بەڕێوەبەری بەنداوەكانی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بە هۆی ئەو ئاوەی گل دراوەتەوە و ئەو پڕۆژانەی لەسەر رووبارەكان ھەن و هەروەها ئەو بیرانەی لێ دراون، ئەمساڵ ھەرێمی كوردستان بێ ئاو نابێت بۆ خواردنەوە و، بۆ وشكەساڵیش حكوومەت پلانی داناوە و بۆ جێبەجێكردنی پلانەكەش، پێویستی بە 20 ملیار دینار ھەیە.

ئەكرەم ئەحمەد،  بەڕێوەبەری بەنداوەكانی ھەرێمی كوردستان  رایده‌گه‌ێنێت: لە دوو بەنداو ئاومان گل داوەتەوە، كە ئەوانیش دوكان و دەربەندیخانن كە كەمە، بەڵام ئێمە رووبارمان زۆرن و پڕۆژەكانی ئاویش زیاتر لەسەر رووبارەكانن، بۆیە پێویستمان بە ئاو نابێت و كێشەمان بۆ دروست نابێت بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ھاووڵاتیان لە ھەموو ناوچەكان.

بەڕێوەبەری بەنداوەكانی ھەرێمی كوردستان ده‌شڵێت: ئێمە ئاومان بۆ سێ بوار ھەیە، ئەوانیش خواردنەوە و پیشەسازی و كشتوكاڵ، كە بۆ كشتوكاڵ زیاتر ئاومان پێویستە و ئێمەش پڕۆژەی ستراتیژمان نییە و زیاتر بیرەكان بەكار دێنین، بۆ ئاوی خواردنەوەش كێشەمان نابێت و دەتواندرێت سوود لە بیرەكان وەربگیرێت.

باسی لەوەش ده‌كات: حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پلانێكی ستراتیژیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی ھەیە، كە ئاو بۆ خواردنەوە و كشتوكاڵ وئاژەڵداری دابین بكات، پلانەكەش نزیكەی 25 ملیار دیناری پێویستە، بۆ ئەوەی بتواندرێت ئەمساڵ بەشێكی كێشەكانی ھاووڵاتیان چارەسەر بكرێت.