕین.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا، کە ئەرکی لە پێشینەی حکومەت دابینکردنی مووچە بووە. ئەگەر حکومەتی فیدراڵیش بەردەوام بێت لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکەی و ناردنی ئەو بەشە بودجەیەی کە لە چوارچێوەی یاسای بودجەی فیدراڵی لە سەری رێککەوتووین، ئەوە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام دەبێت لە پێدانی مووچە لە کاتی خۆی و بە تەواوی.
دهقی گوتارهكهی سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان:
ئامادە نەبووین ملکەچ بکەین، بۆ هیچ یەکێك لەو فشارانە، ئەوەی لە تواناماندابوو بۆ دابینکردنی مووچە ئەنجاممان دا، بۆ ئەوەی بتوانین بەباشترین شێوە ئیدارەی وەزعی هەرێمی کوردستان بکەین، بەو بودجەیەی کە لەبەردەستی ئێمەدابوو، هەرچەندە کەمبوو و نەمانتوانی مووچە وەك پێویست وەکخۆی بدەین، وەك پێشتر بەڵێنمان دابوو لەگەڵتان راستگۆ و شەفاف دهبین.
ئەوەی لەبەردەستی ئێمە بێت، ئەولەویەت بۆ مووچەی هاووڵاتییان دەبێت، لەسەر ئەو بنەمایەش ئەوەی لەبەر دەستمان بوو درێغیمان نەکرد، بەڵام بەداخەوە نەمانتوانیوە وەکو پێویست بودجە بۆ دابینکردنی مووچە دابین بکەین، کە شایستەی خەڵکی کوردستان بێت.
خۆشەویستان پێویستە لێرە خاڵێك لەبەرچاوبگرن و بیرتان بێنمەوە، حکومەت تەنیا ئەرکی دابینکردنی مووچە نییە، حکومەتی هەرێم بەرپرسە لە دابینکردنی ژیان و خزمەتگوزاری بۆ هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، مووچە بەشێکە لەو ئەرکە، بەڵام جگە لە مووچەخۆران هەموو هاووڵاتییان مافی ئەوەیان هەیە حکومەت خزمەتیان بکات، کە دابینکردنی ئاو و کارەبا و رێگاوبان و پڕۆژەکانە، کە ئەمە ئەرکی حکومەتە ئەو خزمەتگوزارییانە بە هەموو خەڵك بگەیەنێت، بەوانەی کە مووچەش وەرناگرن، ئەو جووتیارانەی کاردەکەن، ئەرکی حکومەتە کارێك بکات کە بەروبوومەکانیان ساغ بێتەوە، هەر لەم روانگەیەشەوە حکومەت هەوڵیداوە، جگە لە دابینکردنی بودجە، بیر لە دروستکردنی ژێرخانی ئابووری بەهێزیش بکاتەوە، تەنیا بابەتی مووچە و بودجە نییە، وەک باسم کرد، بەڵکو گەیاندنی خزمەتگوزاری و دروستکردنی ژێرخانی ئابوورییەکی بەهێزە، بۆ ئەوەی بۆ داهاتووش بتوانین متمانە لەسەر داهاتەکانی ناوخۆمان بکەین.
فرەچەشنکردن و هەمەجۆرکردنی داهاتەکان، ئەرکێکی لەپێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و هەوڵمانداوە بەبێ ئەوەی هیچ قەرزێك بکەین، خەڵکی کوردستان لە داهاتوودا متمانە بە داهاتەکانی خۆیان بکەن، لەمەش تا رادەیەکی زۆر سەرکەوتووبووین، سوپاسی کەرتی تایبەت دەکەم، کە بە هانای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هاتن، لە زۆربەی ئەو پڕۆژانەی حکومەت ویستوویهتی جێبەجێیان بکات، یارمەتیدەربوون و لەگەڵمان وەستان، ئێمهش بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردن و پشێخستنی ئەو پەیوەندییە تەندروستەیهی کە حکومەت و کەرتی تایبەت پێکەوە دەتوانن ئابوورییەکی بەهێز بۆ کوردستان دابین بکەن.
وەک دەزانن دوای ماوەیەکی دوورودرێژ حکومەتی فیدراڵی، بڕە بودجەیەکی بۆ ئەم مانگە بۆ هەرێم نارد، کە ئەمە ئەو کەلێنەی کە مابووەوە بۆ دابینکردنی مووچە، دەتوانێت تا رادەیەك پڕی بکاتەوە. پێشتریش بەڵێنماندابوو بەپێی بودجەی بەردەست مووچە دابین دەکەین.










