گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رێکارەکانی پێشووتر پەیوەست بە خۆپارێزی و خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا بەردەوام دەبن. هەروەها بڕیاردراوە سێ رۆژی جەژنی رەمەزان قەدەخەی هاتووچۆ رابگەیێندرێت. 
لە کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کە بەسەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ بەرێوەچوو، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی تەندروستی و پەروەردەو خوێندن لە هەرێمی کوردستان کرا، دوای ئەوەی هەردوو وەزیری تەندروستی و وەزیری پەروەردە راپۆرتی خۆیان پێشکەشکرد، کۆمەڵێک بڕیار دەرکران.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، یەکەم بڕیار ئەوەیە هەمان رێوشوێنەکانی خۆپارێزی و رێکارەکان بەردەوام دەبێت و رێکارەکانی پەیوەست بە خوێندن لەسەر ئاستی هەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا وەکو خۆی دەمێنێتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێناو پاراستنی خوێندنی ئەمساڵ بۆ ئەوەی نەفەوتێت، هەموو ئەگەرێک لە بەردەستی خۆی دادەنێت، حکومەت دەست کراوە دەبێت بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە بەردەوام بێت.
جووتیار عادل هەروەها رایگەیاند: “بڕیارماندا هەرسێ رۆژی جەژن قەدەخەی سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان رابگەیێنین بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیان، هەروەها هاتووچۆ لەنێوان وڵاتی هیندستان و کوردستان رادەگیرێت، ئەوەی لە وڵاتی هیندستانەوە دێت، دەبێت بۆ ماوەی 14 رۆژ کەرەنتین بکرێت”.