ئەمڕ چوارشەممە ٢٨ی ٤ی٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە میتیا لێسكۆڤار باڵوێزی ڤاتیكان لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا باڵوێزی ڤاتیكان لە عێراق سوپاسی هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی كرد بۆ فراوانكردنی پێكەوەژیان و كراوەیی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان و هەروەها یارمەتیدانی كریستیان و پێكهاتەكان لە كاتی تەنگانە و  هێرشی تیرۆریستان و، وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی سەردانەكەی پاپا فەرەنسیس بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان ڕاشیگەیاند كە ئەو پێكەوەژیانەی لە كوردستان هەیە لە لایەن قەداسەتی پاپا و ڤاتیكان مایەی ئومێد و جێگەی پێزانینێكی زۆرە. ئەوەشی خستەڕوو كە فەرهەنگی یەكترقبووڵكردنی كوردستان وا دەكات كە كریستیانەكان و پێكهاتەكانی تر متمانەیان بە ئاییندەی خۆیان هەبێت.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی سەردانی پاپا فەڕەنسیسی بۆ هەرێمی كوردستان بە مێژوویی وەسف كرد و ڕای گەیاند خەڵكی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانەوە بە سەردانەكەی پاپا خۆشحاڵ بوون. پەیوەست بە كولتووری پێكەوەژیانی خەڵكی كوردستان سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئەو كولتوورە ڕیشەی لە مێژووی دێرینی گەلەكەماندا هەیە و تایییفەگەری و دەمارگیریی ئایینی و نەتەوەیی نەیتوانیوە لە كوردستان هیچ جێگەیەك بكاتەوە. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە ئێمە هەموومان لە مرۆڤایەتیدا برای یەكترین و هەڵسەنگاندنی هەر كەسێكیش دەبێ لەسەر بنەمای ڕەفتارەكەی بێت نەك بیروڕای.