بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان لە بارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە بودجەی ساڵی 2021ـی عێراق، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 23/3/2021، سەمیر هەورامی، گوتەبێژی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستانی24ـی راگەیاند :”بە مەبەستی تەواوکردنی گفتوگۆکان لە بارەی رێککەوتن لەسەر رەشنووسی نوێی ماددەی 11ی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان، لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2021ـی عێراق، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەم زوانە دەچێتەوە بەغدا.

سەمیر هەورامی جەختی كرده‌وه‌، كه‌ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕێکكەوتندایه‌: “حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیی بۆ جێبەجێکردنی یەکێک لەو دوو پێشنیازەی لەبارەی ماددەکەوە خراونەتە ڕوو، دەربڕیوە.

بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەی یاسای بودجەی 2021ـی عێراق کۆببێتەوە.